گرنگ

عەشیرەتەکانی پارێزگای سلێمانی کورسییەکانی پەرلەمان یەکلایی دەکەنەوە

2021-09-27

 

ئارى هەرسین: کار لەسەر تاک بەتاکى عەشیرەتەکان دەکەین

بوانیوز، سلێمانى
شێوازی دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن لەسەرتاسەری عێراق، میکانزمێکە تا ڕاددەیەکی زۆر رۆڵی گەروە بۆ عەشیرەت و سەرۆک هۆزەکان دەگێڕێتەوە. بەشێوەیەک بازنەکان دابەشکران لەهەر بازنەیەکدا عەشیرەتێکی دیاریکراو یا دو عەشیرەت پێکهاتەی سەرەکی هەر بازنەیەکن. بۆ ئەمەش کاندیدەکان دەبێت کار لەسەر دەنگی عەشیرەتەکان بکەن، یاخود حیزبەکان ناچار دەبن کاندیدەکانیان ڕەمزە دیارەکانی عەشیرەتەکان بن.
لە سنورى پارێزگاى هەڵەبجە و سلێمانیش چەندین عەشیرتى گەورە بوونیان هەیە کە تاڕادەیەک ڕۆڵى کاریگەریان دەبێت لەسەر یەکلاکردنەوەى کورسییەکانى پەرلەمانی عێراق.

بازنەى یەک و دووى پارێزگاى سلێمانى بەپێی هەڵکەوتەى جوگرافى کە ئەو دوو بازنەیە دەکەونە ناوەندى سلێمانى بوونى کاریگەرى عەشایەری لەم دوو بازنەیە ڕۆڵێکى ئەوتۆى نابێت.

بازنەی سێ
لە بازنەى سێى سلێمانى کە سنورى پارێزگاى هەڵەبجەو ناوچەى شارەزورو هەورامان دەگرێتەوە، عەشیرەتەکان ڕۆڵێکى کاریگەریان دەبێت لە یەکلاکردنەوەى براوەى کورسییەکان، چونکە لەسەنتەرى هەڵەبجە دوو عەشیرەتى (نەورۆڵى و کۆکۆیى) زۆرینەى دانیشتووانى هەڵەبجە پێکدەهێنن، ئەندامانى ئەم دوو عەشیرەتەش دابەش بوون بەسەر حزبە جیاوازەکاندا، بەڵام زۆرینەی نەورۆڵییەکان لەناو یەکێتى نشتیمانى کوردستاندان و زۆرینەى کۆکۆییەکانیش لەناو کۆمەڵى دادگەرین، هاوکات لەناوچەى شارەزووریش عەشیرەتى (شەمێرانى) بوونى هەیە کە زیاتر ئەم عەشیرەتە ئەندامەکانیان لە ناو پارتى دیموکراتى کوردستاندان و زۆرترین شەهیدیان بۆ ئەو حزبە داوە لە سنورەکەش شەمێرانییەکان بە عەشیرەتێکی پارتى ناسراون، ئەوە سەرەڕاى ئەوەى هەورامییەکانیش کە هەرچەندە خۆیان بە عەشیرەت نازانن، بەڵکو دەڵێن خاوەن زمان و نوسینى تایبەت بەخۆمانین ئەمانیش زۆرینەى دانیشتوانى هەڵەبجەو هەورامان پێکدەهێنن، بەڵام بەبێ جیاوازى بەسەرحزبەکاندا دابەش بوون و زۆرینەى هەورامییەکانیش لەناو یەکگرتووى ئیسلامى کوردستاندا دەبیندرێن بەو پێیەى کە ئەمیندارى یەکگرتوو بۆخۆى هەورامییەو خەڵکى تەویڵەیە.

