گرنگ

بوار پلانێکی نوێی یەکێتی ئاشکرا دەکات؛

2026-11-09

 
بوار پلانێکی نوێی یەکێتی ئاشکرا دەکات؛ جێبەجێکردنی بەشێک لە بڕیارەکانی باج لە زۆنی سەوز ڕادەگیرێت
یەکێتی جووڵەیەکی نوێ دەکات و کۆمەڵێک بڕیاری باج و ڕسووماتی حکومەتی هەرێمى کوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە.
بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی (بوار)، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوارچێوەی زنجیرەیەک هەنگاوی سیاسی و ئیداریی چاوەڕوانکراودا بۆ قۆناغی دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، تاوتوێی پلانێکی نوێ دەکات بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوە، یان ڕاگرتنی جێبەجێکردنی کۆمەڵێک بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە تایبەتن بە سەپاندن و زیادکردنی باج و ڕسوومات.
زانیارییەکانی (بوار) ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم پلانە نوێیەی یەکێتی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین دەگرێتەوە.
هەر بەپێى زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکی لە پشت ئەم هەنگاوەوە بۆ دوو ڕەهەندی ئابووری و سیاسی دەگەڕێتەوە؛ لە لایەکەوە یەکێتی دەیەوێت بارگرانیی دارایی لەسەر شانی هاووڵاتیان و کەرتی بازرگانی لە سنووری قەڵەمڕەویی خۆیدا کەم بکاتەوە و بازاڕی ناوچەکە ببووژێنێتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە دەیەوێت وێنەی جیاوازیی شێوازی حوکمڕانیی خۆی لەگەڵ سیاسەتی ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتیی دیموکراتیی کوردستان پێشان بدات.
ئەگەر ئەم پلانەی یەکێتی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێتە یەکێک لە گۆڕانکارییە هەرە بەرچاو و کاریگەرەکان لە شێوازی بەڕێوەبردنی داهاتی ناوخۆ و کۆکردنەوەی ڕسوومات لە ناوچەکانی ژێر کاریگەریی ئەو حزبەدا، بەجۆرێک کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جووڵەی بازرگانی و پەیوەندیی نێوان دامەزراوە خۆجێییەکان و کاسبکاران دەبێت.
لە بەرامبەر ئەم هەنگاوە چاوەڕوانکراوەدا، پێشبینی دەکرێت هەڵوەشاندنەوە یان کارنەکردن بەو بڕیارانە، دەرگا بە ڕووی ناکۆکییەکی نوێی یاسایی و ئیداریدا لەنێوان دەسەڵاتەکانی هەولێر و سلێمانی بکاتەوە، بەو پێیەی سیستەمی باج و ڕسوومات بەشێکی سەرەکییە لە پەیکەری دارایی ناوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر جۆرە دەستکاریکردنێکی تاکلایەنەی ئەو بڕیارانە لە دەرەوەی ئەنجومەنی وەزیران یان وەزارەتی دارایی، ڕووبەڕووی کاردانەوەی یاسایی و کارگێڕیی هەولێر دەبێتەوە.
سەرەڕای ئامادەکارییە سەرەتاییەکان بۆ خستنەبەرباسی ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ دەستبەکاربوونەوەی پەرلەمان، بەپێی بەدواداچوونەکانی (بوار)، تائێستا لیستی کۆتایی ئەو باج و ڕسووماتانەی بڕیارە هەڵبوەشێنرێنەوە بە تەواوی یەکلایی نەکراوەتەوە، هاوکات بنەما و دەرچە یاساییەکانی جێبەجێکردنی پلانەکەش لە ڕووی دەسەڵاتی کارگێڕیی پارێزگاکان یان لە ڕێگەی یاسادانانەوە لە پەرلەمان، بە فەرمی ڕوون نەکراونەتەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color