گەراجی بەغداد دەکرێتە پێشانگای ئۆتۆمبێل
بڕیار بوو بکرێتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون
بوار، تایبەت
تێرمیناڵی سلێمانی کە بە گەراجی بەغداد ناسراوە لە کۆتایی مانگی ڕابردوو بە زەبری هێز بە شۆفێران چۆڵکرا، دەکرێتە پێشانگای ئۆتۆمبێل.
پێشتر وا بڵاو کرایەوە بۆ نەهێشتنی قەرەباڵغی و جەنجاڵی گەراجەکە دەگوازرێتەوە دەرەوەی شار و شوێنەکەی دەکرێتە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون، بەڵام لە ئێستادا دراوەتە کۆمپانیای دڵکۆ و دەیکاتە ۱۰ پێشانگای ئۆتۆمبێل.
ڕووبەری گەراجی بەغداد بیست هەزار مەتر دووجایە و بەگوێرەی خەمڵاندنی کۆمپانیاکانی خانوبەرە نرخی زەویەکە سەرو دە ملیۆن دۆلارە.
کۆمپانیاکە لە نیوەی زەویەکە دە پێشانگای ئۆتۆمبێل دروست دەکات و نرخی هەر پێشانگایەک لە نێوان ۷٥۰ هەزار بۆ ۹۰۰ هەزار دۆلارە، ڕووبەری هەر پێشانگایەک هەزار مەتر دووجایە.
پێشتر زەویەکە، موڵکی شارەوانی سلێمانی بووە، ئێستا لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە دراوەتە کۆمپانیای دڵکۆ.
گواستنەوەی گەراجەکی بەغدا، ناڕەزایی شۆفێرانی لێکەوتەوە، بەڵام بەزەبری هێز پێیان چۆڵکراو و لەلایەن پۆلیسەوە بەبەربەستی کۆنکرێتی داخراو بۆ ڕۆژی دواتر دەست بە تێکدانی کرا.
شۆفێرانی گەراجەکە کە هێڵی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم و بەغداد و کەرکوک و موسڵ و قەزاکانی پارێزگای سلێمانی لەخۆ دەگرێت و ژمارەیان نزیکەی ۱٦۰۰ شۆفێرە گواستراونەتەوە بۆ تەرمیناڵی نوێ لە بەرامبەر هێزەکانی حەفتا.