گرنگ

بوار هەوڵێکی یەکێتی بۆ هەرزانکردنی نرخی کارەبا لە سلێمانی و هەڵەبجە ئاشکرا دەکات

2026-11-09

 
بەپێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی دەست «بوار» کەوتوون، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەنگاوەکانی بۆ گۆڕینی سیستەمی نرخی کارەبا و هەرزانکردنی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستپێکردووە، ئەم هەنگاوە وەک کاردانەوەیەک و پیشاندانی مۆدێلێکی جیاوازی حوکمڕانی لە بەرامبەر پارتیی دیموکراتیی کوردستان.
زانیارییەکانی «بوار» ئاماژە بەوە دەکەن، ناوەڕۆکی پلانەکەی یەکێتی کارکردنە لەسەر پێداچوونەوە بە نرخی کارەبا لە چوارچێوەی «پڕۆژەی ڕووناکی».
هەر بەپێى زانیارییەکان، یەکێک لە سەرەکیترین ئەو پێشنیارانەی، کە ئێستا لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی یەکێتیدا خراوەتە بەرباس، بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی نرخی ئێستای کیلۆوات-کاتژمێر و جێگیرکردنی پێوەرێکی نوێ بۆ نرخەکان.
بوار زانیویەتى، بەگوێرەی پێشنیارە نوێیەکە، نرخی کارەبا لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بە جۆرێک دادەڕێژرێتەوە، کە تەنها «تێچووی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنان و دابینکردنی کارەبا» لەخۆبگرێت، بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک وەک قازانجی بازرگانی و زیادە بخرێتە سەر شانی هاووڵاتیان و بەشداربووان.
ئەم جووڵەیەی یەکێتی لە دوای ڕووداوەکانی ٤ـی نۆڤەمبەر و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دێت، کە بەپێی بەدواداچوونەکانی «بوار»، یەکێتی دەیەوێت لەم قۆناغە نوێیەدا لە ڕێگەی دۆسیەی خزمەتگوزارییە هەستیارەکانەوە دوو ئامانجی سەرەکی بپێکێت، کە یەکەم، کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی و ڕاکێشانی سۆزی شەقام و کەمکردنەوەی ئەو فشارە ئابوورییەی، کە بەهۆی بەرزیی نرخی کارەبای نیشتمانی (پڕۆژەی ڕووناکی) کەوتووەتە سەر خێزانەکان لە زۆنی سەوز.
دووەمیش، یشاندانی جیاوازی لەگەڵ پارتی، دروستکردنی وێنایەکی جیاواز لە شێوازی بەڕێوەبردنی کەرتی گشتی و خزمەتگوزارییەکان لە بەرامبەر سیاسەتەکانی پارتی، کە پێداگیرە لەسەر جێبەجێکردنی نرخی ئێستای پڕۆژەی ڕووناکی لە سەرجەم ناوچەکاندا.
سەرەڕای بوونی ئیرادەی سیاسی لەلایەن یەکێتییەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژەیە، بەڵام جێبەجێکردنی لەسەر زەویی واقیع بێ گرێ و گۆڵ نییە، زانیارییەکانی «بوار» دەریدەخەن، تیمە تەکنیکی و یاساییەکان لەبەردەم دوو ئاڵنگاریی سەرەکیدان پێش ڕاگەیاندنی فەرمیی بڕیارەکە، کە یەکێکیان لێکدانەوەی وردی داراییە و پێویستە بە شێوەیەکی زانستی و ورد، تێچووی ڕاستەقینەی سێ قۆناغی سەرەکی (بەرهەمهێنان، گواستنەوە، دابەشکردنی کارەبا) لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دیاری بکرێت، تاوەکو کورتهێنان لە بودجەی بەگەڕخستنی وێستگەکاندا دروست نەبێت، دووەمیش، دەسەڵاتی یاسایی و کارگێڕییە، کە یەکلاکردنەوەی چوارچێوە یاساییەکەی، بەوەى ئایا دەسەڵاتی گۆڕینی نرخی کارەبا لە دەستی ئیدارەی خۆجێیی و ئەنجوومەنی پارێزگاکاندایە، یاخود پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی کارەبا، یان دەرکردنی یاسا و ڕێنمایی نوێ لە پەرلەمانی کوردستانەوە هەیە.
چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا، ئەم هەنگاوەی یەکێتی کاردانەوەی نوێی لەسەر ئاستی حکومەت و پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لێ بکەوێتەوە، بەتایبەت کە پرسی کارەبا و نرخی پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە بابەتە هەرە گەرمەکانی پەیوەست بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color