گرنگ

بوار نیوز، دواین ئامادەکاری پارتی بۆ دەرچواندنی کاندیدەکانی بڵاودەکاتەوە

2021-10-09

 
پارتی ترسی لەدەرچونی نەهلە قادرو محەمەد خۆشناو هەیە
 
بوار نیوز، هەولێر
بوار نیوز، وردەکاری چۆنییەتی دابەشکردنی رێکخستنەکانی پارتی بەسەر کاندیدەکانیدا ئاشکرا دەکات. بەپێی ئەو زانیارییانەی لەئەنجامی بەدواداچونەکانی بوار نیوز دەستی کەوتوە دابەشکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەر هەر یازدە کاندیدەکەی سنوری پارێزگای هەولێر بەم شێوەیە:
بازنەی یەک
بەو پێیەی ئەوەی لەو بازنەیە لەکۆی پێنج قەزا پارتی سێ لقی رێکخستنی هەیە، ئەوانیش لقی 26ی گوڵان لەقەزای چۆمان و لقی 10ی لەقەزای سۆران و لقی 24ی سەفین لەقەزای شەقڵاوە. لەو بازنەیە دابەشکارییەکانی پارتی بەم شێوەیەیە:
یەکەم: جوان عەبدوڵڵا عومەر موهاجر، بەشێک لە دەنگەکانی قەزای مێرگەسۆری بۆ دیاریکراوە. بەو پێیەی ململانێ لەسەر کورسی کۆتا بونی نییە بەهۆی رێککەوتنی پارتی و نەوەی نوێ بۆ کشاندنەوەی کاندیدە ژنەکەی. تا پارتی بتوانێت زۆرترین دەنگ بۆ کاندیدە پیاوەکانی کۆبکاتەوە.
دوەم: سیپان عەزیز شێروانی، دەنگی ڕێکخستنەکانی لقی 10ی ئیدارەی سۆرانی، بۆ دیاریکردووە، لەم قەزایە نزیکەی 120 هەزار کەس مافی دەنگدانی هەیە.
سێیەم: نەهرۆ مەحمود رەواندزی، دەنگی ڕێخکستنەکانی لقی 26ی گوڵانی قەزای چۆمان و دەنگی قەزای ڕەواندزو دەنگی ناحیەی سیدەکانی بۆ دیاری کراوە، ئەمجارە نزیکی 47 هەزار کەس لەو سنورە مافی دەنگدانی هەیە.
چوارەم: محەمەد سدیق خۆشناو، دەنگی ڕێکخستنی لقی 24 سەفینی پارتی لەقەزای شەقڵاوەی بۆ دیاریکراوە.
لەو بازنەیە بەهۆی ئەوەی کاندیدی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کەسایەتییەکی دیاری ئەو ناوچەیە، پارتی هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە کە ئەو کاندیدەی یەکێتی دەرنەچێت، بەڵام پارتی ترسی هەیە سەرکەوتوو بێت لەپلانەکانی و بۆیە لەکۆکردنەوەی دەنگەکانی کەمتر چاوی لەسەر محەمەد خۆشناوە، چونکە ئەو سنورەی بۆی دیاریکراوە، کەمترین رێکخستنی پارتی لێیە بەراورد بەناوچەی کاندیدەکانی دیکە.
بازنەی دوو
سنوری بازنەی دوو چوار کورسی دیاری کراوە بۆ سێ قەزا، بازنەکە دەکەوێتە سنوری لقی 16ی پارتی و پارتی دوو کاندیدی هەیە، لەڕووی ڕێکخستن و تاکتیک پارتی دەنگەکانی خۆی بەم شێوەیە دابەش کردووە بەسەر هەردوو کاندیدەکەی.
