گرنگ

قوباد تاڵەبانی پاشگری جێگری سەرۆکوەزیرانـی لابرد

2026-11-09

 
هەنگاوە نوێیەکانی قوباد تاڵەبانی دوای کشانەوەی یەکێتی چییە.. بوار زانیاریی نوێ ئاشکرادەکات
دوای بڕیاری فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کشانەوە لە کابینەی نۆیەم، قوباد تاڵەبانی پاشگری «جێگری سەرۆکوەزیران»ـی لەسەر ناوەکەی لابردووە و ماوەی چوار ڕۆژیشە هیچ بڵاوکراوەیەکی لە پەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نەبووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانى بوار، قوباد تاڵەبانی، کە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە کابینەی نۆیەمدا هەبوو، وەک هەنگاوێکی کردەیی دوای بڕیاری حیزبەکەی بۆ کشانەوە لە حکومەت، دەستبەرداری بەکارهێنانی ناونیشانە حکومییەکەی بووە.
لە نوێترین پێشهاتدا، شەوی ڕابردوو قوباد تاڵەبانی پەیامێکی هاوخەمیی ئاراستەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی شاری هەولێر کرد؛ ئەوەی لە پەیامەکەدا جێگەی سەرنج بوو، ناوبراو تەنیا ناوی خۆی بەکارهێناوە و بە هیچ شێوەیەک پاشگری «جێگری سەرۆکوەزیران»،ی لەگەڵ ناوەکەیدا دانەناوە.
هاوکات، دوێنێ بۆ یەکەمجار لەدوای ڕاگەیاندنی بڕیاری کشانەوەی یەکێتی لە حکومەت، قوباد تاڵەبانی لە دەباشان لە شاری سلێمانی دەرکەوت و سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی تیمی بەرپرسانی یەکێتی لە حکومەت کرد.
خاڵێکی دیکەی جێی تێبینی، بێدەنگیی پەڕەی فەرمیی قوباد تاڵەبانییە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک؛ ناوبراو لە شەوی هەینیی ڕابردووەوە، دوای هاوبەشیکردنی (شەیرکردنی) پەیامە ڤیدیۆییەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە هەڵوێستی حیزبەکەی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان، ماوەی چوار ڕۆژە هیچ پۆست و چالاکییەکی دیکەی لە پەڕەکەی بڵاونەکردووەتەوە.
ئەم هەنگاوانە دوای ئەوە دێن، کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، پارتیی دیموکراتیی کوردستان بە هاوکاریی چەند لایەنێک و بەشداریی سێ پەرلەمانتاری یەکێتی، سێ پەرلەمانتاری نەوەی نوێ و دوو پەرلەمانتاری ڕەوتی هەڵوێست، بەبێ بەشداریی فەرمیی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوای دوو ساڵ لە پەککەوتنی، پەرلەمانی کوردستانیان کاراکردەوە.
ئەو هەنگاوە ناڕەزایەتیی توندی بەرپرسانی باڵای یەکێتی لێکەوتەوە و لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوودا، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبەکە بڕیاری کۆتایی دا بە کشانەوە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color