یەکگرتوو لە بادینان نزیکە لە بردنەوەی کورسی دوەم؟
بوار نیوز، دهۆک
بەپێی پێشبینییەکان، یەکگرتوویی ئیسلامی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ۱۱ کورسییەکەی پارێزگای دهۆک کورسییەکی بۆ جەمال کۆچەر مسۆگەر کردووەو ئێستا لە بازنەی دوو لە (زاخۆـ سێمێل) رکابەری پارتی دەکات بۆ بەدەستهێنانی کورسی دووەم.
کورسییەکەی جەمال کۆچەر
جەمال کۆچەر، بە ٥٤ هەزار دەنگ لەهەڵبژاردنی رابردودا لەسەرتاسەری دهۆک توانی ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
ئێستاش بە ۲۷۷٤۷ دەنگ دەیەوێت جارێکی دیکە کورسییەک لە بازنەی دهۆک ـ ئامێدی بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
جەمال کۆچەر لەماوەی ۲٠ ساڵی رابردودا بەهۆی گوتاری میانڕەو هەم لەناو یەکگرتوو هەم لەناو حزبەکاندی دیکە بووەتە خاوەن جەماوەرێکی زۆر، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش زۆرجار بە راشکاوی تیشکی خستوەتە سەر زۆر بابەتی هەستیار، وەک پشکی هەرێم لەبودجەی عێراق و کێشەکانی هەرێم لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم.
هۆکارێکی دیکەی بەهێز بوونی جەمال کۆچەر لە دهۆک، لاوازی کاندیدەکانی پارتی و نەوەی نوێ یە، هەروەها نەبوونی کاندیدی کۆمەڵی دادگەری و یەکێتی یە لە بازنەی دهۆک ئامێدی.
جەمال کۆچەرو پالپشتی عەشائیری
ئەگەر چی پاشناوی جەمال، عەشیرەتی کۆچەرە، بەڵام مەوقع و دەنگدەری کۆچەرەکان لە قەزای سێمێلە کە دەکەوێتە بازنەی دوو و دەنگدەری یەکگرتوو لەوێ ناتوانن دەنگ بە جەمال کۆچەر واتە ئامۆزای خۆیان بدەن، لە دهۆک و ئامێدی واتە بازنەی جەمال کۆچەرهیچ سەرۆک عەشیرەتێک بە هیچ شێوەیەک پاڵپشتی خۆیان بۆ جەمال کۆچەرو یەکگرتوو پیشان نەداوەو هەموویان لەگەڵ پارتیدان، بەڵام جەماوەری جەمال کۆچەر لە هەموو عەشیرەتێکە، بەتایبەتی دۆسکییەکان لە دهۆک و رێکانییەکان لەناحیەی شێلادزێ و دێرەلۆک.
تاکە هۆکار بۆ سەرنەکوتنی جەمال کۆچەر
پارتی ٤ کاندید بۆ بازنەی یەک دیاریکردوون، بەهێزترین کاندیدی پارتی لەو بازنەیە فەهمی سەلمان بەروارییەو پارتی لەدەرچونی ئەم کاندیدە دڵنیایە، چونکە سەربەست تڕوانشی بەرپرسی لقی یەکی پارتی پشتگیرییەکی سەرسەختانە لەو کاندیدە دەکات. تەواوی میدیاکانی پارتی ئاگادارکردوەتەوە کە دەبێـت تەنیا ئەو کاندیدە بانگهێشتی بەرنامەکانیان بکەن.
کاندیدی دووەمی پارتی لەو بازنەیە خەلیل دوسکییە، کاندیدی گەورەترین عەشیرەتی دهۆکە، کە عەشیرەتی دۆسکییەو نزیکەی ۱۲٠ گوند لە خۆ دەگرێت، بۆیە پارتی لەسەرکەوتنی ئەم کاندیدەش دڵنیایە.
هەروەها ئەڤین مزووری کە تاکە کاندیدی عەشیرەتی مزورییە کە سێیەم گەورەترین عەشیرەتی دهۆکە، پارتی لەسەرکەوتنی بێ گومانە.
چوارەمین کاندیدی پارتی لەو بازنەیە خالد رێکانییە، لەڕوی جەماوەرییەوە پێگەیەکی لاوازی هەیە، هەروەها لەناو رێکانییەکانیش زۆر پێشوازی لێنەکراوەو ئەگەری سەرکەوتنی لاوازە، بەڵام پارتی پلانێکی داناوە لە دەنگدانی تایبەت نیوەی دەنگی پێویست بۆ خالد رێکانی مسۆگەر بکات و لە دەنگدانی گشتی سەربکەوێت و دەنگەکانی لە جەمال کۆچەر زیاتر بێت، بەم شێوەیە جەمال کۆچەر ناتوانێت سەرکەوێ، بەڵام ئەمە ئەگەرێکی لاوازەو تا رادەیەک ئەستەمە خالد رێکانی بتوانێت دەنگی زیاتر لە جەمال کۆچەر بەدەست بێنێت.
دەنگی یەکێتی و کۆمەڵی دادگەری بۆ جەمال کۆچەر دەبن؟
یەکێتی و کۆمەڵ لەبازنەی جەمال کۆچەر، کاندیدیان نییە بۆیە زۆرێک لەو دەنگدەرانە دەنگ بە جەمال کۆچەر دەدەن، لەم بارەیەوە هەوار ئامێدی بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لەئامێدی بۆ بوار نیوز وتی: "تا ئێستا بەفەرمی یەکێتی خۆی یەکلا نەکردووەتەوە دەنگ بە جەمال کۆچەر بدەن، بەڵام لێکتێگەیشتنێک لەنێوان ئێمە و یەکگرتوو هەیە ئێمە لە دهۆک و ئامێدی دەنگ بەجەمال کۆچەر بدەین و یەکگرتوو لە بازنەی سێی ئاکرێ و شێخان و بەردەڕەش دەنگ بە کاندیدی ئێمە بدەن".
رەمەزان ئەرتیسی، بەرپرسی ژوری هەڵبژاردنی یەکگرتو لە دهۆک بە بوار نیوزی راگەیاند: "یەکگرتوو هەموو هەوڵێک دەدات دەنگەکانی یەکێتی و کۆمەڵ لە دهۆک و ئامێدی بۆ جەمال کۆچەر کۆبکاتەوە".
ئایا عومەر کۆچەر دەتوانێ سەربکەوێ؟
عومەر کۆچەر وەک بانگخوازێکی یەکگرتوو لای خەڵکی ئاسایی و ئاینپەروەر خۆشەویستە، بەڵام مەوقیعی کاندیدبوونی عومەر کۆچەر زاخۆ و سێمێلە کە پارتی بە بانکی دەنگەکانی خۆی دەزانێت. چونکە تا ئێستا سەرۆک عەشیرەتەکانی سندی و گوللی لە زاخۆ، کۆچەر و سلێڤانەیی لەسێمێل لەگەڵ پارتین و بەردەوام پارتی بابەتە عەشایەرییەکان زەق دەکاتەوە بۆ ئەوەی رۆڵی باشتری لەناو ئەو عەشیرەتانە هەبێت و بەدەنگی ئەو عەشیرەتانە توانیویەتی بەهێزەوە بمێنێت.
لاوازی عومەر کۆچەر
عومەر کۆچەر، لە ۲٠۱٥ لە پەرلەمانی کوردستان سەرپەرشتی ئەو دەنگانەی یەکگرتووی کرد کە دەنگیاندا بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، بۆیە زۆرێک لە دەنگدەرانی یەکگرتوو لەم هەڵەیەی عومەر کۆچەر ناڕازی بوون و تا ئێستا بە هەڵەیەکی گەورەی یەکگرتوو و عومەر کۆچەری ناودەبەن، بۆیە پێدەچێت ئەم بۆ ئەم هەڵبژاردنەش دەنگدەری یەکگرتوو تۆڵە لە عومەر کۆچەر بکەنەوەو دەنگی پێنەدەن. هەروەها بونی کاندیدێکی یەکێتی لە زاخۆ و سێمێل، لەبەرژەوەندی عومەر کۆچەردا نییە.