سیستەمێکی هەستیاری تایبەت بە داتای هاوڵاتییانی کوردستان و عێراق بازرگانی پێوە دەکرێت و دەفرۆشرێت
لە پەرەسەندنێکی مەترسیداردا لە دۆسیەی ئاسایشی زانیاریدا، زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان دەخەنە ڕوو کە سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی هەستیار بە ناوی (چاوی دەوڵەت) دروستکراوە کە سەرجەم داتاکانی گشت هاوڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستانی لەخۆ گرتووە. بەپێی بەدواداچوونەکان، ئەم سیستەمە لەلایەن کەسێکی داواکراوەوە دیزاین و دروستکراوە، کە هاوکات سەرۆک و دامەزرێنەری گرووپێکی هاککەری تاوانکارییە بە ناوی (سایبەر دراگۆنز).
ئەم گرووپە هاککەرە پێشتر بە دەیان هێرشی ئەلیکترۆنیی ئاراستەکراو بۆ سەر دامودەزگا حکومی و فەرمییەکان هەستابوون و بەرپرسیار بوون لە دزەپێکردنی دەیان زانیاری و داتای هەستیار، کە دواتر لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرمەکانی ئینتەرنێتەوە خرۆشراونەتەوە و فرۆشراون، ئەمەش ئاستبەرزیی مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی و زانیاری هاوڵاتییانی خستووەتە ڕوو.
سەبارەت بە هەنگاو و رێکارە ئەمنییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم پێشێلکارییە گەورەیە، «بوار نیوز» پەیوەندی بە دەزگای ئاسایشی سلێمانییەوە کرد. لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ بوار نیوز، ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند:
«ئێمە تەواو ئاگەداری بابەتەکەین و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەولێر لەسەر هێڵین بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی.»
هەروەها سەرچاوەکەی ئاسایش ئاماژەی بەوە دا کە لە ئێستادا لێکۆڵینەوەیەکی ورد بەڕێوەدەچێت و چەندین ئەندامی سەر بەو باندە تاوانکارییە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. سەرچاوەکە جەختی لەوەش کردەوە کە هێزە ئەمنییەکان بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون و لە کاتی هەبوونی بچووکترین زانیاری لەسەر سەرۆکی باندەکە و کەسایەتییە سەرەکییەکان، بە زووترین کات ڕادەستی یاسا دەکرێن.
مەترسییەکانی بەکارهێنانی داتای گشتی
شارەزایانی بواری ئاسایشی سایبەری هشداری دەدەن کە دروستکردنی سیستەمێکی لەم شێوەیە لەلایەن گرووپە تاوانکارییەکانەوە دەتوانێت بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن، فێڵ و فەرەنچە و پێشێلکردنی ژیانی تایبەتی هاوڵاتییان بەکاربهێنرێت. چاودێران پێیان وایە هەماهەنگیی ئەمنی لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم بۆ بنەبڕکردنی ئەم چالاکییە نایاساییانە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ئاسایشی زانیاریی هاوڵاتییان.

