بەپەلە.. وەزیری دارایی عێراق گڵۆپی سەوزی بۆ مووچەی سلێمانی هەڵکرد؛ بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید دەچنە کۆبوونەوەیەکی چارەنووسسازەوە
#بوار
هەوڵەکان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە و وەزیری دارایی عێراقیش ڕەزامەندیی سەرەتایی لەسەر جێگیرکردنی بڕگەیەکی تایبەت بەو پرسە نیشانداوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە (بوار)ی ڕاگەیاند، وەزیری دارایی عێراق هیچ لارییەکی نەبووە لەوەی بڕگەیەکی تایبەت لەناو ڕەشنووسی بودجەی عێراقدا زیاد بکرێت، بە مەبەستی دابینکردنی بودجەی مووچەی فەرمانگەکانی پارێزگای سلێمانی بە شێوەیەکی جیاواز و تایبەت، بەڵام بۆ تێپەڕاندنی ئەم هەنگاوە، وەزیری دارایی مەرجێکی سەرەکیی داناوە؛ ئەویش ئەوەیە دەبێت ئەو بڕگەیە لە کۆبوونەوەی فەرمیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بخرێتە دەنگدانەوە و بە فەرمی پەسەند بکرێت.
زانیارییە تایبەتەکانی (بوار) ئاماژە بەوەش دەکەن، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، ١٦ـی تشرینی دووەم، ئەم دۆسیە هەستیارە ببرێتە سەر مێزی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی (چوارچێوەی هەماهەنگی).
بوار ئەوەشى زانیوە، چاوەڕوان دەکرێت هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بەشداری لەو کۆبوونەوە گرنگەدا بکەن بە مەبەستی دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر پڕۆژەکە.
هەر بەپێى زانیارییەکان، ئەگەر ئەم بڕگەیە لە کۆبوونەوە سیاسی و حکومییەکانی بەغدا پەسەند بکرێت و ڕێوشوێنە پێویستەکانی تەواو بکرێت، ئەوا دەرگا بۆ میکانیزمێکی نوێ و جیاواز دەکرێتەوە، کە لە ڕێگەیەوە مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی ڕاستەوخۆ لە بەغداوە مسۆگەر دەکرێت.
هاوکات، زیادکردنی بڕگەیەکی لەم شێوەیە لە ڕەشنووسی بودجە و خستنەبواری جێبەجێکردنەوە، پێویستی بە تێپەڕاندنی چەندین قۆناغی یاسایی و کارگێڕی هەیە، لە ئێستاشدا هەریەک لە یەکێتی و نەوەی نوێ لە چاوەڕوانیدان تا بزانن ئایا ئەم لێکتێگەیشتن و بەڵێنانەی بەغدا دەبنە بڕیارێکی فەرمی و کردەیی، یان تەنها لە چوارچێوەی گفتوگۆی سیاسییدا دەمێننەوە.
