دکتۆرە دیلمان وەڵام دەداتەوە
دکتۆرە دیلمان ئازاد خۆشناو
پسپۆری پزیشکی دادوەری
مامۆستا لە کۆلیژی پزیشکی
کاتێک قوتابی دەیەوێ لەقوڵایی بابەتەکان تێبگات هەموو هەوڵێک دەدات بەچ شێوەیەک باوەڕ و هزری خۆی لەسەر شێوەو دەربڕینی پێشکەش بکات تا دەگاتە ئاستی هەڵ ڕشتن و پرسیار کردن و وەڵام وەرگرتن درێژە بە گەڕانەکەی دەدات لەپێناو گەیشتن بەڕاستی و دروستی بابەتەکەی.
بەڕێزان/ خوێنەران و ئازیزان
من وەک پسپۆری بوارەکەم و مامۆستا لە کۆلیژی پزیشکی
زۆر حەز دەکەم هەم قوتابیەکانم هەم ئەندامانی کۆمەڵگاکەم سود وەرگرن لەو بەشە زانستیەی کە من پسپۆریم لێی خوێندووە، چونکە ئەمەیان پەیوەندی بە ئەندامانی خێزانی هەموو کۆمەڵگاکەمان هەیە.
ئەوەی مەبەستمە زۆر دڵ خۆشبوم کاتێک قوتابیەکی من، هەم وەک قوتابی هەم وەک گەڕیدەیەکی شەکەت بەدوایی زانست و زانیاریدا دەگەڕاو کۆمەڵێک پرسیاری لەکۆڵدا هەڵدابوو. کە کاریگەری کۆمەڵگایی لێ بەدیدەکرا لەنێوان ئازادی تاک و هێستریای کۆمەڵگا.
لێرەدا بەشێوەی پرسیار و وەڵام
گفتوگۆیەکەتان بۆ دەخەمە روو.
قوتابی: سڵاو
سڵاو لەخۆت
قوتابی: ماموستا دەکرێ بزانم جەنابت بۆچی تەنها باسی یەک بابەت دەکەی ئەویش (پەردەی کچێنیە).
وەڵام: من پسپۆری پزیشکی دادوەریم و ڕۆژانە مامەڵەم لەگەڵ ئەو کەسانەیە کە دەست درێژی سێکسیان دەکرێتەسەر و پشکنینی پەردەی کچێنیان بۆ دەکەین.
هەروەها نامیلکەی ماستەرو پسپۆریەکەم لەسەر ئەو بابەتەیە.
قوتابی: ماموستا دەکرێ بزانم بۆ بابەتی پەردەی کچێنیت هەڵبژاردوه؟
وەڵام: زۆر کێشەی گەورە ڕۆژانە لەنێو کۆمەڵگاکەمان ڕوودەدەن لەسەر ئەو بابەتە. بیرم کردەوە چۆن سودم دەبێت بۆ کۆمەڵگا ئەگەر زانیاری دەربارەی پسپۆریەکەم نەورژێنم. بۆیه بڕیارمدا بەپێی توانا کۆمەڵگا هۆشیار بکەمەوە لەو باوەڕەی کە دەستاو دەستی کردەوەو تا ئێستاش ئێمەی نەوەی ئەو سەردەمە ڕێکارە هەڵە باوەکان شانازی پێوەدەکەین. چونکه بەپێی زانست باسکردنی هیچ کامێک لە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ بەعەیب هەژمار نەکراوەو پێویستە خەڵکی زانیاری دەربارەی جەستەی خۆیی هەبێت و بەتایبەت کچان و ژنان دەبێت هۆشیاریان هەبێت لەسەر پەردەی کچێنیان. ئەو بابەتەش دەبێت بگاتە هەر تاکێک بۆ ئەوەی زانیاری دەربارەی هەبێت. ئێمە ڕۆژانە کێشەو گرفت دەبینین لەسەر بابەتی پەردەی کچێنی کە زۆربەی توێژەکان لەنێو ئازاری نەبونی هۆشیاری دەناڵێنن. کەدەڵێین زۆربەی چینەکان بێ جیاوازی.
قوتابی: بەڵام وای دەبینم دەتەوێ بیرو باوەڕی هەڵە بگۆڕیت؟
وەڵام: بەڵێ، کۆمەڵگایی ئێمه و هەموو کۆمەڵگایەک خاوەنی کلتوری تابیەتن و شانازیی دەکەن بە بەهاو ڕەوشتە جوانەکانی کۆمەڵگایەکانیان. بۆیە منیش وەک تاکێک لەنێو شانازی ئەو کلتورە جوانانە دەژیێم.
بەڵام دەکرێت ئەو بیرو باوەڕە هەڵانەی لە عادەتەوە خزاونەتە نێو کلتور بەهەمومان جیایان بکەینەوەو ببینە پردی پەیوەندی زانست و نەوەی داهاتو هەروەها پردی پەیوەندی نێوان زانست و ئەوانەی لە ئێستاشدا زانیاریان دەربارەی ئەو بابەتەنیەو لەسەر هەمان عادەتی جاران کلتور بەکار دەهێنن بۆ بەستنەوەی پاکیزەیی کچان بە پەردەی کچێنی و بینینی جەند دڵۆپەیەکی خوێن کە من وەک پسپۆری ئەو بوارە ئەو هەڵە گەورەیە دەبێت ڕاستبکەمەوە کە نەپاکیزەیی کچ و نە ئەو چەند دڵۆپە خوێنە هیچ بونیان نیە.
