گرنگ

یەکیتی کارکردن بە بەشێک لە بڕیارەکانی مەسرور بارزانی ڕادەگرێت و هەڵیاندەوەشێنێتەوە

2026-11-09

 
بوار پیلانێکی نوێی یەکێتی ئاشکرا دەکات؛ هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی مەسرور بارزانی لە زۆنی سەوز دەدرێت
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە کارکردن بە بەشێک لە بڕیارەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان ڕادەگرێت و هەڵیاندەوەشێنێتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییە تایبەتانەی دەست «بوار» کەوتوون، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوارچێوەی نەخشەڕێگەی نوێی خۆیدا بۆ قۆناغی دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکی یاسایی و ئیدارییە بە مەبەستی پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵێک بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
زانیارییەکانی «بوار» ئاماژە بەوە دەکەن، هەنگاوەکەی یەکێتی بە شێوەیەکی سەرەکی ئەو فەرمان و بڕیارانەی سەرۆکی حکومەت دەگرێتەوە، کە لە دوای تەواوبوونی وادەی یاسایی کابینەی نۆیەم (سەردەمی حکومەتی کاربەڕێکەر) دەرکراون.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، کە بە دیدی یەکێتی، لەدوای کۆتاییهاتنی تەمەنی یاسایی کابینەکە، ئەو بڕیارانە پاڵپشتیی تەواوی یاساییان نییە و پێویستە چاویان پێدا بخشێنرێتەوە.
هەروەها بەپێی وردەکارییەکانی بەردەست «بوار»، یەکێتی دەیەوێت لە قۆناغی یەکەمدا لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین، ڕەوایی یاسایی و ئیداریی ئەو بڕیارانە بخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و وردبینییەوە.
ئامانجی هەنگاوەکەش ئەوەیە لەو سنوورانەدا کارکردن بە بەشێک لەو بڕیارانە بە فەرمی ڕابگیرێت یان بە تەواوی هەڵبوەشێنرێنەوە.
ئەگەر یەکێتی ئەم پلانە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، هاوکێشەی ململانێ سیاسییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەسەردا دێت، ئەم هەنگاوە چەقی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حزب لەسەر پرسی پەرلەمان و چۆنیەتیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەوە، ڕاستەوخۆ دەگوازێتەوە بۆ لێدان لە شەرعییەت و نفوزی بڕیارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکار لەسەر زەمینەی واقیع.
سەرەڕای ئامادەکارییەکانی یەکێتی بۆ ئەم هەنگاوە، بەڵام پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە یان ڕاگرتنی بڕیارە حکومییەکان بێ گرێوگۆڵ نابێت؛ چونکە هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە پێویستی بە دەسەڵاتی یاسایی و تێپەڕاندنی ڕێوشوێنی فەرمی و دامەزراوەیی هەیە، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەم هەوڵەی یەکێتی دەرگا بە ڕووی ناکۆکییەکی نوێی یاسایی و دادوەریدا بکاتەوە و ململانێکە پەل بکێشێت بۆ نێو دادگاکان
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color