گرنگ

تڕاژیدیای ئیمان

2022-03-09

 

تڕاژیدیای ئیمان

هه‌موو شتێك له‌باره‌ى چیڕۆكى تراژیدیاى ماریا

ماریا، فریشته‌یه‌كى خه‌ڵه‌تێنراو بوو، یاخود شه‌یتانێكى پاڵه‌وان ؟

ماریا و براكه‌ى چ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ گروپه‌كه‌ى گۆڤه‌نده‌وه‌ هه‌بوو ؟

بوار نیوز، تایبەت
من ئەزانم ڕۆژێک دەنگم باشتر دەبێت ! ئەوکاتە پڕ بە دەنگم دانە بە دانەی تاڵیەکانی چێشتوومە بە گۆرانی دەیچرپێنم بەگوێی تاک بەتاک......
ئەمە کۆمێنتی ماری سامی بوو لەسەر ئەو گۆرانییە کە لە ئەکاونتەکەیەوە پۆستی کردبوو.

تــۆڵــە کـردنـەوە! کــپکـردنـەوەی ئەو ئــاگرەی نــاختــە کــاتــێـک ھــەســت دەکــەی ســتــەم لـێـکـراوی......
ئەمە یەکێکە لە پۆستەکانی ئەو کچەی لەدوای مەرگییەوە وێنە و ڤیدیۆکانی تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوەو خۆی دەڵێت ئەم تۆڵەکردنەوەیەم زۆر چێژ بەخشە!

ئەو ویستویەتی تۆڵە لە کێ بکاتەوە؟

بۆچی بەردەوام ئەم کارانەی ئەنجامداوە کە بەوتەی خۆی هەموو سنورەکانی کۆمەڵگە بشکێنێت!

ئەو کچە لە کێ یاخیبووە؟

ئایا ئەو فریشتەیەکی خەڵەتێنراو بوو یاخود شەیتانێکی پاڵەوان؟

لەدوای مەرگی ئیمان سامی مەغدید، وەک هەر ڕوداوێکی دیکە، هاوڵاتیانی هەرێمی دابەشی دوو بەرە کرد...

بەرەیەک پێی وایە، ئیمان فریشتەیەکی خەڵەتێنراوەو کەوتووەتە دەست ڕێکخراوەکانی ژنان و بەو شێوەیە ئاڕاستەیان کردووە تا ئەنجامەکەی بەم ڕۆژە گەیشتووە...

بەرەی دووەم، پێیان وایە، ماریە سامی، پاڵەوانێکی گەورە بووەو لەپێناو ئازادی خۆیدا یاخی بووە لەهەمووان...

”درۆزنەکان، من بووم بە ماسی بە ئێوە چی؟” ماریە ئەم دێڕەی لەژێر ناوەکەی نوسیوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک. ئەو ڕوو لەتاکەکانی کۆمەڵگە دەکات و بە درۆزن ناویان دەهێنێ، کە ئەو بوە بە هەر شێتک بە ئێمە چی؟

ئیمان سامی مەغدید حەداد، ناسراو بە ماری سام، لەئەیلولی ساڵی ٢٠٠٢ لە دایکبووە، لە خێزانێکی ئاسایی شاری هەولێر، لە منداڵیدا وەک هاوڕێکانی سامی مەغدید، باسی دەکەن بەهۆی ئەوەی ماریا یەکەمین منداڵی بووە، بەردەوام لەگەڵ خۆی بردووە بۆ هەموو شوێنێک.

بەڵام بەهۆی هەبوونی کێشە لەنێوانیاندا، باوک و دایکی ماریا لەیەکتر جیا دەبنەوە.
ماریا جگە لە خۆی دوو برای لە خۆی بچووکتری هەبووەو لە دوای جیابونەوەی دایک و باوکیشی، ئەو دوو براو خوشکە لە ماڵی نەنکیان لەگەڵ باوکیاندا ژیاون.

دوای ساڵێک دەچنە لای دایکیان و لەوێ دەمێننەوە تا ئەو کاتەی دایکی دەیەوێت شوو بکاتەوە، دایکی لە ڕێگەی ڕێکخراوێکی ئیسلامییەوە کەسێکی بۆ دەدۆزێتەوە، کە بەرپرسیارێتی هەیەو کوڕی مەلایەکی ناسراوی ناوچەی پشدەرە.
دایکی ماریا، هاوسەرگیری لەگەڵ مەلایەکی ناسراوی هەولێر دەکات و دەبێتە هاوسەری سێیەمی ئەو مەلایە کە لەیەکێک لە کەناڵە لۆکاڵییەکان بەرنامە پێشکەش دەکات.

