گرنگ

نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ: تاوەکو بڕیاری دامەزراندنمان نەدەرێت واز لە خۆپیشاندان ناهێنین

2021-10-19

 

 

25%ی مامۆستایان بایکۆتی خوێندن دەکەن

بوار نیوز، تایبەت
هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، بڕە پارەیەکی دیاریکراوی مانگانە (مقگوعە) بە مامۆستایانی وانەبێژ بدرێت، بەڵام مامۆستایانی وانەبێژ بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم ڕەتدەکەنەوەو ئەمرۆ سێشەممە لەیەککاتدا لە 14 پەروەردە بایکۆت و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت: "بە بایکۆتکردنمان، پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ پەکیدەکەوێت".
دوای بایکۆتکردنی پڕۆسەی خوێندن لە زۆربەی ناوەندەکانی خوێندن لەهەرێمی کوردستان بۆ ماوەی پێنج رۆژی لەسەر یەک، ناچار هەردوو وەزیری دارایی و ئابووری و وەزارەتی پەروەدەو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پەلە کۆبوونەوەو بڕیاریدا مانگانە بڕە پارەیەکی دیاریکراو (مقگوعە) لەجیاتی بەشە وانە بە مامۆستایانی وانەبێژ بدرێت، بەڵام مامۆستایانی وانەبێژ بڕیارەکە رەتدەکەنەوەو دەڵێن: "بەردەوام دەبین لەبایکۆت و خۆپیشاندان".
مانگانە بڕی 250 هەزار بۆ خاوەن بڕوانامەی دبلۆم و بڕی 300 هەزار بۆ خاوەن بڕوانامەی بەڪالۆریۆس و سەروترە دەدرێت، بەڵام شێوازو کاتی خەرجکردنی پارەکە دیارینەکراوە.
کارزان فیزیک، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە بواری راگەیاند: "بڕیارەکە خزمەتی مامۆستایانی وانەبێژ ناکات، چونکە بڕی پارەکە زۆر کەمەو مامۆستایەکی وانەبێژ ناتوانێت بەو پارەیە بژیت".
گوتیشی: "جگە لە دامەزراندنمان، بەهیچ بڕیارێکی دیکە خۆپیشاندان و بایکۆت ناشکێنین".
بەپێی بڕیارەکەی مامۆستایانی وانەبێژ، ئەمڕۆ سێشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2021، مامۆستایانی بایکۆتی پڕۆسەی خوێندن دەکەن و لەبەردەم پەروەردەکانی (رۆژهەڵات و رۆژئاوای سلێمانی، پەروەردەی قەرەداغ و شارباژێر، پەرورەدەی سەید سادق، لە ئیدارەی گەرمیان لە هەردوو پەرورەدەی کفری و کەلار، لە پارێزگای هەڵەبجەو پەروەردەی هەڵەبجە، لە قەزای پشدەرو قەڵادزێ‌ لە پەروەردەی رانیە لەئیدارەی راپەڕین، لەپەروەردەی کۆیە، لەبەشێک لەقوتابخانەکانی شەقڵاوەو پەروەردەکانی ئاکرێ‌ و بەردەڕەش) خۆپیشاندان دەکەن.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی پەروەدەی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 23 هەزارو 500 مامۆستای وانەبێژ هەیە کە دەکاتە نزیکەی 25%ی کۆی مامۆستایان.
کارزان فیزیک دەڵێت: "بە بایکۆتکردنی مامۆستایانی وانەبێژ پڕۆسەی خوێندنی (2021 -2022) لە هەرێمی کوردستان پەکیدەکەوێت کە ئەمە خواستی ئێمە نییە، بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێم گوێ‌ بە داواکارییەکەمانمان نادات".
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی (مامۆستایانی‌ وانەبێژو سێ یەکەمەکەی‌ زانکۆ و فەرمانبەرانی‌ گرێبەست) لەسەرەتای‌ مانگی‌ رابردوو، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران داوایان لە سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان کرد دانیشتنێکی تایبەت بەڕێوەبچێت، بەڵام وەڵامی داواکەیان نەدراوەتەوە.

بەشێک لە کێشەکانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان؛
یەڪەم: تاوەکو ئێستا شایستەی دارایی مانگی (2 و 3 )ی زیاد لە 25 پەروەردەی سەر بە وەزارەتی پەروەردە دابەش نەڪراوە.
دووەم: شایستەی دارایی مانگی (2 و 3)ی ساڵی 2021 بە سیستمی بەشەوانەیە، بەجۆرێک دبلۆم (3 هەزار) و بەڪالۆریۆس (4 هەزار) و ماستەر (5 هەزار) و دڪتۆرا (6 هەزار) دینارە بۆ هەر وانەیەک. بەپێی سیستمی بەشەوانە زۆربەی وانەبێژان زەرەرمەندن، چونڪە وانەبێژ هەیە بڕی 80 هەزار دینار وەردەگرێت بۆ یەک مانگ یان وانەبێژ هەیە بڕی 120 هەزار دینار وەردەگرێت بۆ یەک مانگ، لەڪاتێڪدا وانەبێژ هەیە ڪرێچییەو خاوەنی ماڵ و منداڵە.
سێیەم: زۆرێک لەمامۆستایانی وانەبێژ بەهۆی گواستنەوەو رێڪخستنەوەی میلاڪاتەوە دوورخراونەتەوە بێ ئەوەی رەچاوی ئەوە بڪرێت چەندین ساڵە وانەبێژە. مامۆستای وانەبێژ هەیە (3 ساڵ تاوەکو 10 ساڵە) مامۆستای وانەبێژەو خزمەت دەڪات، بەڵام ئێستا دوورخراوەتەوە ئەمەش جۆرێڪە لەسوڪایەتی ڪردن و شڪاندنی شڪۆی مامۆستای وانەبێژ.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color