بوار، تایبەت
بانكی ناوەندی عێراق قەبارەی نەختینەو پارەی چاپی عێراقی بەڕێژەیەكی بەرچاو زیاد كردوە قەبارەی پارەی چاپ و نەختینە لە چەند ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی 40 لەسەد زیادی كردووە .
بەگوێرەی زانیارییەكانی بوار، تا پێش سێ ساڵ قەبارەی پارەی چاپی عێراقی 82 تریلیۆن دینار بوو بەڵام لەناوەڕاستی 2026 گەیشتووەتە 115 تریلیۆن دینار، هاوكات پێشتر بەركەوتەی تاكی عێراقی لە قەبارەی نەختینە یەك ملیۆن و 850 هەزار دینار بوو بەڵام ئێستا دوو ملیۆن و نیو دیناری تێپەڕاندووە.
ئەوەشهاتووە، لە دوو ساڵی ڕابردوو بانكی ناوەندی تەنها دراوەكانی جۆری 50 هەزاری و 25 هەزاری چاپ كردووە بەجۆرێك تا 2024 بڕی 319 ملیۆن دانە 50 هەزاری چاپ كرابوو بەڵام ناوەڕاستی ئەمساڵ ژمارەی چاپی دراوی 50 هەزاری گەیشتووەتە 941 ملیۆن دانە و قەبارەی دراوی 50 هەزاری چاپكراو 47 تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە كە نزیكەی 40 لەسەدی چاپی دراوی عێراقی پێكدێنێت.
بوار ئەوەشی زانیوە، هەمان دۆخ بۆ دراوی 25 هەزاریش هەیە و سێ ساڵە بانكی ناوەندی تەنها ئەو دوو جۆرەی دراو چاپ دەكات و جۆرەكانی دە هەزاری و پێنج هەزاری و پارەی وردەی 1000 دیناری و 500 دیناری و 250 دیناری چاپ ناكات ، هاوكات پێشتر بەركەوتەی تاك 120 دراوی كاغەز بوو بەڵام ئێستا بەرز بووەتەوە بۆ سەروی 140 دراو و قەبارەی كاغەزی چاپكراو شەش ملیار و 700 ملیۆنی تێپەڕاندووە