گرنگ

وەزارەتی دارایی دەنگۆی دواخستنی مووچە بە "چەواشەکاری" ناو دەبات و ئامانجی سەردانەکەی بەغدا ئاشکرا دەکات

2026-07-04

 

#بوار
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە، گوایە شاندی هەرێم لە بەغدا داوای دواخستنی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی کردبێت، وەزارەتەکە ئەو دەنگۆیانە بە "هەڵمەتێکی چەواشەکارانە" وەسف دەکات و جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکاتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە و تێیدا هاتووە "پەتی درۆ کورتە"، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زانیاریی ناڕاست لەسەر سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا بڵاوکراوەتەوە.

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەرکەس و لایەن و میدیایەک باسی ئەوەی کردبێت شاندی هەرێم داوای نەناردنی مووچەی کردووە، ڕاست ناکات و درۆیە، شاندی هەرێم و وەزارەتی دارایی بەتەواوی پابەندن بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە کە پرسی مووچەی لە هەموو کێشە و بابەتێکی سیاسی و تەکنیکی بەدەر کردووە."

وەزارەتی دارایی ئاشکرای کردووە، ئەرک و ئامانجی سەرەکیی دواین سەردانی شاندەکەیان بۆ بەغدا، تەنها پەیوەست بووە بە چارەسەرکردنی ئەم سێ پرسە تەکنیکی، ئەوانیش کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی ئاسیکۆدا، کێشەکانی پەیوەست بە باج و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کێشەکانی تایبەت بە لێخۆشبوونی گومرگی، پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و پرسی کوالێتی کۆنترۆڵ.

سەبارەت بە پرسی داهاتی ناوخۆ، بەشێکە لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەزارەتەکە ڕوونیکردووەتەوە لە پەراوێزی سەردانەکەدا، لە کۆبوونەوەیەکی لاوەکیدا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە کراوە. شاندی هەرێم داوای کردووە بەپێی یاسای بودجە و یاسای ئیدارەدانی دارایی مامەڵە لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێم بکرێت، بە جۆرێک کە 50٪ـی داهاتە ناوخۆییەکان بدرێتە حکومەتی فیدراڵی، ئەمەش لەسەر بنەمای "ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی وەڵامی ئەو پاساوانە دەداتەوە، داهاتی ناوخۆ دەبەستنەوە بە ناردنی مووچەوە و ئاماژە بەوە دەکات: "بەوپێیەی داهات تا کۆتایی مانگ بەتەواوی کۆنابێتەوە، لە ڕووی کارگێڕیشەوە ئامادەکردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە دەکەوێتە 10 ڕۆژی سەرەتای مانگی دواترەوە. کاتێک داهات کۆنەبووبێتەوە و ڕاپۆرتەکەش ئامادە نەبێت، چۆن دەکرێت بەو بیانووەوە مووچەی هاووڵاتییان ڕابگیرێت و دوابخرێت؟".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color