مالیكی و شاسوار لە گفتوگۆدان
مالیكی بۆ شاسوار: وەرە بەرەی ئێمە
بوار، بەغدا
نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەیەوێت شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رازی بكات بە چوونە بەرەی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی.
بەپێی ئەو زانیارییانەی تایبەت دەست بوار كەوتووە، لەچەند رۆژی رابردووداو لە چوارچێوەی گفتوگۆ نافەرمییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، نوری مالیكی پەیامێكی بۆ شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ناردووە.
مالیكی لە رێگەی سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق پەیامەكەی بۆ شاسوار عەبدولواحید ناردووەو تێدا داوای كردووە، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بچنە بەرەی لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، ئەو هەوڵەی مالیكی لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە، ماوەیەكە سەركردەكانی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستیانپێكردووە، ئەوەش بۆ فراوانكردنی بەرەكەیانو هەوڵی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقی.