گرنگ

دۆسییەی شەھیدانی شەڕی داعش دەگوازرێتەوە سەر وەزارەتی شەهیدان

2021-10-28

 

بەپێی یاسای چاكسازی موچەی شەهیدانی شەڕی داعش رێكدەخرێتەوە

بوار نیوز، هەولێر
دۆسییەی شەھیدانی شەڕی داعش دەگوازرێتەوە سەر وەزارەتی شەهیدان، ئەوەش بەپێی بەپێی یاسای چاکسازی‌و ئامانجیش لەو هەنگاوە چاكسازیكردنە لەدۆسییەو موچەی شەهیدانی شەڕی داعش.

بەرەڤان حەمدی بریکاری وەزارەتی شەھیدان‌و ئەنفالکراوان لەو بارەوە بەبوارنیوزی راگەیاند، موچەی شەھیدانی شەڕی داعش هاوشێوەی شەهیدەکانی تری هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسایی ژمارەی 9 ی سال 2007 چاكسازی دەگوازرێتەوە سەر وەزارەتی شەهیدان.

بریکاری وەزارەتی شەهیدان راشیگەیاند، دۆسییەی شەهیدانی شەڕی داعش تا ئێستا لەسەر میلاکی وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوەخۆ بوون‌و بەئامانجی چاكسازی لەو دۆسییانەو رێكخستنەوەیان، دەگوازرێنەوە سەر وەزارەتی شەهیدان.

بەقسەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی شەهیدان، بەشی زۆری پرۆسەکە تەواو بووە، لە ئایندەیەکی نزیکیشدا ڕێکارەکانی لە ئەنجوومەنی وەزیران کۆتایی دێت‌و وتیشی: ئێستا سەرقاڵن لەگەڵ وەزارەتی ناوەخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گواستنەوەی تەواوی دۆسییەکانی شەهیدانی هێزی زێرڤانی و هێزی بەرگری و فریاکەوتن، چونکە ئەم دوو هێزە سەر بە وەزارەتی ناوخۆن نەک پێشمەرگە.

شەڕی داعش لەهەرێمی كوردستان لەساڵی 2014 بۆ ساڵی 2017 بەردەوام بوو، كە لەو ماوەیە 1760 كەس لەهێزەكانی پێشمەرگەو ناوخۆو خۆبەخشەكان شەهید بوون‌و لەوەزارەتەكانی خۆیان وەك شەهیدی شەڕی ناوخۆ ناویان تۆماركراو هەر لەرێگەی وەزارەتەكانیشیان موچەو ئیمتیازاتەكانیان بۆ دابین دەكرا.

لەبارەی گۆڕینی ئەو دۆسییانە لەوەزارەتێكەوە بۆ وەزارەتێكی ترو ئیمتیازاتی شەهیدەكان، بەرەڤان حەمدی وتی: دۆسییەكان بەهەمان پلە و ئیمتاز پێشووی خۆیان دەگوازرێنەوە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی پارێزگاکان، بەڵام موچەکانیان بەپێ یاسایی ژمارەی 9ی ساڵی 2007 دەبێت، كە ئەو یاساییە تایبەتە بەماف و ئیمتیازاتەکانی کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوانی کوردستان.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color