بازنەی چوار
بازنەى چوارى پارێزگاى سلێمانی سنورى ئیدارەى ڕاپەڕین دەگرێتەوە لێرشە چەند عەشیرەتێکى گەورە بوونیان هەیەو عەشیرەتەکان ڕۆڵیان دەبێت لە یەکلاکردنەوەى کورسى حزبەکان، گرنگترین عەشیرەکانى سنورى بازنەى چوارى پارێزگای سلێمانى بریتین لە عەشیرەتەکانى (ئاکۆ، جاف، خۆشناو، بۆڵى، مەنگوڕ، مامەش، شێخەکان) لەناو ئەو عەشیرەتانەش عەشرەتى ئاکۆ بە گەورەترین عەشیرەتى سنورى ئیدارەى ڕاپەرین ئەژمار دەکرێت، ئەمانیش بەسەر هەردوو حزبى یەکێتى و پارتیدا دابەش بوون، بەڵام زۆرینەی ئەندامانی عەشیرەتی ئاکۆ لایەنگری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن. بەڵام بەشێکی ئەو عەشیرەتە لەگەڵ پارتیدان ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەشێک لە ئاغاکانی ئەو عەشیرەتە لایەنگری ئەو حیزبەن، بەڵام ئەو ئاغایانەی لەڕانیە دادەنیشن و لایەنگری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن بەشێوەیەک لەناو یەکێتیدا رۆڵیان هەیە کە زۆربەی جار بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە لەلایەن ئەوانەوە دیاری دەکرێن یا پێویستیان بەڕەزامەندی ئەوان هەیە تا یەکێتی نیشتیمانی پۆستە ئیدارییەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین پڕ بکەنەوە.
بەشێکی عەشیرەتی خۆشناو دەکەونە دەشتی بیتوێن و کە دەکاتە بەشی خۆرئاوای قەزای حاجیاواو تەواوی دانیشتوانی ناحیەی بێتەواتە لەعەشیرەتی خۆشناون و خانەوادە خۆشناوەکان لەو ناوچەیە دابەشبون بەسەر حیزبەکان بەگشتی، بەڵام زۆرینەیان لایەنگرو پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن.
بەڵام عەشیرەتەکانى مەنگوڕ و مامەش و شێخەکان ئەوانە زۆرینەى هەرزۆریان لەناو یەکێتى نشتیمانى کوردستاندان.

هەرچى حزبە ئیسلامییەکانە لەسنورى بازنەى چوارە سودیان لە دەنگە ناڕازییەکان وەرگرتووە، بەڵام وەک عەشیرەت هیچ عەشیرەتێک زۆرینەیان لەناو حزبە ئیسلامییەکاندا نابیندرێت، بەڵکو لەسەر ئاستى تاک لەناو حزبەکانى دیکە بونیان هەیە.

گەرمیان
بازنەى پێنجى سنورى پارێزگاى سلێمانى کە ئیدارەى گەرمیان لە خۆدەگرێت بە بەراورد بە بازنەکانى دیکە زۆرترین عەشیرەت لەم سنورەدا بونیان هەیە بەجۆرێک هەریەکە لە عەشیرەتەکانى (جاف، زەنگەنە، لەک، داودە، گەڵاڵى، تەرخانى، ڕۆغزایى، مام وەیى، تایشەیى، بەیاتى، باجەلان، هورمزیار، گورگ و کوژ، بێویانى، ڕۆژبەیانى، شەرەف بەیانى، میروەیسى، گل) لەو هەموو ئەو عەشیرەتانەشدا (جاف) زۆرترین دانیشتووانى سنورى ئیدارەى گەرمیان پێکدەهێنن و لە دواى ئەوانیش عەشیرەتەکانى زەنگنەو داودەو باجەلان زۆرترین دانیشتووانى گەرمیان پێکدەهێنن، بەڵام لەڕووى دابەشبوونیان بەسەر حزبەکاندا زۆرینەى ئەندامانى ئەو عەشیرەتانە بەتایبەت جافەکان یەکێتى نشتیمانى کوردستانن پاشان پارتى دیموکراتى کوردستان.

ئارى هەرسین، ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان بە بوارنیوزى راگەیاند: ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان کار لەسەر عەشیرەت ناکەین، بەڵکو کار لەسەر تاکى عەشیرەتەکان دەکەین بۆ ئەوەى دەنگ بە کاندیدەکانمان بدەن، چونکە سنورى پاریزگاى سلیمانى بە بەراورد بە پارێزگاکانى دیکەى هەرێم کەمتر عەشیرەت ڕۆڵى تیادا دەبینێت، هاوکات سەردەمێکیش هاتووەتە پێش ئێستا هەمووکەس خاوەن دەنگ و بۆچوونى خۆیەتى، بەڵام عەشیرەتەکانى سنورى پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجەش خاوەن مێژوویەکى پڕ خەبات و شانازین ئێمەش گەشبینین بە بوونى دەنگى عەشیرەتەکانى سنورەکە.

بەستەری بوار نیوز لە یەكەم كۆمێنتە بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر وەربگری

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color