گرنگ

کەمی ئاوی هەرێم عێراق نیگەران دەکات بەغدا بۆ دەستخستنی

2021-10-28

 

ئاو پەنا بۆ دادگای نێودەوڵەتی دەبات

بوارنیوز، بەغدا
بەرپرسانی عێراقی نیگەرانن لەکەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی رووباری سیروان، کە دەکەوێتە پارێزگای سلێمانییەوە.

ئاوی رووباری سیروان بەهۆی کەمبارانی‌و گرتنەوەی لەلایەن ئێرانەوە بەشێوەیەکی بێ‌ پێشینە کەمیکردووە، ئەوەش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی کارەباو بەرهەمی کشتوکاڵی ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق دروستکردووە.

بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی رووباری سیروان‌و بەرنەدانەوەی لەلایەن ئێرانەوە، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق مەهدی حەمدانی، دەیەوێت لەدادگای نێودەوڵەتی سکاڵا لەسەر تاران تۆماربکات،

زۆرینەی سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی عێراق لەئەنجامی بارانبارین‌و ئەو رێژە ئاوەیە لەخاکی ئێران‌و تورکیاوو سوریاوە دەڕژێتە خاکی عێراقەوە، کە ئێستا بەرێژەی سەدا 97 کەمیکردووە، ئەمەش کاریگەری گەورەی داناوە لەسەر چاوە ئاوییەکانی عێراق بەگشتی‌و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی.

رووباری سیروان یەکێکە لەو رووبارانەی بەشێوەیەکی بەرچاو و بێ‌ پێشینە کەمیکردووە، کە لەسەر ئەو رووبارە بەنداوی دەربەندیخان هەیەو ئاوی ئەو رووبارە گلدەداتەوەو دواتر بۆ ناوچە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای دیالەو سەڵاحەدین بەردەدرێتەوە، بەتایبەتی لەوەرزی هاوین.

رەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان دەڵێت: بەشێوەیەکی بەرچاو ئاوی بەنداوەکە کەمیکردووە، کە رێژەکەی لەچاو ساڵی رابردوو 7 مەترو 50 سانتیمەترە، کە ئەم کەمکردنە پێشینەی نەبووە لەرابردوو.

رەحمان خانی روونیشیکردەوە، سەرچاوەی سەرەکی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان باراناو ئەو رێژە ئاوەیە لەئێرانەوە دێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ کەمبارانی بووەو ئێرانیش چەند بەنداوێکی لەسەر رووبارەکە دروستکردووە، بەشێوەیەکی بەرچاو ئاوەکەی کەمیکردووە.

بەقسەی ئەو بەرپرسە، رێژەی گلدانەوەی ئاو لەبەنداوی دەربەندیخان بۆ ئەمساڵ 900 ملیۆن مەتری چوارگۆشە بووە، لەکاتێکدا لەساڵانی رابردوو ئەو رێژەیە 4 ملیارو700 ملیۆن مەتر چوارگۆشە بووە.

ئەو کەمبوونەوەیە کاریگەری گەورەی لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا هەبووە، کە بەرێژەی لەسەدا 30 کەمیکردووە، هەروەها بەشێوەیەکی بەرچاویش کاریگەری گەورەی لەسەر بەرهەمهێنانی بەروبومی کشتوکاڵی هەبووە.

بەهەمان شێوەی ئەو دۆخەی لەهەرێمی کوردستان هەیە، لەئێرانیش هەمان هەیە، کە زۆربەی سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو وڵاتە بەرێژەی نیوە کەمیانکردووە، ئەوەش لەئەنجامی کاریگەری ئەو کەمبارانییەی ناوچەکەی بەگشتی گرتووەتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی مهری ئێرانی ئەو کەمبارانییەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، کاریگەری گەورەی لەسەر رێژەی ئاوی بەنداوەکانی ئێران داناوە، کە ژمارەیان 40 بەنداوەو رێژەی کەمبوونەوەکەشیان لەنێوان لەسەدا 10 بۆ لەسەدا 70.

دۆسییەی ئاو دۆسییەکی گرنگە لەنێوان عێراق‌و ئێران، چونکە چەندین سەرچاوەی ئاوی هاوبەش لەنێوانیان هەیەو بەردەوامیش هەردوولا لەگفتوگۆدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەو بارەوە هەیە.

لەو بارەشەوە بۆ ئەمساڵ وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق چەندین جار داوای لەوەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران کردووە، کە رێژەی بەردانەوەی سەرچاوە ئاوییەکان زیاد بکەن، بەڵام لایەنی ئێرانیش بەهۆی کەمبارانی ناتوانێت داواکارییەکانی بەغدا جێبەجێبکات.

لەو بارەشەوە وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران رایگەیاندووە، لەدەسەڵاتی ئەواندا نییە رێژەی بەردانەوەی ئاو زیاد بکەن بەو پێیەی رێژەکەی لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە لەتاران دیاریکراوە، ئەوەش لەپێناوی دەستگرتن بەو سەرچاوە ئاوییانەی هەیانە.

دیارترین ئەو پارێزگایانەی عێراق، کە رێژەی کەمئاوی کاریگەری لەسەر داناوە پارێزگای دیالەیە لەناوەڕاستی عێراق، کە ئێستا بەتەواوی سەرچاوە ئاوییەکانی نەماوە، کە رووباری سیروانە.

لەمانگی ئابی رابردووش، چەند رێکخراوێکی مەدەنی هۆشداریاندا لەبارەی رێژەی کەمئاوی لەعێراق، کە پێنجەم وڵاتی جیهانە کاریگەری کەشوهەوای لەسەرەو باسیان لەوە کردووە، بەهۆی کەمئاوی هەڕەشە لەسەر ژیانی حەوت ملیۆن کەس هەیە.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color