بوار، تایبەت
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رای گەیاند، شاندێكی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و عێراق سەردانی توركیای كردووە و لەگەڵ وەزارەتی وزەی توركیا تاوتوێی رێككەوتنێكی نوێیان كردووە بۆ بەكارخستنی بۆرییە نەوتەكان و هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێكدا باس لەوە دەكات لە دوو رۆژی رابردوو شاندێكی باڵای عێراق و هەرێمی كوردستان سەردانی ئەنقەرەیان كردووە، شاندەكە لە نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە و نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان پێكهاتووە لەگەڵ وەزارەتی وزەی توركیا تاوتوێی هەناردەی نەوتیان كردووە.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، هاوئاهەنگی و راوێژیی تەكنیكی و یاسایی بەردەوام دەبێت، بە هیوای ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا واژۆ لەسەر پرۆتۆكۆلێكی جێبەجێكاریی بكرێت زامنی بەردەوامی هەناردەی نەوتی عێراق بێت بە هەرێمی كوردستانیشەوە.