گرنگ

بەشێک لەو هاوسەرانەى لێک جیا دەبنەوە لەبەر قسەى کۆمەڵگا لە ماڵێکدا دەژین

2021-09-02

 

بەشێک لەو هاوسەرانەى لێک جیا دەبنەوە لەبەر قسەى کۆمەڵگا لە ماڵێکدا دەژین

بوارنیوز، سلێمانى
لەسەرەتادا بەخۆشەویستى هاوسەرگیریان کرد بۆ ماوەى زیاتر لە 8 ساڵ پێکەوە دەژیان. لەو ماوەیەدا 2 منداڵیان هەبو، بەڵام پاش تێپەڕبونى دو ساڵ بەسەر هاوسەرگیریان کێشە دەکەوێتە نێوانیانەوە، بەڵام سەرەڕاى هەبونى کێشە لە نێوانیان لەبەر ئەوەى منداڵیان هەبو درێژیان بە هاوسەرگیریەکەیاندا.

سارا عومەر، ژنێکى تەمەن 28 ساڵە، ئەو چیرۆکى خۆى بەم جۆرە بۆ (بوارنیوز) باس دەکات "کە هاوسەرگیریم کرد وام دەزانى وەکو ئەوانەى نێو فیلم و دراماکان ژیانمان خۆش دەبێت و هەمو شتێکم بۆ دەکرێت، بەڵام پاش تێپەڕ بونى هەفتەیەک بەسەر هاوسەرگیریەکەمان تەواو هەستم بەوە کرد ئەوەى خەیاڵم بۆ کردبو لەگەڵ ئەو بەڵێنانەى لەلایەن هاوسەرەکەمەوە پێم درابو تەواو یەکناگرێتەوە بۆیە ڕۆژانە لەسەر شتى بچوک کێشە دروست دەبو، تاوەکو واى لێهات کێشەکان زیادى کرد گەشتە ئەوەى ڕێز لە نێوانماندا نەما بەردەوام شەڕمان بو ئەگەرچى من چەند جارێک گەڕامەوە ماڵى باوکم، بەڵام بە هۆى ئەوەى منداڵمان هەبو دواتر ماڵى باوکیشم بەوە ڕازى نەبون لە مێردەکەم جیا ببمەوە چونکە وەکو عەیبەو حەیا چون سەیریان دەکرد بۆیە دەگەڕامەوە بۆ ماڵى مێردەکەم، بەهەمان شێوەش بەهۆى ئەوەى ماڵى باوکى مێردەکەم خێزانێکى دەوڵەمەندو ناودار بون بۆ ئەوانیش قورس بو باسى لێک جیابونەوە بکەین، بۆیە لەگەڵ هاوسەرەکەم ڕێککەوتین لێک جیاببینەوە بێ ئەوەى کەسوکارى هەردولامان بزانن، چوینە دادگاو بەچەند دانیشتنێک هەمو شتێک کۆتاى هات بۆ ئەوەى کەس پێمان نەزانێ ماوەى 11 مانگە لە ماڵێکدا لەگەڵ مێردەکەم پێکەوە دەژین، بەڵام وەکو دو کەسى (نەناس) بەیەکتر کە میوانیشمان دێت ڕێگا نەدەین هەست بەو ساردیەى نێوانمان بکەن، ئەگەرچى ئەم جۆرە ژیانکردنە زۆر قورسە، بەڵام بەهۆى دابونەریتەوە درێژەى پێدەدەین و نازانم تاوەکو کەى دەتوانین ئەم نهێنیە بە شاراوەى بهێڵینەوە".
بەپێى ئامارەکانى ئەنجومەنى دادوەرى بۆ ساڵى 2020 زیاتر لە 7566 حاڵەتى جیابونەوە لە دادگاکاندا تۆمار کراوە.
ئەشواق نەجیب، پارێزەرى ڕاوێژکار بە بوارنیوزى ڕاگەیاند "لە دادگاکاندا ڕێژەیەکى زۆر حاڵەتى جیابونەوە تۆمار دەکرێت ئەوەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە لەوانە، خراپى دۆخى دارایى خێزانەکان، ناپاکى هاوسەرگیرى، نەبونى هۆشیارى لەنێوان هاوسەرەکان، یەکتر قبوڵنەکردن، نەبونى ئارامى لەبەرامبەر کێشەکانى یەکتر، دیاترین ئەو کێشانەن دەبێتە هۆى جیابونەوەى هاوسەرەکان لە یەکتر، لە ئێستادا لە نێو ئەو هاوسەرانەى لێک جیا دەبنەوەى حاڵەتێک خەریکە دەبێتە دیاردە ئەوەش شاردنەوەو بە نهێنى هێشتنەوەى جیابونەوەکەیان بۆ خێزان و دەوربەرەکەیان بە هۆکارى ئەوەى عەیبەو کێشە دەکەوێتە نێوان خێزانى هەردولا ئەو ژن و مێردە پاش جیابونەوەیان بەردەوام لە ماڵێکدا دەژین کە زۆرجار بەداخەوە بەهۆى ناکۆکیەکانى نێوانیانەوە حاڵەتى نەخوازراو ڕو دەدات تاوەکو ئاستى ئەوەى پیاو هەبوە لە پاش جیابونەوەیان لە یەکترو ئاشکرا نەکردنى جیابونەوەکەشیان هێشتا کێشەکانیان چارەسەر نەبوە بۆیە پیاوەکە ژنەکەى کوشتوە لە پاش کوشتنەکە پۆلیس بۆ خێزانى هەردولاى ڕون کردۆتەوە کە ئەو ژن و مێردە لێک جیابونەوەتەوە".