یەکەم: ئامانج مەحمود هەرکی، سنوری دەنگەکانی لە کۆمەڵگای بەستۆرە تا قەزای خەبات لەڕووی ئیداری و ڕێکخستنی حیزبی بۆ دیاری کراوە، چونکە زۆرترین دەنگدەری هەرکی دەکەوێتە ئەم سنورە، ئەم کاندیدەش کوڕی سەرۆکی عەشیرەتی هەرکیە.
دووەم: خدر عەلی مەنتک، دەنگدەری پارتی لە هەردوو قەزای کۆیەو قەزای دەشتی هەولێری بۆ دیاری کراوە، چونکە پارتی لەقەزای کۆیە دەنگدەری کەمەو لەقەزای دەشتی هەولێر، مەنتک زۆر نییە، پێکهاتەکی ئاڵوزی هەیە، چونکە بەشی زۆریان ئاوارەی ناوچەکانی سنوری کەرکووک و سلێمانی و باڵەکایەتین لەقەزای دەشتی هەولێر دەژین.
بازنەی سێ
لەسنوری بازنەی سێ لەکۆی سێ کورسی پارتی تەنها دوو کاندیدی هەیە، ئەویش پیاو و ئافرەتێک، سنوری ئەو بازنەیە بۆ پارتی دەکەوێتە سنوری ڕێکخستنی لقی دووی پارتی.
یەکەم: رێبوار هادی، دەنگەکانی سێ ناوچەی جوگرافی و چەند ناوچەیەکی پیشەیی لەسنوری لقی دووی پارتی بۆ دیاری کراوە.
دووەم: لەیلا ئەکرەم، دەنگەکانی دوو ناوچەی رێکخستن و چەند ناوچەیەکی پیشەیی بۆ دیاری دیارکراوە، هەرچەند پارتی لەو بازنەیە خاوەنی لە 56% دەنگەکانە، بەڵام کاندیدی یەکێتی بەهێزترین کاندیدە بۆ کورسی سێیەم لەو بازنەیە.
بازنەی چوار
پارتی دیموکراتی کوردستان لەو بازنەیە خاوەنی 51%ی دەنگەکانە، کەچی پارتی سێ کاندیدی هەیە لەو بازنەیەو بۆ پارتی سەرخستنی سێ کاندید قورس دەبێت. پارتی دەنگەکانی لەم بازنەیە بەم شێوەیە بەسەر کاندیدەکان دابەش کردووە:
یەکەم: مەریوان قەرەنی، ناوچەی ئاڵاو ئاشتی کە دوو گەورەترین ناوچەی پارتین لەو بازنەیە بۆ ئەو کاندیدە دیاریکراوە لەگەڵ نوسینگەی مافپەروەران و ناوچەی هێزی ناوەخۆی.
دووەم: د. سەباح سوبحی، دەنگی هەردوو ناوچەی ڕزگاری و برایەتی، لەگەڵ ناوچەی ئایندەو فەرمانبەرانی دوو کە تایبەتە بە کارمەندانی کەرتی تەندروستی بۆ دیاری کراوە.
سێەم: دکتۆرە نەهلە قادر، هەردوو ناوچەی ئازادی و ڕاپەڕین و ناوچەی فەرمانبەرانی یەک کە تایبەتە بە ڕێکخستنەکانی پارتی لەناو وەزارەتەکان و ناوچەی ئاسۆی کە تایبەت بە زانکۆ و پەیمانگاکانی بۆ دیاری کراوە.
لەو بازنەیەدا دەنگەکانی پارتی تەنیا توانای بردنەوەی دوو کاندیدی هەیەو پارتی موجازەفە بەو کاندیدەکەی دەکات، چونکە رکابەرەکانی پارتی لەو بازنەیە دەنگی بەهێزیان هەیە، بەڵام تاکە گرەوی پارتی لەسەر پەرتبوونی دەنگەکانە لەنێوان کاندیدەکانی نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو. لەو حالەتە ئەگەر دەنگەکان زۆر پەرتببن ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە پارتی کورسی سێیەم ببات.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color