تەنها چەند کاتژمێرێک پێش هێرشە سەختەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بڵاوبوونەوەی لێدوانێکی توند و پڕ لە کۆدی بەرپرسی ئەمنیی کەتائیبی حزبوڵای عێراقی، ڕێڕەوی خوێندنەوەکانی لەسەر سروشت و ئامانجی پشت هێرشەکان گۆڕی و پەردەی لەسەر ململانێیەکی قووڵی هەواڵگری و میلیشیایی لە بەغدا هەڵدایەوە.
ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتائیبی حزبوڵای عێراقی، لە پەیامێکی پڕ هەڕەشە، کە ئاراستەی عەلی زەیدی کردووە، تۆمەتێکی مەترسیداری خستە پاڵ ناوبراو و ڕایگەیاند: "نامانەوێت دۆسیەی هێرشەکانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەین، کە بە مەبەستی پاشقۆڵگرتن و گوشارخستنە سەر ئیمارات ئەنجام دەدرێن؛ ئەوەشی ماڵی لە شووشەیە، با بەرد نەگرێتە کەس."
ئەم پەیامە توندە دوای ئەوە هات، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ حوسێن حەمیداوی، کوڕی بەرپرسی کەتائیبی حزبوڵا دەرکرا، ئەمەش گرژییەکانی نێوان ئەو گرووپە و زەیدی گەیاندووەتە لوتکە.
بەکارهێنانی دەستەواژەی "ماڵت لە شووشەیە" لەلایەن بەرپرسە ئەمنییەکەی حزبوڵاوە، ئاماژەیەکی ڕوون و ناڕاستەوخۆیە بۆ تێوەگلان یان لایەنی کەم ئاگاداربوونی وردی عەلی زەیدی لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی هێرشەکانی سەر کۆرمۆر.
بەگوێرەی خوێندنەوە ئەمنییەکان، ئەگەر ئەم تۆمەتانە بنەمای ڕاستییان هەبێت، ئەوا هێرشەکانی سەر کۆرمۆر لە کردەیەکی سەربازیی ڕووتەوە دەگۆڕێن بۆ کارتێکی فشاری سیاسی و ئابووریی هەرێمایەتی.
لێدوانەکەی ئەبو موجاهید جگە لەوەی هەوڵێکە بۆ بێبەریکردنی ناڕاستەوخۆی کەتائیبی حزبوڵا لە هێرشەکە، هاوکات دوو سیناریۆی مەترسیدار دەخاتە بەردەم ڕای گشتی، سیناریۆی یەکەم: بوونی گرووپێکی میلیشیایی تایبەت یان لایەنێک کە عەلی زەیدی بە باشی دەیانناسێت و پەیوەندیی لەگەڵیان هەیە، کە ئەم هێرشانە وەک کارتی فشار بۆ بەرژەوەندیی دیاریکراو ئەنجام دەدەن.
هەرچی سیناریۆی دووەمە، ئاگاداربوونی ڕاستەوخۆی خودی زەیدی لە زانیارییە ورد و نهێنییەکانی ئەم دۆسیە مەترسیدارە و بەکارهێنانی وەک ئامرازێک لەناو کێشمەکێشە ناوخۆیی و هەرێمییەکاندا.
ئەم پێشهاتانە دەریدەخەن، کێڵگەی غازی کۆرمۆر چیتر تەنها ئامانجێکی ئەمنی و دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنانی وزە نییە، بەڵکو بووەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی حساباتی گرووپە میلیشیاییەکان.
بەکارهێنانی کۆرمۆر وەک ئامرازی گوشارخستنە سەر ئیمارات و تێوەگلانی ناوی بەرپرسە ئەمنییەکان لە کاتی وەڵامدانەوەی یەکتردا، هۆشدارییەکی جددییە بۆ هەرێمی کوردستان؛ بەو پێیەی ململانێی هێزەکانی بەغدا گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و ئاسایشی وزەی هەرێمی خستووەتە بەردەم هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ و بەردەوام