نرخی مریشك لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدا
نەخۆشی نیوكاسڵ، گەمبۆرۆ و ئایبی لەناو كێڵگە پەلەوەریەكان بڵابۆتەوە
بوار، سلێمانی
تا دێت نرخی مریشك بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگەپەلەوەریەكان، هۆكار گرانبوونی نرخی مریشك بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشی و گرانبونی عەلەف و جوچك و خراپی ڤاكسین دەگێڕێتەوە.
لە ئێستادا یەك كیلۆ گۆشتی مریشكی زیندوو چوار هەزار دینار بۆ پێنج هەزار دینارە، تا دێت نرخەكەی لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە.
نازم عبدووڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ بوار دەڵێت، نرخی مریشكی زیندو لەبازاڕەكاندا پەیوەندی بەبەرهەمهێنانی مریشكەوە هەیە لەبەر ئەوەی هەر لە كڕینی جوچك و دەرمان و عەلەف و گاز و پێداویستیەكانی بەخێوكردن گرانبووە، حكومەتیش هیچ هاوكارێك و بەدەمەوە هاتنێكی بۆ ئەم كەرتە نییە.
باسی لەوەشكرد، نەخۆشی نیوكاسڵ و گەمبۆرۆ و ئایبی، بڵاو بۆتەوە لەسەدا ٧٠ مریشك و جوچكی لەناو هۆڵەكانی بەخێوكردن لەناوبردووە، بەكارهێنانی ڤاكسین بەهیچ شێوەیەك لەكوردستان كارناكات، ئەو ڤاكسینانەی هەیە لە عێراق و كوردستان خراپن.
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، باسی لەوەشكرد، ماوەی دوو ساڵە ئێمە داوا دەكەین لەحكومەت كە ڤاكسین دابین بكات بۆمان، چونكە ئەوە ئاسایشی نیشتمانیە، ئێمە داوا ناكەین ڤاگسین بەخۆڕای پێمان بدرێت، بەڵكو پێمان بفرۆشێتەوە بە نرخێكی گونجاو.