گرنگ

بوار وردەكاری كۆبوونەوە نهێنییەكانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ئاشكرا دەكات

2026-10-12

 

#بوار
دوای نزیکەی دوو ساڵ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، وا بڕیارە لە ماوەی دوو رۆژدا کۆبوونەوەیەکی بچووککراوە و گرینگ لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجام بدرێت.

بەپێی زانیارییەكانی بوار، كۆبونەوەكە لە نێوان بارزانییەكان و تاڵەبانییەكان بەڕێوەدەچێت و ئامانجی سەرەکییش لە كۆبونەوەكە گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی سیاسی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بەپێی زانیارییەكانی بوار، تا ئێستا كۆبونەوەیەكی بچووككراوە لە نێوان پارتی و یەكێتی بەڕێوەچووە كە نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتی پارتی كردووەو بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی نوێنەرایەتی یەكێتییان كردووە. لە یەكەمین كۆبونەوەدا لێكتێگەیشتنی زۆر لەنێوان هەردوولا دروست بووەو چاوەڕێ دەكرێت لە كۆبوونەوەی دووەم هەردوولا بگەن بە ڕەشنوسێكی هاوبەشی ڕێككەوتن.

بەپێی زانیارییەكان، بەپێی رەشنوسی ڕێككەوتنەكە هەردولا لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون كە دوو دەسەڵاتی جیاواز لە دوو زۆنی جیاواز هەبێت، بەڵام لە ژێر چەتری حکومەتێکی یەکگرتوو و پەرلەمانێکی شکڵیدا بێت.

بەپێی زانیارییەكان، بناغەی ئەم دابەشکارییە ماوەی دوو ساڵە بەشێوەیەكی كرداری جێبەجێدەكرێت و هەردوو حزب لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا، بە پشتبەستن بە داهاتی دەروازە سنوورییەکان و سەرچاوەکانی دەسەڵات، بەشێک لە پڕۆژە و کاروبارەکانیان بە شێوەیەکی جیاواز بەڕێوە دەبەن.


لەلایەکی دیکەوە، پرسی ئەمنی هێشتا یەکێکە لە گرنگترین گرێ و بەربەستەکانی نێوان پارتی و یەکێتی. ئەگەر هەردوولا بتوانن لەسەر ئەم پرسە بگەنە ڕێککەوتن، ڕێگا بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی پێکهێنانی حکومەت خۆش دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە کابینەی ئێستا لە قۆناغێکی هەستیار و سەروبەندی تەواوبووندایە. سێ مانگی داهاتوو بۆ هەرێمی کوردستان چارەنووسسازن و هەردوو حزبیش لەژێر فشاری سیاسی و ئابووریدان.

هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئاساندا نییە و بەردەوامبوونی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە.

ئەگەر هیچ بەربەستێکی ئەمنی و سیاسی نەیەتە پێش، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێشهاتێکی نوێ ڕووبدات.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color