وتیشى "ئەو حاڵەتە شتێکى نوێ و نامۆیە بە کۆمەڵگاى خۆمان بۆیە دەکرێت بڵێن ئەو جۆرە ژیانە هەڵەیە، چونکە نەک چارەسەرى کێشەکان ناکات، بەڵکو مانەوەى ئەو دو کەسە لە ماڵێکداو بینین و بەرکەوتنیان کێشەکان زیاتر دەکات، بەپێى ئەو ئەزمونەى ڕۆژانە لەگەڵ کەیسەکان هەمانە لە دادگاکاندا داواکارى بۆ ئەوەى ژن و مێرد پاش ئەوەى لێک جیا دەبنەوە بە نهێنى بمێنێتەوە لە زیادبوندایە".

"بابەتی عەیبە پەیوەندارە بەوەی شێوازی ژیانکردن لەکۆمەڵگەی کوردی دابەشکراوە بۆ ڕەش و سپی بینینی ڕەنگەکانی تر تیادا وجودی نیە"

دارا ئەنوەر، کۆمەڵناس بە بوارنیوزى ڕاگەیاند "لە ڕاستیدا کێشەکە بەر لەوەی کێشەیەکی خێزانی بێت کێشەیەکی کەلتورییە، ئەم دیاردەیەش لە کۆمەڵگەی کوردی پەیوەنداردارە بە دواکەوتوی کەلتوری، کۆمەڵگەی کوردیش بە ئاسانی ناتوانێت کەلتوری نوێ دروست بکات لەکاتێکدا ژیانکردنی دو هاوژین زۆر ئاساییەو لە دونیای کۆمەڵگە پێشکەوتوەکان بونی هەیە".

وتیشى "بابەتی عەیبە پەیوەندارە بەوەی شێوازی ژیانکردن لە کۆمەڵگەی کوردی دابەشکراوە بۆ ڕەش و سپی، بینینی ڕەنگەکانی تر تیادا وجودی نیە کە ئەمەش وا دەکات بڵێین دابەشکاری ژیان لە تێڕوانیینێ تاکەکان بۆ سەر یەکتر دروست دەبێت، وەک ئەخلاق و بێ ئەخلاقی عەیبەو ناعەیبەی ...هتد".

هەرێمى کوردستان ئەگەرچى فرە ئاینە بەڵام زۆرینەیان لە پەیڕەوکارانى موسڵمانن بۆیە تێڕوانی زانایانى ئاینى لە ڕوى شەرعەوە بۆ دو هاوسەر کە لێک جیاببنەوەو لە ماڵیکدا بژین بەم جۆرەیە:
د.محەمەد پێنجوێنى، سەرۆکى لیژنەى فەتوا لە سلێمانى بە بوار نیوزى ڕاگەیاند "جیابونەوەى ژن و پیاو لەیەکترى و مانەوەى یان لەماڵێکداو بە نهێنى چەند ڕەهەندێک لە خۆ دەگرێت، ئەگەر هاتو ئەو ژن و پیاوە چوبێتنە تەمەنەوە هیچ شوێنێکیان نەبو بۆ ژیان کردن بەو مەرجەى پێکەوە نەخەون ئەوا ئاسایە لەماڵێکدا بژین، هاوکات ئەگەر ژن و پیاوەکە منداڵیان هەبێت و بۆ ئەوەى منداڵەکانیان سەرگەردان نەبن ئاسایە لەماڵێکدا بژین بەو مەرجەى ئەگەر هاتو منداڵەکان لە ماڵەوە نەبن ئەوا دەبێت لەو کاتە ژن و پیاوەکە یەکێکیان لە ماڵ بچنە دەرەوە، چونکە پاش جیابونەوەیان ئەوان دەبنە نامەحەرەم بۆ یەکترى و نابێت هیچ بەرکەوتنێکیان پێکەوە هەبێت، ئەگەر ژن و پیاوەکە هیچ هۆکارێکیان نەبێت بۆ ئەوەى پێکەوە لە ماڵێکدا بژین ئەوا لە ڕوى شەرعەوە گونجاو نیەو ڕێگە پێنەدراوە ئەو ژن و پیاوە لە ماڵێکدا پێکەوە بمێننەوە".

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى بە بوارنیوزى ڕاگەیاند "جارى وا هەیە ئەو هاوسەرانە پێش جیابونەوەیان ڕێک دەکەون بەوەى بابەتەکەیان بەنهێنى بهێڵنەوەو پێکەوە لە ماڵێکدا بژین لە ڕوى یاسایشەوە ئەگەر هەردو لا بەوە قایل بن پاش جیابونەوەیان پێکەوە لە ماڵێکدا بژین دادگاش ڕێگر نیە، لەکاتێکدا دادگا ڕێگرى دەکات ژنەکە بڵێت ژیانم لەمەترسیدایە ئەگەر ئەم پیاوە لە ماڵەکەمدا بێت یان بە پێچەوانەوە".
ئاماژەى بەوەش کرد "ماوەیەک پێش ئێستا کەیسێکى کوشتن هەبو کە پیاوەکە توڕە بوبو لەوەى بە چەک ژنەکەى بریندارکرد پاش گەیاندنى بە نەخۆشخانە گیانى لە دەستدا پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە ئەم ژن و پیاوە لێک جیابونەتەوە، بەڵام لە ماڵێکدا دەژین و جیابونەوەکەیان بە نهێنى هێشتبوە".

تێبینى/ناوى سارا عومەر خوازراوه

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color