#بوار
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانى هەرێمی کوردستان، بێدەنگیی شکاند و لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (ئەلجەزیرە)ـی قەتەری، پەردەی لەسەر چەندین دۆسیەی هەستیار و پڕ کێشمەکێش هەڵماڵی.
مەسرور بارزانی لەچاوپێکەوتنەکەدا ئامارێکی مەترسیداری درکاند و ئاشکرای کرد، کە کوردستان بووەتە ئامانجی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، کە زیاتر لە هەزار هێرش لە ماوەکانى رابردوو کراون.
مەسرور بارزانى بە ڕوونی پەنجەی خستە سەر سەرچاوەی هێرشەکان و جەختی کردەوە، بەشێکیان ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراون، بەشەکەی دیکەشیان لە ناوخۆی عێراقەوە لە ڕێگەی چەند گرووپێکی چەکدارەوە جێبەجێ کراون.
لە وەڵامى ئەو تۆمەتانەی، کە ساڵانێکە لەلایەن سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێنە بیانوو بۆ پەلاماردانی هەولێر، سەرۆکی حکوومەت هەموو شتێکی یەکلا کردەوە، ئەو بە توندی هەبوونی هەر جۆرە پەیوەندییەکی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیلی ڕەتکردەوە و وەبیری هێنایەوه، کە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوە، لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکوومەتی فیدراڵیی بەغدادایە.
لە هەمان کاتدا، پڕوپاگەندەی گرووپە چەکدارەکانی ناوخۆی عێراقى رەتکردەوە و ڕایگەیاند؛ بنکەی ئاسمانیی هەریر ماوەی 10 ساڵە هیچ هێزێکی ئەمریکیی تێدا نەماوە، بەمەش بەتەواوی ئەو بیانووەی بەتاڵ کردەوە، چەندان جار کراوەتە هۆکارێک بۆ هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ئەو بنکە سەربازییە.
سەرۆکوەزیران پەیامێکی دڵنیاشیدا بەوەى ، کاری لەپێشینەیان پاراستنی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەیەتی لە ئاڵۆزییەکان، هەروەها دووپاتی کردەوە، هەرێم بە هیچ شێوەیەک نایەوێت ببێتە بەشێک لە ململانێ و ئاگری جەنگی ناوچەکە، ڕوونیشی کردەوە هیچ لایەنێکیش گوشاری نەخستووەتە سەر هەولێر بۆ تێوەگلان لەو جەنگە.
هاوکات، پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق ڕاگەیاند لە پێناو کۆنترۆڵکردنی چەک و هێشتنەوەی بەدەست هێزە فەرمییەکانی دەوڵەتەوە.
مەسرور بارزانى بارزانی پەیوەندییەکانی هەرێمی لەگەڵ سووریا بە باش وەسف کرد، پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ تورکیا بە "زۆر باش" ناوزەد کرد، کە ئاستێکی بەرزی هاوکاری لە نێوانیاندا هەیە.
