گرنگ

بوار وردەکاریی ڕێککەوتنێکی نوێی پارتی و یەکێتی ئاشکرا دەکات

2026-11-15

 


بەپەلە و تایبەت بە بوار؛ بەشێک لە کادرە مەدەنی و سەربازییەکانی یەکێتی دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان
#بوار
سەرەڕای بەردەوامیی چەقبەستوویی و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان پارتیی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی (بوار)، لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی هەردوولا، بڕیار دراوە ئەمڕۆ یەکشەممە (١٥ـی تشرینی دووەم)، سەرجەم ئەو کادرە مەدەنی و سەربازییانەی پشکی یەکێتی، کە پلەکانیان لە خوار ئاستی بەڕێوەبەری گشتییەوەیە، بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان لە وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی (بوار)، هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕێککەوتنە بۆ کەڵەکەبوونی مامەڵەی هاووڵاتیان و ڕێگریکردن لە پەککەوتنی کاروباری ڕۆژانەی فەرمانگەکان دەگەڕێتەوە.

هەر بەگوێرەى زانیارییەکان، لەم چوارچێوەیەدا، هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، کە کادرانی خوار پلەی بەڕێوەبەری گشتی هەڵگری پۆستی سیاسی نین، بەڵکو فەرمانبەری ئاسایی و کارگێڕین و پێویستە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە خزمەتگوزارییەکانیان بەردەوام بن.

زانیارییەکانی (بوار) ئەوەش دەخەنە ڕوو، گەڕانەوەی ئەم ستافە مەدەنی و سەربازییە بە واتای کۆتاییهاتنی قەیران و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی نایەت؛ چونکە تا ئێستا پرسی گەڕانەوەی وەزیرەکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و شێوازی بەشداریی ڕاستەقینەی یەکێتی لە بڕیاری سیاسیی حکومەتدا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و چارەسەر نەکراوە.

بەپێی ئەم پێشهاتە نوێیە، لە ئێستادا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا پەیڕەوی لە سیاسەتی "دوو ئاراستەیی" دەکات؛ بە جۆرێک لە ئاستی باڵادا کشانەوە و بایکۆتی سیاسی وەک کارتی فشار دەهێڵێتەوە، هاوکات لە ئاستی خوارەوەدا بەردەوامی بە کارە کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکان دەدات تاوەکو پەککەوتنی مامەڵەی هاووڵاتیان نەبێتە بارگرانی بەسەر ململانێ سیاسییەکانەوە

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color