یەکێتی، هێزەکانی کۆماندۆ زیاد دەکات
هێزەکانی کۆماندۆ لەکێڵگەی کۆڕمۆر و پەروێزخان جێگیر دەکرێت
بوار، تایبەت
دوو فەوجی نوێ بۆ هێزەکانی کۆماندۆ پێک دەهێنرێت و ماوەی دوو مانگە بەشێک لەو کەسانەی ناونوس کراون ڕاهێنانی قورس دەکەن لە فەرماندەیی گشتی.
بەپێی زانیارییەکانی بوار، زۆربەی ئەوانەی ناونوس کراون بۆ ئەو دوو فەوجە نوێیە خەڵکی کەرکوک و چەمچەماڵ و گەرمیانن. لە سەرەتاوە تاکاتی تەواو بوونی مەشق و ڕاهێنان مانگانە بڕی ٥۰۰ هەزار دیناریان پێدەدرێت.
بەهۆی قورسی و سەختی ڕاهێنانەکانیشەوە بەشێک لەوانەی ناونوس کراون ڕاهێنانەکان جێدەهێڵن.
بەپێی زانیارییەکان، مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتنی هەر کەسێک کە وەردەگیرێت ئەوەیە کە دەبێت لەخانەوادەیەکی یەکێتی بن و پێویستە خانەوادەکەیان بە تەواوی سەر بە ڕێکخستنەکانی یەکێتی بن.
بڕیارە ئەو فەوجە نوێیانە لە ناوچەکانی تەماسی نێوان هەرێم و حکومەتی عێراق جێگیر بکرێن.
لیوای کۆماندۆ پێکدێن لە چوار فەوج و فەوجی یەکی کۆنترین فەوجە و لە سەرەتای دروست بوونی کۆماندۆوە دروست کراوە و بەفەوجی بارەگای لیوا ناسراوە، فەوجی دوو پێی دەوترێت هێزی ئاڵتونی هاوپەیمانان بەتایبەت مەشقیان پێکردووە و فەوجی سێی پێی دەوترێت فەوجی کوبرا هێزێکی تایبەتە بە بەرپەرچدانەوەو حاڵەتە لەناکاوەکان و فەوجی چوار پێشتر تایبەت بوو بە پاراستنی ماڵ و ئۆفیسەکانی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم، بەڵام ئێستا لە دەروازەی شارۆچکەی قادرکەرەم، نزیک کێڵگەی کۆرمۆر جێگیر کراون.
لە ئێستادا هێزەکانی کۆماندۆ سەرقاڵی دروستکردنی دوو بارەگای نوێن، بارەگایەکیان لە نزیک مەرزی پەروێزخان و بارەگاکەی تر لە نزیک دواخاڵی پێشمەرگە لە نێوان قەرەهەنجیر و کەرکوک دەبێت.
بەپێی ئەرکی فەڕمی ئەو هێزانە لەڕووی یاساییەوە سەێ بە وەزارەتی پێشمەرگەن و بەپێی ئەرکەشی کە بۆ ئەو هێزانە دیاریکراوە، دەبێت ئەو هێزانە ئەرکی خۆیان لەچوارچێوەی پاراستنی سنوور جێبەجێ بکەن.