بوار نیوز، دۆسیەی داگیرکاری زەوی لەدهۆک بڵاودەکاتەوە
"بەهەزاران پارچە زەوی بەبیانوی جۆراو جۆرەوە داگیرکراون"
بوار نیوز، دهۆک
راپۆرتی هەردی سەمەد
بوار نیوز دۆسیەی داگیرکاری زەوییە بازرگانییەکانی پارێزگای دهۆک بڵاودەکاتەوە. بەپێی بەدواداچونی پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان لەسنوری پارێزگای دهۆک چەندین پارچە زەوی گرانبەها داگیرکراون کە نرخەکەیان ملیۆنان دۆلارە.
شنۆ ئەشقی سورچی کە بەدواداچونێکی مەیدانی کردوە بۆ داگیرکارییە زەوییەکانی پارێزگای دهۆک بەبوار نیوزی راگەیاند "داگیرکارییەکی زۆری زەوی و زار لە سنوری پارێزگای دهۆک هەیە".
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: دەکرێ ئەو داگیرکارییە لە چەند خاڵێکدا کورت بکەمەوە، ئەوانیش ئەمانەن: یەکەم: لەناحیەی شیلادزێ سنورێکی بەرفراوانی زەوی تەرخانکراوە بۆ بینای حکومی، بەشێکیان موڵکی هاوڵاتی ئەو دەڤەرە بون، بەڵام دواجار بینای پرۆژەی کەرتی تایبەت و بازرگانی لەسەر ئەو زەوییانە دروستکراون. هاوڵاتیانی خاوەنی زەوییەکانیش ئەگەر رازی نەبن زەوییەکانیان رادەست بکەن ئەوا کەسانی دەستڕۆیشتو بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەن خاوەن زەوییەکان هیچ مامەڵەیەک بەزەوییەکانیان بکەن.
دووەم: ژمارەیەک بەرپرسی حیزبی بە هاوکاری چەند کەسێکی دەسترۆیشتو گەورەترین گۆرەپان لە ناحیەی شیلادزێ داگیر دەکەن کە ناسراوە بە گۆرەپانی سالم (ساحەی مەزن)، دەکەوێتە سەر شەقامی گشتی بە نزیکەیی (50) پارچە زەوی یە داهاتەکەی بۆ بەرپرسێکی حیزبییە.
سێیەم: شەقامێکی دووساید لە نێوان ناحیەی شیلادزێ و کۆمەڵگەی سیریێ هەیە بە درێژایی (2کم) دوو کیلۆمەتر بە هەزاران پارچە زەوی موڵکی هاوڵاتی ئەو دەڤەرەیە لە لایەن چەند کەسێکی دەسترۆیشتوو دەستی بەسەر داگیراوە، لە هەر لایەکی شەقامەکە بە قوڵایی (100م) داگیرکراوە، هەندێکیان بە بیانووی دروستکردنی بینای حکومی، لەهەرلایەکی شەقامەکە بە پانی (200م) وە بە درێژی (2000م) (200×2000) دەکاتە (400000م) چوار گۆشە کە لەو بڕە تەنها (10000م) بینای حکومی لێ دروستکراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بەشێکیان کراون بە پرۆژەو بەشێکیشیان بە نایاسایی کرین و فرۆشتنی پێوەکراوە.
چوارەم: بەر لەوەی شیلادزێ ببێتە ناحیە دوو شارەوانی هەبون بە ناوەکانی شارەوانی (شیلادزێ و شارەوانی کۆمەڵگەی سیریێ) دوای ئەوەی شیلادزێ بو بە ناحیە، هەردوو شارەوانی کران بە یەک، بینای شارەوانی کۆمەڵگەی سیریێ کراوە بە بارەگای حیزبی و بینای شارەوانی شیلادزێ دراوە بە کەسێک (دەگوترێ بەرپرسێکی حیزبیە) بە نایاسایی.
پێنجەم: زەوییەک رووبەرەکەی (1167)مەتر دوجایە، کراوە بە پێنج پارچە زەوی نیشتەجێبون لەسەر زەوی خزمەتگوزاری شارەوانی و لەسەر شەقامی گشتی (بازرگانی) بە بەهای ( 230 هەزار دۆلار) فرۆشراوە.
شەشەم: زەوییەکی روکن تیجاری بە بەهای (570 هەزار دۆلار) فرۆشراوەو ئێستا کراوە بە بەنزینخانەو بە ناوی هیوا ئۆیل.
حەفتەم: بە نیازن بنکەی پۆلیسی کۆن بفرۆشن کە رووبەرەکەی (2500) مەتر دووجایە لە ناو سەنتەری قەزای بەردەرەش.
هەشتەم: زەوییەکی روکن (1160) مەتر دووجا لەناو سەنتەری قەزای بەردەرەش دراوە بە کەسێک کە زەوییەکە نەخشەی بازاری.
نۆیەم: زەوییەک رووبەرەکەی (300) مەتر دووجایە تیجارییە نزیک شەقامی جوت سایدی قایمقامیەتی بەردەڕەش داوای (150)هەزار دۆلاری لێدەکرێ.