گرنگ

زانیاری نوێ و تایبەت لەبارەی خەڵاتکردنی بکوژی دکتۆر وشیار

2022-08-04

 
زانیاری نوێ و تایبەت لەبارەی خەڵاتکردنی بکوژی دکتۆر وشیار
کێ پارەی خوێندنی بۆ ئەو بکوژە داوە؟
کێ سەرپەرشتی ئەو پڕۆژەیەی کردووە؟
بوار، تایبەت
بەپێی زانیارییەکانی بوار، پارەی خوێندنی بکوژەکەی دکتۆر وشیار ئیسماعیل لەلایەن خێرخوازێکەوە دایینکراوەو پرۆسەکەش لەلایەن کادیرێکی یەکگرتووی ئیسلامییەوە سەرپەرشتی کراوەو لەلایەن بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازییەوە ڕێگەیان پێدراوە کە خوێندن تەواو بکەن.
سەرەتای چیرۆکەکە
ژمارەیەک سزادراو بە سزای لە سێدارەدان، داواکارییەک پێشکەش بە بەڕێوەبەری زیندانی چاکسازییەوە دەکەن و ئەویش لای خۆیەوە داواکارییەکە بەرزدەکاتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی هەرێم.
ئەو سزادراوانە لە داواکارییەکەیاندا، داوایانکردووە کە ئەوانیش هاوشێوەی سزادراوانی دیکە مافی خوێندنیان هەبێت و بێبەش نەکرێن لەمافی خوێندن.
بەرپرسانی چاکسازیش ڕەزامەندی نیشان دەدەن کە ئەو سزادراوانەی بەسزای لە سێدارەدان سزادراون، دەرفەتیان پێبدرێت کە لە زانکۆ و پەیمانگاکان درێژە بە خوێندن بدەن.
کێ پارەی خوێندنی داوە؟
دوای ئەوەی ڕەزامەندی دەدرێت سزادراوان بە سزای لە سێدارەدان، بخوێنن، هەر یەک لەو زیندانیانە بەدوای دەرفەتێک دەگەڕێن کە لەزانکۆ و پەیمانگاکان بخوێنن.
بەشی زۆری ئەو سزادراوانە لەزانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان وەردەگیرێن. بەڵام ئەو سزادراوانە پارەی پێویستیان نییە کە بتوانن کرێی خوێندن بدەن. بۆیە ئەو سزادراوانە جارێکی دیکە داواکاری بۆ بەرپرسانی چاکسازی بەرزدەکەنەوەو ئەمجارەیان داوای ئەوە دەکەن هاوکاری بکرێن لە دابینکردنی کرێی خوێندنیان.
بەرپرسانی چاکسازیش داوا لە چەند خێرخوازێک دەکەن، کە هاوکاری ئەو سزادراوانە بکەن لە دابینکردنی کرێی خوێندن.
پرۆسەکە بەکێ سپیردراوە؟
بەپێی زانیارییەکانی بوار، ئەو کەسەی سەرپەرشتی خوێندنی ئەو سزادراوانەی کردووە لە زانکۆ ئەهلییەکان کارمەندێکی زیندانی چاکسازی بووە، کە پیشەی مامۆستایە لەو چاکسازییەو کادیرێکی دیاری یەکگرتووە لە هەولێر.
کاردانەوەکان
ڕۆژی ٢ی ئاب، لەمەراسیمێکی تایبەتدا، خەڵاتی ڕێزلێنان بە سزا دراوێکی سزای لەسێدارەدان ڕێکخراو لەمەڕاسیمەکەدا وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بەبۆنەی بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانکۆ خەڵاتێکی پێشکەش بەو سزادراوە کرد.
بۆ ڕۆژی دواتر لەمیدیاکان ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئەو کەسەی خەڵاتکراوە دەرکەوت بکوژی دکتۆر وشیارە. ئەمەش کاردانەوەی توندی بەرپرسان و جەماوەری یەکگرتووی لێکەوتەوە.
بەرپرسانی یەکگرتوو، بەرپرسانی وەزارەتی کاریان تۆمەتبارکرد کە تیرۆرستان و بکوژان خەڵات دەکەن لەبری ئەوەی سزایان بەسەردا جێبەجێ بکەن.
لای خۆشییەوە وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لەڕونکردنەوەیەکدا وەڵامی بەرپرسانی یەکگرتووی دایەوەو ئەوەی خستەڕوو کە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان پەیوەندی بەکارەکانی وەزارەتەکەیەوە نییە.
کوێستان محەمەد، ئەوەشی ڕونکردووەتەوە کە ئەو نەیپرسیوە ئەو کەسە کێیەو لەسەرچی سزادراوە، تەنیا بۆ ڕێزنان لەزیندانیان و چاکسازیکردن لەو کەسانە بەشداری ئەو مەڕاسیمەی کردووە.
کوێستان محەمەد، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەو مەڕاسیمە لەلایەن کادیرێکی یەکگرتووی ئیسلامییەوە سەرپەرشتیکراوە.
لەبەرامبەردا، ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کە بەرزترین دامەزراوەی یەکگرتووە لە بەیاننامەیەکدا بەتوندی ئەو کارەی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتیان ئیدانە کردو ئەوەیان خستەڕوو کە ئەم جۆرە کارانە دەبێتە مایەی هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانی دیکە لە کۆمەڵگە.
پرۆفایل
دکتۆر وشیار ئیسماعیل، بانگخوازێکی ناسراوی ئیسلامی بوو، کادیرێکی پێشکەوتووی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بوو، حەوت ساڵ بەر لە ئێستا لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لەشاری هەولێر کوژرا.
دواتر هێزە ئەمنییەکان دوو کەسیان بە تۆمەتی کوشتی ئەو بانگخوازە دەستگیرکردو دانپێدانانی ئەو کەسانەیان بڵاوکردەوە کە گوایە ئەوان لەسەر ئەوە دکتۆر وشیاریان کوشتووە کە بەهۆی تیژڕۆیی ئۆتۆمبێلەوە لەیەکێک لەترافیک لایتەکانی هەولێر دکتۆر وشیار قسەی پێیان وتووە.
بەو هۆیەوە ئەو دوو کەسە لەلایەن دادوەرەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە. بەڵام تا ئێستا سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ نەکراوە.
بەرپرسان و کادیرانی یەکگرتووش ئەو بیانووە ڕەتدەکەنەوەو پێیان وایە دەستێکی دیکە لەپشت ئەو کارەوە هەیە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color