دادگای ڕەسافە لە بەغدا، بڕیارێکی نوێی ئاڕاستەی کەیسی نێوان دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق (CMC) و کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم کرد، بەپێی بڕیارەکە دادگا ئەو فەرمانە وەلائیەی هەڵوەشاندەوە کە پێشتر ڕێکارەکانی دەستەکەی دژی کۆڕەک ڕاگرتبوو، ئەم هەنگاوە دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان دەستکراوەتر دەکات بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و ئیداری زیاتر بەرامبەر کۆمپانیاکە.
بەڵگەنامە فەرمییەکانی دادگاکە کە بە ڕێکەوتی ٢٤ی ئابی ٢٠٢٦ دەرچوون، ئاماژە بەوە دەکەن کە دادگا دوای دادبینی و پێداچوونەوە، تانەدانی دەستەی ڕاگەیاندنی پەسەند کردووە و فەرمانی وەلائیی پێشووی ڕەتکردووەتەوە. دادگا ڕایگەیاندووە کە فەرمانە وەلائیەکە بنەمای یاسایی پێویستی نەبووە، بەوەش کۆسپەکانی بەردەم دەستەی ڕاگەیاندن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دژی کۆڕەک لادران.
سەرباری دەربوونی ئەم بڕیارە و دەستکراوەیی دەستەی ڕاگەیاندن لە ڕێکارەکانیدا، بەپێی یاسای دادبینیی شارستانی، ئەم بڕیارەی دادگا پلەی کۆتایی نییە و هێشتا ڕێگە بە لایەنی زیانلێکەوتوو دراوە تانە (تەمییز) لە بڕیارەکە بدات.