خۆدەکرێت ئەگەر هیچ نەبێت مەرگی مرۆڤێک لە ڕاستی و دروستی ئەو بابەتە ڕزگاربکەین
کە بەبێ تاوان ئەندامی جەستەی کە شێوەو قەبارەی پەردەی کچێنیەکەیەتی و بەبێ ئاگایی خۆیی بەو شێوەو قەبارەیە خولقێنراوە ئاگاداریبکەینەوە و نەبونی دڵۆپە خوێن پەیوەندی بە ئابڕو و ڕەوشتی ئافرەتەوەنیە.
دەمەوێ ئەوەت بۆ ڕونبکەمەوە لەگرینگی پسپۆڕییەکەم و دەستبردن بۆ ئەو ئەندامەی جەستەی مرۆڤ و ئەو ناوەی لەلای زۆربەی چینەکانی کۆمەڵگاش ئێستاش ناو هێنانی عەیبەیە، کاتێک منداڵێک یان ژنێک لەلایەن کەسانێک دەستدرێژی سێکسیان دەکرێتە سەر جا چ کەسی تۆمەتبار ئەندامی خودی خێزانی تاوان بەرامبەر کراو بێت یان کەسی دەرەوەی ئەو خێزانە بێت . ناکرێت ڕاستی و دروستی تۆمەتبار بسەلمێنرێت و مافی تاوان لێکراویش بەسەر تاوانباردا بچەسپێنرێت.
لێرەدا دەبێت هەمومان بزانین ئەو کەسانەی دەستدرێژیان دەکرێتە سەر دەبێت بەو جۆرە هۆشیارییەی ئێمه دەستمان داوەتێ و بڵاوی دەکەینەوە ببێتە مایەی پاڵپشتی کردن و ڕێز لێگرتنیان نەوەک گۆشەگیر بکرێن و بەچاوێکیتر لێیان بڕوانین و دووجار ببنه قوربانی.
قوتابی: ئاگاداری زۆر کەس هەن بە کۆنە پەرست ناوت دەبەن، چونکە بابەتی پەردەی کچێنی لەناو کۆمەڵگایەک باس دەکەی نەوەکانی ئێستای ڕۆژ لەدوایی ڕۆژ ئاشنای پێشکەوتن دەبن؟
وەڵام: بەزەردەخەنەیەک، بەناوەڕۆکی پرسیارەکانی داچومەوە کە ئێستا نازانم من کۆنە پەرستم یان هەڵگری پەیامی تێکشاندنی کۆنە پەرستی و خەریکی بەخشینی زانیاری و زانستی سەردەمیانەم. منێک کە ئاشنایی ئازارەکانی ژنان و مێینەی ئەو مەملەکەتەم و شاهێدی جەستەی هەنجن هەنجن کراوی ژنانی ئەو نیشتیمانەم و بەدیار بێ ئاگایی داوێنی منداڵێکی ئەو گەلە تنۆک تنۆک فرمێسک دادەڕێژمە سەر بێ وویژدانی نێرباز و تاوانباران و ئەوانەی دەست لە دەستردێژی سێکسی ناپارێزن و بوینەتە مەشخەڵی ڕوناکی ژیانی بێ تاوانی ژنان. یان باسکردنی کوشتنی ئافرەت بێ هۆکار و گەراندنەوەی کوشتنەکەی بۆ شەرەف.
نا ،کۆنە پەرست ئەوانەن کە دەیانەوێ پەردەی عەیبە لەسەر ئەوبابەتە بمێنێتەوەو بە ئارەزوی خۆیان خەریکی ئاکاری ناشرینی خۆیان بن و منداڵان و ژنان بکەنە قوربانی ئارەزوەکانیان.
ئازیزم ئەی ئەوەنیه ئێمە لەو سەردەمەدا ڕۆژانە شاهێدی ئەو حاڵەتانەین و رۆژانە مەمەڵەیان لەگەڵ دەکەین.
من دەزانم. هەرکەسانێک ڕووبەڕوی ئەو ڕۆژگارە نەبونەتەوە لایان سەیرە کە ئەو باسانە دەورژێنرێن . کەهیوای من ئەوەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان کەس توشی دەرگای ئەو ڕۆژگارە تاڵە نەبێتەوە .
بۆیە گرینگە هەمومان هاوکار و هەماهەنگ بین لەپێناو پاراستنی داب و بەگژ داجونەوەی نەریتی
ناڕێک و خراپ بەکارهێنانی زانست.
لە کۆتایدا سوپاس کە ئێوە خوێنەرن و سوپاس کە ئێوە لەشکرێکی هۆشمەند و بە ویقارن و
هاوکارن لەگەڵم کە دژی توندو تیژی و
دژی نا هۆشیاری زانستین و
هیوای سەرکەوتن بۆ قوتابیەکەم
کە توانی بمخزنیتە ناو شیکار و پێداچونەوە بە کۆمەڵێک بەربەستی قوڵ کە بە ئاگا بێنمەوەو جدیتر لەسەر بابەتی پەردەی کچێنی کاربکەم و لەگەڵ ئێوەی ئازیز
کۆمەڵگا بەرەو زیاتری هوشیاری ببەین.