گرنگ

بەهار مەحمود: ئەو دادوەرانەی لە دادگای فیدراڵین زۆر باش ئەو ڕاستییە دەزانن كە دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن نایاسایی و نادەستورییە

2022-02-23

 

 

ئەگەر هەر 24 کاندیدەکەی سەرۆک کۆمار، هاوشێوەی هۆشیار زێباری، كێشەیان هەبوایە ئەوكات دەگەیشتینە (ئیستیحالە) لەو حاڵەتەشدا دەبوو بەناچاری دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتن بكرێتەوە

بوارنیوز، تایبەت
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بەوە دەكات ئەو دادوەرانەی لە دادگای فیدراڵین زۆر باش ئەو ڕاستییە دەزانن كە دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن نایاسایی و نادەستورییە و پێچەوانەی بڕگەو ماددەكانی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، بەڵام ئەگەر سبەی بڕیارێكی دیكە بدرێت ئەو بۆ ڕاگرتنی باڵانس و لە ژێر فشاری سیاسیدا دەبێت.

بەهار مەحمود، پسپۆڕی یاسایی و ئەندامی لیژنەی یاسا لە خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە بوارنیوزی ڕاگەیاند: دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن لە لایەن دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی بابەتێكی نادەستوری بوو، چونكە ئەو بڕیارە پێچەوانەی یاسای ژمارە ( 12 )ی ساڵی 2008ی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، لە كاتێكدا لەو یاسایەدا نەوتراوە دەبێت دووجار دەرگای خۆپاڵاوتن بكرێتەوە لەگەڵ ئەوەشدا لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار نەگەیشتووینەتە (ئیستیحالە) و دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن.

ئاماژەی بەوەشكرد، (ئیستیحالە) بریتیە لەوەی كە ئەو 24 كەسەی كە لە یەكەم كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن ناوی خۆیان تۆماركرد جگە لە (هۆشیار زێباری) كە ڕەتكرانەوە، واتە ئەو 24 كەسەی دیكەش هاوشێوەی هۆشیار زێباری، كێشەیان هەبوایە ئەوكات دەگەیشتینە (ئیستیحالە) لەو حاڵەتەشدا دەبوو بەناچاری دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتن بكرایەتەوە، چونكە پرۆسەكە بە بنبەست دەگەیشت، بەڵام بەهیچ جۆرێك نەگەیشتوینەتە ئەو حاڵەتە.

بەهار مەحمود ئەوەشی ڕوونكردەوە، من لەوە دڵنیام كە ئەو دادوەرانەی لەدادگای فیدراڵین ئەم راستییە باش دەزانن دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن نایاساییە، بەڵام ئەگەر لەپیناو دروستكردنی كەشێكی سیاسی هاوسەنگ یاخود لەژێر فشاری سیاسیدا بڕیارێكی پێچەوانە بدەن، ئەوە بابەتێكی دیكەیەو دادگای فیدراڵی خۆیان بەرپرسن لەهەر بڕیارێك.

ئەو پسپۆڕە یاساییە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بیانووەی دەستەی سەرۆكایەتی دەیهێنێتەوە گوایە بەهۆی ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە وادەی خۆیدا بەڕێوە نەچووە دەبێت دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتن بكرێتەوە هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە، ئەوەش زۆر لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەوێت، چونكە جگە لەوەی كە پێشێلكردنێكی دەستوری بوو لە هەمان كاتیشدا بەجۆرێك لە جۆرەكان سوكایەتیكردنبوو بە پەرلەمان لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتییەكەیەوە.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color