گرنگ

یەکێتی: مەسرور بارزانی بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن باسی دروستکردنی فرۆکەخانەی دهۆک دەکات

2021-09-24

 

بوار نیو، دهۆک
بەرپرسێکی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن باس لەدروستکردنی فرۆکەخانەی دهۆک دەکات.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆک راگەیاند: "تا ئێستا نزیکەی ٥٠٠ ملیون دۆلار بۆ خەرجییەکانی پرۆژەی فرۆکەخانەی دهۆک هەبووە، بەڵام تەنیا ۷٪ جێبەجێکراوەو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت بۆ پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن بۆ پارتی سەردانی ئەو پرۆژەیەی کردووە".
رۆژی ۲٤ ئەیلولی۲٠۱۲، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەشتی قەزای سێمێل بەردی بناغەی فرۆکەخانەی دهۆک دانا.
کۆمپانیای (دار الهندسە)ی لوبنانی نەخشەی فرۆکەخانەی دهۆکی کێشاو رۆژی ٦ شوباتی ۲٠۱۳ کۆمپانیای (ماکۆیل)ی تورکی گرێبەستی ئاوەدانکردنەوەی فرۆکەخانەی دهۆکی لەگەڵ کارگێری پارێزگای دهۆک ئیمزاکرد. بەڵام تەنیا ۷٪ی ئیش و کارەکانی ئەم فڕۆکەخانەیە ئەنجام دراو دواتر کارەکانی وەستا.
رۆژی سێشەممە ۲۱ـ ی ئەیلولی ۲٠۲۱، مەسرور بارزانی سەردانی شوێنی پرۆژەی فرۆکەخانەی دهۆکی کردو رایگەیاند: "لەماوەیەکی نزیکدا مژدەی دروستکردنی فڕۆکەخانەی دهۆک بەخەڵکی دهۆک رادەگەیەنین".
عیماد شوکر، سەرۆکی فراکسیۆنییەکێتی نیشتمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک راگەیاند: "پێشتر بەدواداچوونی وردم بۆ ئەم پرۆژەیە کردووە، هیچ هۆکارێکی باوەرپێکراو نەبوو بۆ راگرتنی ئەم پرۆژەیە، چونکە هەموو خاوەن زەوییەکان قەرەبوویان وەرگرتوەتەوە، پارەی پێویست بۆ پرۆژەکە تەرخانکرابوو، پارەکە گەیشتبووە بانکی کوردستان، بەڵام ئێستا ۸٠ ملیۆن دۆلار لەو پارەیە دیار نەماوەو پرۆژەکەش وەستاوە، هیچ کەسێکیش لە حکومەت و پارێزگای دهۆک وەڵامێ ئێمەی نەداوەتەوە ئەو پارەیە چی لێهاتووە".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color