نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی
تایبەت بەبوار
بەینەکی باش بە بێدەنگی ڕۆیشتین، بێجگە لە گڤەی باو هاژەی دارەکان و جریوەی بولبولی، گێمان لە هیچیدی نەدەبوو، تاکە شتەک کە هەستم پێدەکرد گۆڕینی جغارەکانی مام پرینگی بوو، ئەو شقاتەی تەرککردبوو، جغارەی بە جغارەی پێدەکرد، کە هەناسەی دەدا لرخەی لە سینگی وەدەهات، بەشەکی سمێری لەگەر دوکەری جغارەی زەرد هەرگەڕابوو، لۆ ئەوەی بێدەنگی بشکێنم، چوومە سەر مەزهەبی کێشکەیی و بە پرسیاران دەستم پێکرد، گۆتمە مام پرینگی چەند سارە جغارەی دەخۆی؟ گۆتی: لە پازدە سارییەوە، وەکی دەستمپێکرد، ئیختیارەکانی گوندی کیسەو تووتنیان هەردەگرت، ئەو ڕۆژی دەستم پێکرد، بابم لە جیاتی ئەوەی لێمبدا، بە دەستی خۆی جغارەکی لۆ پێچام و دایمێ، هەموو جارێ دەیگۆ: پیاو بە دەست و جغارەی جوانە، دوژمنیشی سعاتی دەستیبوو، دەیگۆ عەیبە پیاو بازنی لە دەستی بکا، هەتا مرد سعاتی لە بەڕکی کورتەکی دادەنا، گۆتم: کوو بوویە شوفێری جێبی؟ گۆتی: لە عەسکەری خۆم بە شوفێر نووسی، دورەکیان پێکردین و فێربووم، کێشکە هەریدایێ و گۆتی: باشە مام پرینگ دەتانی بە یەک دەستی جێبی باژۆی؟ مام پرینگ ئاوڕەکی توندی لە کێشکەی داوەو گۆتی: بێمە خوارێ و وکی تایەی لوولت کەم و لە ویلی جێبت بێخم؟ پێمنەگۆتی وەکی پیاو قسەیانکرد، ئەتوو بێدەنگبە! کێشکە نەوێرا وەرام داتەوە، هەر ئەوەندەیگۆ: دەبی بە ساغی بگەینە سەر زێی؟ گۆتم: دەگەین دەگەین ئیشاڵلا.
پاش سعاتەک و سێ چارێگی ڕێک گەیشتینە سەر زێی، مام پرینگ گۆتی: ئەوە گەیشتین، دەوجە بڕۆن سواری دەبەی بن، با تەرەنتەر ڕاتانکێشی، جانتام بە شانم وەکردو خواحافیزیم لە مام پرینگی کردو چوومە دەو زێی، کێشکە لە تەنیشتە من ڕاوەستابوو، گۆتی: بە ڕای توو مام پرینگ پیاوەکی بێ ئاقرنیە؟ گۆتم: لۆ وەدەرێی، گۆتی: چونکە پیاوەکی بێ تەبیعاتە وەیە یان نا؟ وەرامی کێشکەم نەداوە، چونکە لەگەری پێداچووبام، هەنکی شەش پەیامنێران پرسیاری لێدەکردم، کێشکە لە گوندەکی دوورەدەست گەورەبوەو خیندەواری نییە، خۆ ئەگەر لە شاریباو بیخندبا، دەبووە پەیامنێرەکی زۆر بەتواناو ناوی دەردەکرد!
