"95 قوتابخانەو موڵکی وەزارەتی پەروەردە لەلایەن حزب و کەسانی دەستڕۆیشتووەوە داگیرکراوە"
بوار نیوز، تایبەت
لەکاتێکدا وەزارەتی پەروەردە پێویستی بە سێ هەزار قوتابخانە هەیە، بەڵام وەزارەتەکە "نەیتوانیووە" ئەو 95 قوتابخانەو موڵکانە بگەڕێنێتەوە، لەلایەن حزب و کەسانی دەستڕۆیشتووەوە داگیرکراون، بەرپرسێکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیش دەڵێت: "ناتوانین باڵەخانەکانی خۆمان بگەڕێنێنەوە، چۆن دەتوانین فشار بۆ گەڕانەوەی ئەوانەی پەروەردە بکەین؟".
بەپێی بەدواداچوونێکی رێکخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی، لە هەرێمی کوردستاندا "95 قوتابخانەو موڵکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حزب و کەسانی دەستڕۆیشتووەوە داگیرکراوەو وەزارەتەکە نەیتوانیووە بیانگەڕێنێتەوە".
بۆ نەگەڕانەوەی ئەو قوتابخانەو موڵکانەی پەروەردە، وەزارەتی پەروەردەو ئەنجومەنی وەزیران و لێژنەکانی پەروەردەو یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە "کەمتەرخەم" دەزاندرێت بەوپێیەی "هیچ فشارێکیان بۆ گەڕانەوەی موڵکەکانی پەروەردە نەکردوە".
لەبارەی جۆری موڵکەکان و هۆکاری نەگەڕانەوەیان، بەرپرسێکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بوار نیوزی راگەیاند: "ئەو بیناو قوتابخانانەی لەلایەن حزبەکان و خەڵکەوە داگیرکراوە جۆراوجۆرن، هەندێکیان باڵەخانەیەکی گەورەو بەشێکی دیکەشیان خانووێکی بچووکن".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردە لە ترسی لێپرسینەوەی وەزیری پەروەردەوە نەیتوانی ناوەکەی ئاشکرابکرێت، گوتیشی: "بۆ گەڕانەوەی ئەو موڵکانە چەندینجار ئاگادار کراونەتەوە کە چۆڵی بکەن، بەڵام بەداخەوە حزب و کەسانی دەستڕۆیشتوو هیچ حیسابێکیان بۆ وەزارەتی پەورەدە نەکردوە".
سێشەممەی رابردوو، 14ی ئەیلولی 2021 دەستپێکی ساڵی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لێیدا و لە دەسپێکی خوێندندا، ملیۆنێک و 725 هەزار قوتابی روویان لەقوتابخانە حکومییەکان کرد، هاوکات 90 هەزاری دیکەیان لە قوتابخانە ناحکومییەکان دەخوێنن.
نەگەڕانەوەی قوتابخانەو موڵکەکانی پەروەردە لەکاتێکدا هێشتا وەزارەتەکە پێویستی بە سێ هەزار قوتابخانەی نوێ هەیە، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان لە (10ی تەمموزی 2019 تاوەکو ئێستا) "تواندراوە 50 قوتابخانەی نوێ بخرێتە خزمەت قوتابیان و 600 قوتابخانەش نۆژەنکراونەتەوە، بەشێکیان لەلایەن دەزگا خێرخوازییەکانەوە بووە".
هلز ئەحمەد، ئەندامی لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بە بواری راگەیاند: "ماوەی سێ ساڵە، گەورەترین قوتابخانەی حکومی لە پارێزگای دهۆک، کە لە راقیترین و باشترین جێگەی پارێزگاکەیە، دراوەتەوە کەرتی تایبەت و قوتابخانەو وەزیری پەروەردەش دانی بەوە ناوە".
ئەو پەرلەمانتارە، گوتیشی: "قوتابی هەژارو کەمدەرامەت کراوەتەوە قوربانی خەڵکی دەستڕۆیشتوو. لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆچی و چۆن قوتابخانەی (ئامەدی کچان) لە پارێزگای دهۆک کە لە راقیترین شوێنی پارێزگاکەیە؟، دوای نۆژەنکردنەوەی دراوەتەوە کەرتی تایبەت، وەزیری پەروەردە پێڕاگەیاندووین: بەهۆی دابیننەکردنی زەوی لەلایەن حکومەتەوە بۆ قوتابخانە ناحکومییەکە، گەڕانەوەی قوتابخانە حکومییەکە دواکەوتووە و لەماوەیەکی نزیکدا قوتابخانەکە بۆ بەڕێوەرایەتی پەروەردەی دهۆک دەگەڕێننەوە".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد: "وەزارەتی پەروەردە وەڵامی پرسیاری گرنگ ناداتەوە، چونکە دەترسن ئەگەر وەڵامی راستمان بدەنەوە ئەوا یان بۆ راگەیاندنەکان یاخود بۆ رایگشتی بڵاوی دەکەینەوە".
دەشڵێت: "لەسەر نەگەڕانەوەی موڵکەکانی وەزارەتی پەورەردە، بەدواداچوونی جددی دەکەین و دەبێت هۆکاری راستی و دروستی نەگەڕانەوەیان بزانین".
هاوشێوەی وەزارەتی پەروەردە، ژمارەیەک لە موڵکەکانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان-یش لەلایەن "دەزگا ئەمنی و ئاوارەو کەسانی دەستڕۆیشتووەوە" داگیرکراوەو بەرپرسێکی یەکێتییەکەش دەڵێت: "هەر حیسابمان بۆ ناکەن".
لەبارەی ئەوەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان چی دەکات بۆ گەڕانەوەی موڵکە "داگیرکراوەکانی" وەزارەتی پەورەردە، ئەحمەد گەرمیانی، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەبێ ئاشکراکردنی ژمارەکانیان، بە بواری راگەیاند: "ئێمە خۆمان ئەو کێشەیەمان هەیە، باڵەخانەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لەلای دەزگا ئەمنییەکان یاخود ئاوارەو خەڵک لەناو باڵەخانەکانی یەکێتی مامۆستایانەو ناتوانین هیچ بکەین، بۆ نموونە باڵەخانە هی یەکێتی مامۆستایانە، بەڵام دەزگا ئەمنییەکانی تێدایە یان لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە داگیرکراوە، کەواتە خۆمان کێشەی خۆمان پێ چارەسەر ناکرێت کە هەمانە؛ باڵەخانەمان هەیە دەوامی تێدا دەکرێت هەر حیسابمان بۆ ناکرێت، باڵەخانەش هەیە ئاوارەی تێدایە ناتوانین نزیکی بکەوینەوە".
گوتیشی: "جگە لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە پارێزگاکانی کوردستانیش ئەو کێشانەمان هەیە، هەرچەندە هەوڵمداوەو بەڵێنی قەرەبووکردنەوەمان دراوە".

|
شەوى ڕابردوو لە ئێران چى ڕوویدا؟ |
|
شەڕەنگێزەكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مرد |
|
هیچ شتێک نەبووە ئێمە 120ملیار دیناربنێرین بۆ بەغدا |
|
نەخشێکی سەر بەردی سەردەمى عومەری کوڕی خەتتاب دۆزرایەوە |
|
شەوی ئاگر و ئاسن لە هورمز |
|
عێراق پارەی مووچەی پێدابینناكرێت و پەنا بۆ قەرز دەبات |