ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی هەرێمی کوردستان داویەتی چین؟
بوارنیوز، تایبەت
ئەم چەند رۆژە هەموومان گوێبیستی چەند بڕیارێکی دادگای فیدراڵی عێراقین، کە بەشێکی زۆر لەبڕیارەکان پەیوەندیدارە بەهەرێمی کوردستانەوە، بۆیە گرنگە بپرسین، دادگای فیدراڵی عێراق چییەو دەسەڵاتەکانی چین؟
دادگای باڵای فیدراڵی بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لەعێراق، ئەرکی ئەو دادگایە یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانە لەبارەی دەستوورەوە، ئەم دادگایە بەیاسایەکی وزاری لە ساڵی 2005 پێکهێنراو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ژمارە ٤٥ی ئاسایی وەرزی یەکەمی یاسادانان بۆ ساڵی سێیەم لەخولی چوارەمی ھەڵبژاردنی خۆیدا، کە لە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٨ی ئاداری ٢٠٢١ بەڕێوەچوو، هەمواری یەکەمی یاسای ژمارە ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥ی دادگای باڵای فیدراڵی کردو پێکهاتەی نوێی دادگاکە راگەیەنرا.
بەپێی ئەو یاسایەی، کە دادگاکەی لەسەر پێکهێنرا، بارەگای دادگای فیدراڵی لە بەغدادی پایتەختی عێراق دەبێتو دادگاکە لەڕووی کارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆیەو پێکهاتەی دادگای باڵای فیدراڵیش لە ١٣ دادوەر پێکهاتووە، کە بریتیین لە سەرۆک و جێگر و حەوت ئەندامی رەسەن و چوار ئەندامی یەدەگ.
هەروەها بەپێی ماددەی (93)ی دەستوری عێراق، ئەرکی دادگای باڵای فیدراڵی بریتییە لەچاودێریکردنی دەستوریبوونی یاسا و پەیڕەوە بەرکارەکانو لێکدانەوەی دەقەکانی دەستوورو یەکلاکردنەوەی ئەو پرسانەی لە جێبەجێکردنی یاسا فیدراڵییەکان و بڕیار و پەیڕەو و رێنماییەکان و ئەو رێوشوێنانەوە دێنە ئاراوە، هەروەها یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکیانەی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و پارێزگا و شارەوانی و ئیدارە خۆجێییەکان روودەدەن.
لەگەڵ یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی لە نێوان حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگاکاندا دێنە ئاراوەو یەکلاکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرەکان دەکرێنو پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە گشتییەکان بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانو یەکلاکردنەوەی ناکۆکی تایبەتمەندیی لە نێوان دادگای فیدراڵی و دەستەی دادوەری هەرێم و پارێزگا رێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی هەرێمداو یەکلاکردنەوەی ناکۆکی تایبەتمەندیی لە نێوان دەستەی دادوەری هەرێمەکان، یان پارێزگا رێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی هەرێمدا.
هاوکات دەستوری عێراق بەپێی ماددەی (94) هەموو دەسەڵاتەکانی عێراق پابەند و ملکەچ دەکات بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بەمەش ئەو بڕیارانەی لە بارەی هەرێمی کوردستان داویەتی، دەبێت حکومەتی هەولێر پێیەوە پابەند بێت، بەتایبەتی دواین بڕیاری دادگاکە، کە بریتی بوو لە نایاسایی بوونی یاسای نەوتو گازی هەرێمو هەڵوەشانەوەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆو ئاشکراکردنی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمو رادەستکردنی تەواوی دۆسییەی نەوتی هەرێم بە حکومەتی عێراقی.
سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەریی، دادوەر جاسم محەمەد عەبود وهک سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی و سەرۆکی دادگای تاوانەکانی ئەنبار، دادوەر سەمیر عەباس، وهک جێگری سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی دیارییکراون.
هەروەها ئەندامانی رەسەنی دادگای باڵای فیدراڵی پێکهاتوون لە سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی واست، دادوەر غالیب عامر و سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی نەجەف، دادوەر حەیدەر جابر و ئەندامی دادگای تەمییز، دادوەر ئەیوب عەباس و ئەندامی دەستەی تەمییز لەدادگای تێهەڵچوونەوەی سەڵاحەددین، دادوەر خەلەف ئەحمەد رەجەب و سەرپەرشتیاری دادوەری، حەیدەر عەلی نوری و سەرۆکی دادگای تاوانەکانی دهۆک "کورد"، دادوەر عەبدولڕەحمان سلێمان و سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی "کورد"، دادوەر جاسم جەزا.
هاوکات هەریەک لە سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرخ، دادوەر خالید تەها و سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەسرە، دادوەر عادل عەبدولڕەزاق و ئەندامی دەستەی تەمییز، دادوەر موزیر ئیبراهیم و سەرۆکی دادگای نەوجەوانانی دهۆک، دادوەر تاهیر سلێمان وەک ئەندامانی یەدەگی دادگای باڵای فیدراڵی دیارییکراون.
تا ئێستا دادگای فیدراڵی عێراق چەند بڕیارێکی لە بارەی هەرێمی کوردستانەوە داوە، ئەوەش لە دوای دروستبوونییەوە، کە بریتین لە راگەیاندنی هەڵوێست لەبارەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانو دادگاکە لە پرسی پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا کە (ناز نوری عارف) سەرۆکی پێشووی داواکاری گشتی سلێمانی لە دادگاکە سکاڵای لەسەر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم تۆماریکردبوو، رایگەیاند، یەکلاکردنەوەی بڕیاری پاشەکەوتی موچە لە تایبەتمەندی ئەو نییە.
لە پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیش دادگاکە ساڵی 2017، ریفراندۆمەکەی هەرێمی بە نادەستووری وەسفکرد و پاشان بە بڕیارێکی تر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمی راگەیاند، بڕیارێکی تریشی تایبەت بوو بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان، دادگا هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدانی رەتکردەوە تا ئەو کاتەی دەسەلمێنرێت ساختەکاری کراوە.
ئێستا پارتی دیموکرات وەک لایەنی سەرەکیو دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە "سیاسی" ناو دەبات، بەرپرسانی ئەو حیزبەش باس لەوە دەکەن، لە ئەنجامی هەڵوێستەکانیان لە بارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقو چوونە پاڵ لیستی تەیاری سەدری بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئێران لە رێگەی دادوەرە شیعەکانی ئەو دادگایە، کە ژمارەیان 5 دادوەرە، ئەو بڕیارانە لە دژی هەرێمو پارتی دیموکرات دەدات، لەوانەش بڕیاری دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقو نایاسایی بوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێم.