بوار نهێنیی و هەنگاوەکان و وردەکارى سیناریۆی جیاکردنەوەی سلێمانی ئاشکرا دەکات
#بوار
دوای هەنگاوی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و بڕیاری کشانەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەت، گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی ململانێوە، بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی (بوار)، لە ئێستادا لە ناوەندە سیاسییەکاندا بە چڕی باس لە ئەگەری جیاکردنەوەی پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان و ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی ئەو پارێزگایە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا دەکرێت، بەڵام لەمپەرە یاسایی و دەستوورییەکان ڕێگرن لەبەردەم تێپەڕاندنی خێرای ئەو سیناریۆیەدا.
بەگوێرەی بەدواداچوون و زانیارییەکانی (بوار)، پرسی جیاکردنەوەی پارێزگایەک لە چوارچێوەی هەرێمێکی دەستووریی، پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و تەنها بە بڕیارێکی سیاسی یان پێدانی چەند بەڵێنێک لەلایەن بەغداوە جێبەجێ ناکرێت.
بەپێی ماددەی 119ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق، پێکهێنانی هەرێمێکی نوێ پێویستی بە پێشکەشکردنی داواکاریی فەرمی و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەیە، سەرباری ئەمەش، دەرچوونی پارێزگای سلێمانی لە پەیکەری هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک هەنگاوی یاسایی و کارگێڕیی قورسی لەپێشە؛ لەوانە یەکلاکردنەوەی پرسی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، سەرچاوەکانی داهات، چارەنووسی دامەزراوە فەرمییەکان و کێشانی سنوورە کارگێڕییەکان، بۆیە، تەنانەت لە ئەگەری هەبوونی بەڵێنی سیاسیش لەلایەن لایەنەکانی بەغداوە، جیاکردنەوەی سلێمانی لە هەرێم کارێک نییە لە ماوەی چەند ڕۆژێک یان بە بڕیارێکی کتوپڕ یەکلایی بکرێتەوە.
لە بەرامبەر جموجۆڵەکانی یەکێتیدا، زانیارییەکانی (بوار) ئاماژە بەوە دەکەن، پارتیی دیموکراتیی کوردستان لە ئێستادا پەیرەوی سیاسەتی "پشوودرێژی و چاوەڕوانی" دەکات، پارتی هیچ پەلەیەکی نییە لە تێپەڕاندنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و ڕاسپاردنی سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
بەپێی هەڵسەنگاندنە سیاسییەکان، کە دەست (بوار) کەوتوون، سەرکردایەتیی پارتی لەم قۆناغەدا زیاتر چاودێریی هەنگاوەکانی داهاتووی یەکێتی دەکات، تا بۆی ڕوون ببێتەوە ئایا یەکێتی تا کۆتایی لەسەر هەنگاوەکانی بۆ دروستکردنی گوشار بەردەوام دەبێت، یاخود دواجار ناچار دەبێت بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
بوار ئەوەشى زانیوە، لەسەر ئاستی باڵای هەردوو حزب، هەوڵەکان بۆ شکاندنی بەستەڵەکی سیاسی هێشتا بێ ئەنجامن، هەرچەندە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی ، بە فەرمی داوای لە پارتی و یەکێتی کردووە، پێکەوە دابنیشن و لە ڕێگەی دیالۆگەوە کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بهێنن، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، ئەو بانگهێشتە گشتییەی بارزانیی بە هەنگاوێکی جدی و کردەیی لێکنەداوەتەوە.
بەوهۆیەشەوە تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ و یەکلاکەرەوە لەنێوان هەردوولادا دەستی پێ نەکردووە کە ببێتە دەرچەیەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە.
کۆی گشتیی دیمەنە سیاسییەکە لە ئێستادا لە چوارچێوەی سێ هاوکێشەی سەرەکیدا قەتیس ماوە و چارەنووسی دۆخەکە بەم سێ خاڵەوە گرێدراوە، یەکەم، ئاستی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بەغدا: تا چەند حکومەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئامادەن لە ڕووی کردەییەوە پشتگیری لە هەنگاوەکانی یەکێتی و مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سلێمانی بکەن.
دووەم، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی: ئەو بڕیارە یاسایی و دەستوورییانەی کە لە داهاتوودا لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقەوە سەبارەت بە پرسەکانی هەرێم دەردەچن.
سێیەمیش، مێزی گفتوگۆی هەولێر و سلێمانی: ئایا لە کۆتاییدا پارتی و یەکێتی دەگەنە ئەو بڕوایەی کە سازش بۆ یەکتری بکەن و جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن، یان قەیرانەکە بەرەو لێکترازانی زیاتر دەبەن
