پارتی دەتوانێت هاوکاری کاندیدەکەی نەوەی نوێ بکات لەبەرامبەر کاندیدەکەی گۆڕان؟
بوار نیوز، هەولێر
بازنەی دووی هەولێر لەروی جوگرافییەوە، قەزاکانی دەشتی هەولێرو کۆیەو خەبات دەگرێتەوەو ناوچەیەکی تاڕاددەیەک عەشایەرییەو عەشیرەتەکان رۆڵی یەکلایی کەرەوەیان دەبێت لەسەرخستنی بەشێکی کاندیدەکان.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەرەتادا لەو بازنەیە سێ کاندیدی هەبو، کاندیدێکی ژن و دوو کاندیدی پیاو، بەڵام دواجار کاندیدە ژنەکەی کشاندەوە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی کاندیدەکەی یەکێتی لەو بازنەیە ژنەو ئەگەری دەرچونی مسۆگەر، چونکە تاکە کاندیدی ئەو حیزبەیە لەوبازنەیەو سەنتەر بنکەی جەماوەری یەکێتی لەسنوری پارێزگای هەولێر قەزای کۆیەیە. لەلایەکی دیکە پارتی دەیەوێت لەو بازنەیە لەبەرامبەر کاندیدەکەی بزوتنەوەی گۆڕان کاندیدی نەوەی نوێ سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. ئەمەش بۆ ئەوەی پارتی لەهەندێک شوێنی ئەو بازنەیە بتوانێت هاوکاری کاندیدەکەی نەوەی نوێ بکات. تایبەتمەندی ئەو بازنەیە ئەوەیە کە تا ڕاددەیەکی زۆر دوو کاندیدەکەی پارتی سەرکەوتنیان مسۆگەرەو یەکێتی بەهەمان شێوە، بەڵام ململانێی ئەو دوو هێزە لەسەر کورسی چوارەمەو پارتی دەیەوێت بۆ کورسی چوارەم هاوکاری نەوەی نوێ بکات و لەبەرامبەردا یەکێتی نیشتیمانی دەیەوێت هاوکاری کاندیدەکەی بزوتنەوەی گۆڕان بکات لەو بازنەیە.
گرفتەکانی بەردەم پارتی لەو بازنەیە
یەکەم: هەبونی دەنگێکی زۆری بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەقەزای کۆیە.
دووەم: بوونی کێشەی عەشایەری لەسنوری ئەو بازنەیە. بەتایبەت کێشەی ئەم دواییەی دو عەشیرەتی گەورەی ئەو بازنەیە کە عەشیرەتی گۆڕان و خەیلانییەکانن.
بۆیە پارتی لە کۆی چوار کورسی، کاندیدەکانی خۆی بۆ نزمترین ئاستی پارێزگای هەولێر کەم کردوەتەوە، بۆ دوو کاندید، ئەویش هەردوو کاندیدەکە پیاون، کاندیدەکان بریتین لە ئامانج محمود هەرکیی و خدر عەلی مەنتک.
پارتی بۆ ڕزگار بوونی لەکێشەکانی ئەو بازنەیە هەردوو کاندیدەکەی خۆی بەسەر دوو ناوچە دابەش کردووە، دەنگەکانی ناوچەی هەردوو قەزای کۆیە و دەشتی هەولێری تایبەت کردووە، بۆ خدر عەلی مەنتک، دەنگەکانی سنوری قەزای خەبات دیاریکردووە بۆ ئامانج مەحمود هەرکی. بەڵام گرفتی سەرەکی خدر عەلی مەنتک کەمی دەنگی پارتییە لەقەزای کۆیە، لەهەمان کاتدا بەرپرسی ناوچەی دارەتووی قەزانی دەشتی هەولێر کە تایبەت کراوە بەخدر عەلی بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرپرسی ئەو ناوچەیە کەسێکە لەعەشیرەتی هەرکی بەناوی سعداللە هەرکیی، بۆیە ئەو کاندیدە ترسی ئەوەی هەیە بەشێکی دەنگەکانی ئەو ناوچەیە بۆ کاندیدەکەی دیکەی پارتی بچێت. قەزای بنەسلاوەش بەشی زۆری ئاوارەی پارتین و لەعەشیرەتی مەنتک نین.
هەرچەندە پارتی بەیەکسانی و بەدیاری کراوە دەنگەکانی دابەش کردووە، بەڵام مەرج نییە بەم شێوەیە پارتی دابەشی کردووە، دەنگەکان بەکاندیدی مەنتکەکە بدرێت.
گرفتی سەرەکی کاندیدی دوەم ئامانج مەحمود هەرکی، ئەوەیە دوو ناوچەی گەورە سنوری دەنگەکان بەرپرسی ناوچەکان مەنتکن ئەویش ناوچەی خەبات کە گەورەترین ناوچەی ئەو بازنەیە بەرپرسی ناوچەکە، جەوهەر مەنتکە، بەرپرسی ناوچەی هێزی ناوەخۆی دەشتی هەولێریش هیوا مەنتکە، جگە لەهەبوونی گۆرانەکانی سنورەکە کە زیاتر لە 5 هەزار دەنگیان هەیە، چونکە چەندینجار شەڕ و کێشەی گۆران و هەرکیەکان گەیشتووەتە ئاستی خوێنداری لەگەڵ گۆرانەکان، بۆیە ترسیان هەیە گۆرانەکان دەنگ بەکاندیدی هەرکی نەدەن، لەناوەخۆی هەرکیەکانیش دابەش بوونە بەسەر دوو ئاغا ئەویش مەحمود ئاغا پارتییە، جەوهەر ئاغا یەکێتییە، بۆیە دەنگی هەرکییەکانیش دابەش دوو دەبن لە بازنەی دوو.
بە تایبەت ئەو هەرکیانەی لەموسڵ هاتوونەتەوە بۆ قەزای خەبات زۆرینەیان لەگەڵ جەوهەر ئاغان و یەکێتین، ئەوانەی دانیشتووی خەباتیشن ئەوانیش بەشێکیان یەکێتین لەگەڵ جەوهەر ئاغا کاردەکەن، هەرکیەکانی ئەم سنورە خۆیان نزیکی 15 هەزار دەنگیان هەیە، بەڵام گرفتی دەنگەکانی هەرکی پارتیەکانیش دابەش دەبن، لەسەر دەنگی تایبەت و گشتی، بۆیە ڕەنگە هەموویان نەتوانن دەنگ بەکاندیدی هەرکی بدەن.