#بوار
بەبێ بەشداریی یەکێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سبەی چوارشەممە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و تاوتوێی دوو پرسی گرنگ دەکرێت.
لەم کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی دوو تەوەری سەرەکی و چارەنووسساز دەکرێت؛ تەوەری یەکەم تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی ئەنجامەکانی سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا و دانوستانەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجە و هەنگاوەکانی داهاتووی شاندی دانوستانکاری هەرێم، کە پێشتر ئاماژە بەوە کرابوو ئەنجامی کۆبوونەوەکان دڵخۆشکەر بوون.
تەوەری دووەم، بریتی دەبێت لە تاوتوێکردنی بەپەلەی دۆخی ئەمنی و ئەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، کە لەلایەن وەزیری سامانە سرووشتییەکانەوە ڕاپۆرتی لەسەر پێشکەش دەکرێت.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێیدا بەشدار نییە و بە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دادەنرێت کە بەبێ بەشداریی ئەوان بەڕێوەدەچێت.
