لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرقاڵی ململانێیەکی قووڵی سیاسین لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، واشنتۆن پلانێکی ستراتیژیی نوێی خستووەتە بەردەم بەغدا، کە ڕاستەوخۆ پێگەی ئابووری و بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر مەترسییەوە.
بە گوێرەى زانیارییەکان، ئەمریکا بە فەرمی داوای لە حکومەتی عێراق کردووە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دابخات و تەنها دوو دەروازەی فەرمی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هێنانی کاڵا بهێڵێتەوە.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پەردەی لەسەر ئەم داواکارییە فەرمییەی واشنتۆن لادا و ڕایگەیاند، ئەمریکا جەختی لە سنووردارکردنی تەواوەتیی جموجۆڵی بازرگانی و هاتووچۆ لەگەڵ ئێران کردووەتەوە.
لەگەڵ ئاشکراکردنی ئەم پێشهاتەدا، هێشتا چەندین پرسیاری جەوهەری بە نادیاری ماونەتەوە؛ وەزیری دەرەوە ئاماژەی بە ناوی ئەو دوو دەروازەیە نەکردووە، کە بڕیارە بهێڵدرێنەوە، هەروەها هیچ زانیارییەکی لەسەر دواوادەی جێبەجێکردنی بڕیارەکە و هەڵوێستی کۆتایی بەغدا لەبارەی ڕەزامەندیدان یان ڕەتکردنەوەی داواکارییەکە نەخستووەتە ڕوو.
بەگوێرەی بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییەکانی «بوار»، نەخشەڕێگەی جێبەجێکردنی داواکارییەکەی ئەمریکا بە جۆرێک داڕێژراوە، کە لە کۆی سەرجەم دەروازەکان، تەنها یەک دەروازەی سنووری لە باشووری عێراق و یەک دەروازەش لە هەرێمی کوردستان بە کراوەیی بمێننەوە.
ئەم سیناریۆیە هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم هاوکێشەیەکی ئاڵۆزەوە؛ چونکە لە ئێستادا جگە لە مەرزە لاوەکی و نافەرمییەکان، هەرێمی کوردستان خاوەنی سێ دەروازەی نێودەوڵەتیی فەرمییە لەگەڵ ئێران، کە دابەشبوون بەسەر هەردوو زۆنی دەسەڵاتی سیاسیدا:
دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران: دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر و لەژێر قەڵەمڕەویی پارتی دیموکراتی کوردستاندایە.
دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان: دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و لەژێر قەڵەمڕەویی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندان.
خاڵی هەرە هەستیار لەم پلانە نوێیەدا بریتییە لە یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ئەو تاکە دەروازەیەی کە لە هەرێمی کوردستاندا دەمێنێتەوە. ئەگەر پلانەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا دەروازە کراوەکە لە سنووری دەسەڵاتی پارتی دەبێت یاخود لە سنووری دەسەڵاتی یەکێتی؟ یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە ئەگەری سەرهەڵدانی گرژییەکی نوێی سیاسی و ئابووری لە نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتداردا دێنێتە ئاراوە، بەوپێیەی داهاتی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان یەکێکە لە سەرچاوە داراییە سەرەکییەکانی هەردوو زۆنەکە.
داخستنی دەروازە سنوورییەکان و کورتکردنەوەی هەموو جموجۆڵێکی بازرگانی لە یەک خاڵی سنووریدا، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و خێرای لەسەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی خستنەڕووی کەلوپەل، گرانبوونی تێچووی گواستنەوە و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کاڵا و پێداویستییە ڕۆژانەکان لەسەر شانی هاووڵاتییان.
سەرەڕای قەبارەی ئەم مەترسییە ئابووری و ستراتیژییە، تا ئێستا پارتی و یەکێتی هیچ ئامادەکاری و هەڵوێستێکی هاوبەشیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە نیشان نەداوە و بەهۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانیان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی پەرلەمان و کابینەی نوێی حکومەت، لەم گۆڕانکارییە هەستیارەی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر عێراق و هەرێم غافڵگیر بوون