( 8 )
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
تایبەت بەبوار
ئەمنیش لەسەر قسەی مام پرینگی بێدەنگبووم، بەران کێشکە وازی لێ نەهینام، کێشەی کێشکەی ئەوەبوو؛ قسەی لەگەر نەدەکردی، بەرکو بەس پرسیاری دەکرد، هەر زوو گۆتی: لەسەر خێران عومرت چەندە؟ گۆتم: بیست و پێنج! گۆتی: ژنت هینایە؟ گۆتم: نەخێر، گۆتی: عارەبی دەزانی؟ گۆتم: بەرێ، گۆتی: کوردی یان تورکمانی؟ گۆتم: کوردم، گۆتی: چەند خوشک و برانە؟ گۆتم: هەشت، گۆتی: داکت و بابت مانە؟ گۆتم: بەرێ، گۆتی: دەنگت خۆشە؟ گۆتم: لە حەمامێ! گۆتی: دۆغاوەی دەخۆی؟ ویستم وەرامی بدەمەوە، مام پرینگ بە توڕەیی ئاوڕی لە کێشکەی داوەو گۆتی: بێدەنگ دەبی، یان لە جێبی فڕێت دەمە خوارێ! کێشکە پرسیاری لەمن کردەوە: ئەگەر لە جێبی فڕێمداتە خوارێ دەبی بمرم؟ گۆتم: فڕێت نادا، گۆتی: لۆ فڕێمنادا؟ گۆتم: دری نایێ، گۆتی: لۆ دری نایێ؟ مام پرینگ ئەعسابی نەما، گۆتیە کێشکەی: هەی خوێڕی، ئەتوو لۆ ناچی لە دائیرەی ئەمن یان لە دائیرەی تەحقیقی دامەزرێی، داکی ئەو میللەتەی ب...ێی بە پرسیاران، بەسە ببڕێنەوە هەی سەی لە سەی! ئەو هجومەی مام پرینگی بەینەکی باش کێشکەی بێدەنگ کرد، بەران هەندەی نەبرد دەستی بەو پرسیارانە کردەوە کە هیچ ڕەبتیان پێکدی نەبوو، ئەوجارە گۆتی: دەزانی ئەو چیایە ناوی چییە؟ گۆتم: نەخێر، گۆتی: نەخێر بکەرە یان فرمانی ڕابردووە؟ لەگەر ئەو قسەی هەر وەختبوو بمرم هەنکی پێبکەنم! گۆتم: کێشکە ئەتوو لە مەکتەبێت خیندیە؟ کێشکە بە پرسیار وەرامی دامەوەو گۆتی: بە ڕەئی توو خیندیتم یان نا؟ مام پرینگ ئیستاپەکی تووندی کردو هاتە خوارێ، لە پشت کوشینی مەترەقەکی گەورەی هینا دەرێ، سوڕاوە لۆ پشتەوە، دەرکەی کردەوەو ڕووبووە سینگی کێشکەیی و هینایە خوارێ، مەترەقی برند کرد لێیبدا، غارمداو گۆتم: لەبەر خاتری من لێی خۆشبە! کێشکە گۆتی: لۆ لێمدەدەی لۆ؟ تەبعەن ئەوەشی هەر پرسیاربوو! مام پرینگم بردەوە ناو جێبی و خەرکەکەیدی هەموویان مردبوون هەنکی پێبکەنن، تومەز زوو زوو ئەو بەزمەی مام پرینگ و کێشکەیان دەدیت، گۆتمە کێشکەی: ئەوجارە مام پرینگ لێت توڕەبی دەستی ناگرم، ئەوجە کەیفی خۆتە! باشبوو کێشکە بێدەنگ بوو.
بەینەکی باش ڕۆیشتین، لە مام پرینگم پرسی: بەمنت نەگۆ: کوو جەرگت سووتایە؟ ئاخەکی هەرکێشاو گۆتی: برینم دەکولێنیەوە؟ گۆتم: ناوەڵلا حەزمکرد بزانم، بەران ئەگەر بێتاقەت دەبی، لێیگەڕێ، جغارەکی پێکردو گۆتی: کیژەکی زۆر نازدارم هەبوو، نیوەی خزمەکانی خۆم تەماحیان تێکردبوو، هەندم خۆش دەویست هەتا خوا دەرێ بەس، خزمەک هاتە داخوازی و دامێ، خەریکبوو مارە بکرێ، خوارزایەکم لێ قیت بۆوە، گۆتی: دەبی ئیللا بیدەیە من، گۆتم: کوڕم قسمەت و نسیبە، ئەوە داخوازی هاتیەو قسەم دایە، تازە عەیبە پەشیمان ببمەوە، ئەتوو کێیدیت دەوێ دەست لەسەر دانێ بەخۆم لۆت دەینم، گۆتی: بمکوژی و بمبڕی ئیللا کیژی تووم دەوێ، گۆتم: تازە ڕۆیی و تەواو، کوڕە خۆی توڕەکردو گۆتی: وەڵلاهی بیدەیە هەر ئێکەکی هەردووکان دەکوژم! ئەوجە لێیدا ڕۆیی، ئەمن شتەکەم ئەوەندە بە مهیمی وەرنەگرت، کوڕە بزربوو، دوو سێ حەفتەی پێچوو ماری زاوای هاتنە پێش و مارەمان کرد، درم زۆر خۆشبوو چونکە زاوا کوڕەکی زۆر باش و نازداربوو، هوردە هوردە چەك و جلکیان کڕی و خۆیان حازر دەکرد، عەسرەکی بوک و زاوا پێکەوە چوونە بازاڕی جلکی بوکینی بکڕن، ئەو خوارزایەم ڕێیان لێدەگری و هەردووکانی دا بەر گوللان و دەم و دەست هەردووکی کووشت، هەر لەوێ لوولەی کلاشینکۆفی لە سەری خۆی کردو خۆشی دا بەر گوللان و مەیتی ویش بەسەر مەیتی وان بەربۆوە! تەماشا هەردوو چاوە هەنگینیەکانی مام پرینگم کرد، دیتم وەکی گەوارەی بەهارێ فرمێسکی دەباراند، بەناچاری ڕووم وەرگێڕا لای چەپی خۆم و تێر تێر فرمێسکم لۆ خەمەکانی مام پرینگی باراند!