#بوار
دوای حەوت دەیە لە گرژی، پچڕانی دیپلۆماسی و نەهامەتیی بەردەوام، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و دیمەشق هەڵدەدرێتەوە.
لە چاوپێککەوتنێکی نوێدا لەگەڵ کەناڵی دیجلە، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا پەیامێکی ستراتیژی و ڕوونی ئاراستەی دراوسێ مێژوویییەکەی کرد و ڕایگەیاند کە پەیوەندیی نێوان گەلان و دەوڵەتان نابێت بە (میزاجی سیاسی) بەڕێوەبچێت، بەڵکوو کاتی ئەوە هاتووە بەرژەوەندییە هاوبەشە ئابوورییەکان ببنە بنەمای یەکلاکەرەوەی هاوپەیمانییەکان.
شەرع لە وتەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگاکانی ناوچەکە ماندوون لە قەیرانی بێکۆتا و شایستەی ژیانێکی شکۆمەندانە، خۆشگوزەرانی و گەشەپێدانی بەردەوامن. سەرۆککۆماری سووریا پەردەی لەسەر هاوکێشەیەکی جوگرافیی زۆر گرنگ لادا و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دەتوانێت وەک دەروازەی سەرەکیی دەریایی کار بۆ عێراق بکات؛ ئەمەش دەرفەتێکە کە لە ماوەی 70 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی شەڕ و کێشە سیاسییەکانەوە لەدەست درابوو، بەڵام ئەمڕۆ زەمینەی گەشەسەندنی بۆ ڕەخساوە.
ئەم پەیامە گرنگە تەنیا قسەی سەر کاغەز نییە؛ بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەنگاوێکی تەواو مێژووییدا بگاتە شاری دیمەشق و ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریا کۆببێتەوە.
ئەم سەردانە یەکەمین هەنگاوی فەرمیی لەو شێوەیەیە لە دوای گۆڕانی دەسەڵات لە سووریا، و وەک بەردی بناغەی قۆناغێکی نوێ لێکدەدرێتەوە کە دەتوانێت تەواوی هاوکێشە بازرگانی، ئابووری و ترانزێتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا بگۆڕێت.