وەختەکی دەبەکە گەیشتە دەو زێی، کێشکە گۆتی: نەڕۆین؟ گۆتم: یاڵلا، چووین سواربووین و جانتایەکم لە باوەشم داناو ناوی خوام لێهینا، بەمن و بە کێشکەی شەش کەس لەسەر دەبەی بووین، لەوسەریڕا تەرەنتەر ڕایکێشاو بەڕێکەتین، کێشکە گۆتی: مەلەوانی دەزانی؟ گۆتم: نەخێر، لۆ ئەو پرسیارەی دەکەی؟ گۆتی: زۆرجار ئەو تێلە دەپسێ، یان دەبەکە وەردەگەڕێ، ئەگەر وەرگەڕێ ئەتوو خنکای، وەنییە؟ لەگەر ئەو قسەی ترسەکم لێنیشت، وەملێهات نەدەوێرام تەماشا ئاوەکەش بکەم، لەدری خۆم گۆتم: خوایە ئەو بەرایە چییە تووشم بووە، ئاخر برێ ئەمن لۆ دەستی مام پرینگم گرت، دەبایە لێیگەڕێم سێ چار مەترەقی لەناوملانی دابا!
هەتا گەیشتینە ئەوبەری دووسەت قولوەڵلام خیندیە، هەندە کەس نەگبەتە لەگەرتبی، لە قسەی ناخۆش بەولای هیچیدی نازانی، وەلحاسر پارەم دا ساحێب دەبەیی و دابەزیم، نەمدەزانی چبکەم و کێوەبچم، ئاخر شارەزای ئەو ناوچەی نەبووم و گوندەکەشم نەدیتبوو، چونکە کێشکەش خەرکی ئەو گوندەیبوو، دەبا پرسی بەوی بکەم، لۆیێ گۆتم: ئەرێ کێشکە کوو بڕۆین؟ گۆتی: هەونکە تەرەنتەری ماری مام قەتۆی دێی، لەگەوی دەچین، چشتەکی باشە وەنییە؟ گۆتم: بەرێ باشە، ئەوجە گۆتی: چشتەکیدیت پێبرێم؟ گۆتم: بەرێ، گۆتی: ژۆرەک لەناو مەتکەبێ هەیە، ئەتوو لەوێ دەنوی، بەران شەوان مشك و ماری دێتی، ئاگات لەخۆبی، پێتوەبدا دەتکوژی، وەنییە؟ گۆتم: ئەرێ کێشکە ئەتوو قسەی خۆش نازانی؟ گۆتی: ئەرێ وەیە، دەرێن قسەی خۆش لە بەهەشتێ هاتیە؟ لە دری خۆم گۆتم: وەچاکە لێی دوورکەومەوەو نەیدوێنم، ئەوها بڕوا چار ڕۆژیدی بە دارەبازی دەمبەنەوە شاری.
وەختەکی تەرەنتەر هات، شوفێرەکە وەکی چاوی بەمن کەت زانی مامەستامە و لۆ گوندی وان هاتیمە، گۆتیەمن: مامەستا مەچووە ناو بۆدی، وەرە لە تەنیشتە من دانیشە، زۆر درم بەو قسەی خۆشبوو، چاک و چۆنیم لەگەر کردو چوومە تەنیشتی، هەندەی نەبرد بۆدی پڕبوو، شوفێریش سلفی لێداو بەڕێکەت، بەینەکی ڕۆیی و سەری لەبن گێی نام و گۆتی: خۆ هیچ قسەت لەگەر کێشکەی نەکردیە؟ گۆتم: شتەکی وانەبووە، گۆتی: با چشتەکت پێبرێم، وریای زمانت بە، کێشکە جاسووسە! بەینەکی تەماشای شوفێرەکەم کرد، گۆتم: جاسووسی چ، دوایێ کا باوی جاسووسی مایە، گۆتی: بڕوا بکە هەر وەکی جارانە، دەبا چشتەکیدیت پێبرێم، لە گوندی زۆر ئاگات لەخۆبی، گۆتم: لۆ؟ گۆتی: گوندیمە دوو گەورەی تێدا، هەردووکیان ملیان لەبەر ملی ئێك نایە، گوندیشیان دابەش دووی کردیە، بەخوای ئاگات لەخۆنەبی تێدەکەوی!