بەپێی وتەی چەند شایەتحاڵێک کە قسەیان بۆ بوار کردووە، خودی ماریا بەهیچ شێوەیەک بەو هاوسەرگیرییە ڕازی نەبووەو لەو کاتەدا ماریە تەمەنی ١٥ ساڵ بووە، بەڵام بەهەر نرخێک بێت دەدرێت بەو کەسە.
ڕەزامەندی باوکی ماریاش بۆ ئەم مەبەستە وەردەگیرێت.

دوای چەند مانگێکی کەم، لەگەڵ ئەو کەسە دەژیت و دواتر بەبیانوی ئەوەی ئەو ژنە، ژنێکی چاو لەدەرەو هاوسەرەکەی لەگەڵ باوکی ماریا دەدانیشێت و شتەکانی بۆ ڕوندەکاتەوە. لەدوای ئەمە هاوسەرگیرییەکەیان هەڵدەوەشێتەوە.

بەپێی بەدواداچونەکانی بوار، دوای جیابوونەوەشی لە هاوسەرەکەی، ماریا لە ڕێگەی چەند کەسێکەوە سەرەتا هەوڵ دەدات لە کەناڵێکی ئاسمانی حیزبە ئیسلامییەکان ببێت بەبێژەر، بەڵام لە هەوڵەکەی سەرکەوتوو نابێت، لە دوای ئەوە بەناچاری ڕوو لە کەناڵێکی ناوخۆیی دەکات و خاوەنی کەناڵەکەش پێی دەڵێت دەبێت هەر یەک لە دایک و باوکت ئاگادارم بکەنەوە کە هیچ کێشەیەکییان نییە لەدەرکەوتنی تۆ لەسەر شاشەی تیڤی. دوای ئەوەی دایک و باوکی بەجیا قسە لەگەڵ بەڕێوەبەری کەناڵەکە دەکەن، دەست دەکات بەپێشکەشکردنی بەرنامە لەو کەناڵە.
لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٩ لەو کەناڵەش دوور دەکەوێتەوەو لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر دەست دەکات بە کاری مەندووبی لەو کۆمپانیایە.

سەرەتای کێشەکان
لەو ماوەیەی لەو کەناڵە ناوخۆییە کاری کردووە، بەهۆی ئەوەی دوای جیابوونەوەی بوو لەهاوسەرەکەی و بەردەوام کێشەی هەبووە لەگەڵ دایکی و باوکی، بەردەوام ویستویەتی کەسێک بدۆزێتەوە بتوانێت کێشەکانی بۆ چارەسەر بکات و هاوکاری بکات، بەڵام پەنای بۆ هەر کەسێک بردووە، زۆربەیان هەوڵی ئیستیغلالکردنی داوە.
ئەو هەوڵانەی ئیستیغلالکردنی ناوبراو دەیگەیەنێتە ئاستێکی تەواو بێ متمانە، چونکە زۆربەی ئەوانەی لای خێزانەی جێگەی متمانە بوون و ئەویان پێ سپاردووە، هەوڵی ئیستیغلالی داوە.

چەندین کەسایەتی ناسراویش کە ماریا پەنای بۆ بردوون، بۆ ئەوەی هاوکاری بکەن، ئەوانیش لە ژێر ناوی ئامۆژگارییەوە هەوڵی ئیستیغلالکردنیان داوە.
ئەمە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ماریا پێی وابێت هەموو پیاوێک دڕندەیەکە و هەر ڕۆژەو لەبەرگێکدا لەبەردەمی ئامادە دەبن، ئەو وەک لای یەکێک لە هاوڕێکانی باسیکردووە بە تەواوی لە ئیسلامییەکان بێ هیوا دەبێت و پێی وایە ئەوانەی لەدەورو پشتی ئەون هۆکاری وێرانکردنی ژیانی ئەون، بۆیە لەبازنەی یەکەمی ئەو کەسانەی بەهۆکاری وێرانکردنی ژیانی دەزانێت بەنمرەی یەکەم، دایکی و پاشان هاوسەرەکەی و پاشانیش باوکی، بۆیە ماریا لە کەسێکەوە کە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت بۆ کێشە و گرفتەکانی دەبێت بە کەسێک بەدوای تۆڵەدا دەگەڕێت و دەیەوێت تۆڵە بکاتەوە.

کافتریا، دەروازەی تۆڵەکردنەوە
ماریا لەڕێگەی هاوڕێیەکییەوە ڕۆشنبیرێکی دیاری کورد دەناسێت کە خاوەنی کافتریایە لە هەولێرو چەند میوزیک ژەنێک لە کافتریاکەی کاردەکەن. سەرەتای تۆڵەکردنەوەی ماریا دەست تێکەڵکردن دەبێت لەگەڵ ئەو ڕۆشنبیرەو گروپە میوزیکە... شەوان هەر لەو کافتریایە دەمێنێتەوەو پێی وایە بەتەنیا کارکردن و مانەوەی لەو کافتریایە تینوێتی ماریا ناشکێنن بۆ تۆڵەکردنەوە، بەڵکو دەیەوێت دەربکەوێت لەزۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەکاونتەکانی دەکات بە پەپڵیک بۆ ئەوەی هەموو کەسێک شتەکانی ببینێت.

بوون بە گۆرانیبێژو گۆرانی وتن بەیەکێک لەو ڕێگایانە دەزانێت کە بناسرێت و زیان بە ناوبانگی خانەوادەکەی بگەیەنێت کە چۆن لە خانەوادەیەکی ئیسلامی کەسێک هەڵکەوتووە بەم شێوەیە کراوەو هیچ سنورێک ناناسێت.
ئەو هەر ڕۆژەو لەشوێنێکەوە، دەبێت بەیەکێک لە قسەکەرەکانی نیو گروپەکانی کلاب هاوس و قسە لەسەر هەموو شتێک دەکات و لەو ڕێگەیەوە، کەسانی جۆراو جۆر دەناسێت.

گروپەکەی گۆڤەند و براکەی ماریا
ماوەیەک بەر لە ئێستا لە یەکێک لە کۆنفڕانسەکانی پلاتفۆڕمی دابڕان ماریا بانگهێشت دەکرێت بۆ سلێمانی، شەو لە یەکێک لە هوتێلەکانی سلێمانی دەمێنێتەوە، دوای چەند کاتژمێرێک هێزەکانی ئاسایش دێن لەو هوتێلە ماریا دەستگیر دەکەن و پێی دەڵێن تۆ داوای یاساییت لەلایەن کوڕێک و کچێکەوە لەسەر تۆمارکراوە بە تۆمەتی ئەوەی یەکێکی لەو کچانەی هاوکاری گروپی گۆڤەند سیتی ئێستکردووە، کە گروپێک بوو لەماوەی ڕابردوو دەیان وێنەو ڤیدیۆی ڕوتی گەنجانی کوردی بڵاوکردەوە.
سێ شەو و سێ ڕۆژ دەستگیردەکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت، ڕۆژی چوارەم، کاتێک لەزیندانی ئاسایشی سلێمانی خواردن بۆ ماریا دەبەن لەڕێکەی پارچە ئاسنێکەوە دەستی خۆی بریندار دەکات و هاوار دەکات ئەگەر ئازادی نەکەن ئەوا لەو زیندانە کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت، لەدوای ئەم ڕوداوە جارێکی دیکە دەیبەن بۆ لێکۆڵینەوەو پێی دەڵێن ئەمە دواین لێکۆڵینەوەیە لەگەڵتدا دەکرێت. بەوەتەی ماریا کە لای یەکێک لە هاوڕێکانی باسی کردووەو بوار قسەی لەگەڵ ئەو هاوڕێیەی کردووە، لە لێکۆڵینەوەکاندا ماریا بێتاوان دەرچووە، بۆیە ئازادی دەکەن.

دوای ئەم ڕوداوە دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر، بەڵام دوای ئەو ڕوداوە هێندەی دیکە ماریا بێهیوا دەبێت و بەپێی وتەی هاوڕێکانی لەدوای ئەو ڕوداوە توشی بێ هیواییەکی ترسناک دەبێت و پێی وایە هەر کەسێک ئەو متمانەی پێکردووە، وێرانتری کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی بوار، ماریا لەگەڵ ئەو برایەیدا کە لە یەکێک لەمیدیاکانەوە خۆی بەبکوژی ماریا ناساند کێشەیەکی ئەتۆی نەبووە، بەڵکو بەردەوام یەکتریان بینیوەو ئەو برایەی ماریاش یەکێک بووە لەو کەسانەی بەردەوام لەتیکتۆک شتی بڵاوکردووەتەوەو لە چەند ڤیدیۆیەکیشدا ماریاش لەگەڵی دەرکەوتووە کە بەیەکەوە جگەرە دەکێشن.

پوختە
-یەکێک لەئەگەرەکان بۆ کۆتایی هێنان بە ژیانی ماریا دەکرێت تەنیا براکەی بڕیاریدابێت، بەو پێیەی تا ئێستا بەڕوونی پەیوەندی نێوان ماریا و براکەی بە گروپەکەی گۆڤەندەوە ڕون نەبووەتەوەو دەکرێت لە لێکۆڵینەوەکاندا زانیاری زیاتر لەسەر ئەو کەیسە بخرێتەڕوو، بەڵام بوار نایەوێت لەو ڕوەوە پێش ڕوداوەکان بکەوێت.

-ئەگەری دووەم ئەوەیە، ئەم کوشتنە، هەر وا شتێکی ڕێکەوت نەبووبێت و تەواوی خانەوادەی ماریا یا چەند کەسێکی دیاریکراو پلانێکی لەو شێوەیەیان هەبوو بێت و براکەی ماریاشیان کە وەک بکوژ ناساندووە وەک قەڵغانێک بێت بۆ دەرچوون لە سزا یاساییەکان.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color