گرنگ

برای ڕابەری سەلەفییەکانی کوردستان کاندیدی یەکێتییە

2021-09-27

 
سەلەفەییەکان لە بازنەى چوارى پارێزگاى سلێمانى کورسییەک بۆ یەکێتى مسۆگەر دەکەن
 
بوارنیوز، سلێمانى
هەرچەندە ڕێبەرى ڕەوتى سەلەفییەکان بانگەشەى ئەوە دەکات بەشداریکردن لەپرۆسەى دەنگدان ناشەرعییەو نابێت موسڵمانان بەشدارى دەنگدان بکەن، بەڵام لەبازنەى چوارى پارێزگاى سلێمانى برایەکى (عەبدول لەتیف سەلەفى) لەپشکى یەکێتى لەسەر لیستى هاوپەیمانى خۆى کاندیدکردووەو بە نهێنیش بە سەلەفییەکانى سنورى ئیدارەى ڕاپەڕین وتراوە کە دەنگ بە براکەى ڕێبەرى سەلەفییەکان بدەن و دەرچوونیشى مسۆگەرکردووە.
بەپێی بەدواداچوونەکانى بوارنیوز، لەسەرەتادا یەکێتى نشتیمانى کوردستان بە نیاز بوون (زانا حەسەن) کە گەنجێکى سنورى ئیدارەى ڕاپەڕینەو لەئێستادا لەکەناڵى کوردسات بێژەرو پێشکەشکارى بەرنامەیە بکاتە کاندیدى حزبەکەى بۆ پەرلەمانى عێراق. بەڵام دواتر لەسەر داواى سەلەفییەکان و لە جێگەى (زانا حەسەن) (غەریب ئەحمەد) ناسراو بە مەلا غەریب کە براى ( عەبدولەتیف سەلەفى)یەو بەڕێوەبەری ئەوقافی ڕاپەڕینە کرایە کاندیدی ئەو حیزبە لەبازنەی چواری پارێزگای سلێمانی.
غەریب ئەحمەد، بەڕێوەبەرى ئەوقافى ڕاپەڕینەو ماوەى زیادلە 14 ساڵە ئەو پۆستەی بەدەستەوەیە، پێشتر بۆ هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراق لەساڵى 2018 بەهەمان شێوە خۆى کاندید کرد، بەڵام دەنگى پێویستى بەدەست نەهێناو دەرنەچوو، بۆیە ئەم جارە (عەبدولەتیف سەلەفى) ئەوەى بە بەرپرسانى یەکێتى ڕاگەیاندووە ئەگەر (مەلا غەریب) کاندید بکەنەوە ئەوا دەرچواندنى بخەنە ئەستۆى من، لەبەرامبەر ئەو بەڵێنەشدا یەکێتى مەلا غەریبى کاندید کردووەتەوە.
بوار ئەوەشى زانیوە، لەلایەن (عەبدولەتیف سەلەفى) ڕێبەرى ڕەوتى سەلەفییەکان بەنهێنى سەرجەم سەلەفییەکانى سنورى ئیدارەى ڕاپەڕین ئاگادار کراونەتەوە بەشدارى پرۆسەى دەنگدان بکەن و دەنگیان بدەن بە (غەریب ئەحمەد)، هەر ئەمەش وایکردووە کە دەرچوونى مەلا غەریب تاڕادەیەکى زۆر یەکلایی ببێتەوە، چونکە بەدەر لەوەى یەکێتى و گۆڕان پاڵپشتى دەکەن لە هەمان کاتیشدا پاڵپشتى سەلەفییەکانیشى بەدەستهێناوە کە لە ئێستادا لە سنورى ئیدارەى ڕاپەڕین سەلەفییەکان لەگەشەکردنێکى بەردەوامدان و تادێت ژمارەى لایەنگرانیان زیاتر دەبێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color