دەستەی دەسپاکی، لەسەر دۆسیەی کۆمپانیای قەیوان گروپ، لێکۆڵینەوە لەوەزیری نەوتی عێراق دەکات
بوار، تایبەت
لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق، ژمارەیەک دۆسیەی دژی ئیحسان عەبدالجبار وەزیری نەوتی عێراق ئاڕاستەی دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی و دیوانی چاودێری دارای عێراق کرد.
یەکێک لە دۆسیەکان گرێبەستی پاڵاوتنی نەوتی خاوە لەگەڵ قەیوان گروپ، بەو پێیەی پێشتر قەیوان گروپ لەسەر بەقاچاخبردنی نەوتی خاو بۆ ئێران لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە خراوەتە لیستی ڕەشەوە.
بەپێی زانیارییەکان، بۆ گرێبەستی گواستنەوەی نەوت و نەفتا، هەرسێ کۆمپانیای (قەیوان و شعاع تاقە و ارض مشکات) کێبڕکێی تەندەرێکیان کردووە و لێکۆڵەری گشتی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆی دەرکەوتووە ئەو سێ کۆمپانیایە لەلایەن یەک بنەماڵەوە خاوەندارێتی دەکرێن و بەجۆرێک کۆمپانیای قەیوان لە لایەن تۆفیق و فاخر و سەعد کوڕانی شێخ تەیبی قەیوان و کۆمپانیای شعاع تاقە لەلایەن ئەحمەد و محمدی کوڕی شێخ تەیبەوە خاوەندارێتی دەکرێن و کۆمپانیای ئەرز مشکاتیش خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ گروپی قەیوان.
دەستەی دەسپاکی عێراق گرێبەستەکانی لەگەڵ قەیوان گروپ بەنایاسایی و پێچەوانەی ڕێنماییەکان ناوبردووە. بەو پێیەی هەرسێ کۆمپانیاکە دەگەڕێنەوە بۆ یەک بنەماڵەو لە ٨ی ئەیلولی ۲۰۲۰ وەزارەتی نەوتی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە.
نرخی پاڵاوتنی نەوت لە پاڵێوگەی بازیان یەکێکی ترە لە دۆسیەکان دژی وەزیری نەوتی عێراق و بەپێی ڕێککەوتنی قەیوان و وەزارەتی نەوت، بۆ پاڵاوتنی هەر بەرمیلێک ۹ دۆلار دانراوە ۷ دۆلار و حەفتا سەنت بۆ پاڵاوتن و یەک دۆلار و سی سەنت بۆ گواستنەوە و لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان لە دوو ڕووەوە بەنایاسای دەزانێت یەکەم دوای خستنە لیستی ڕەشی کۆمپانیای قەیوان و دروست کردنی کۆمپانیای تر لەلایەن قەیوانەوە بۆ کێبڕکێی خۆی بۆ وەرگرتنی تەندەر. بۆیە پێدانی هەر گرێبەستێک پێچەوانەی یاسای گرێبەستە حکومییەکانە. خاڵی دووەم ئەوەیە کە لە گرێبەستەکەدا هاتووە شەش مانگ جارێک چاو بەنرخەکاندا بخشێنرێتەوە و پاڵاوتنەکان بەپێی مواسەفاتی ناو گرێبەستەکان بن، بەڵام لەکاتی دابەزینی نرخی نەوت بۆ ۲۰ دۆلار هەمان نرخ بۆ پاڵاوتن دانراوە و بەنزینی ئۆکتان ٨٦ ی لەپاڵێوگەی بازیان بەرهەم هێناوە لەکاتێکدا نابێت لە ئۆکتانی ۹۲ کەمتر بێت.
پێشتر هادی سەلامی، پەرلەمانتاری عێراق ۷۰ ئیمزای بۆ پرساندنی وەزیری نەوت لە پەرلەمانی عێراق کۆکردەوە لەسەر چەند دۆسیەیەک لەناویاندا دۆسیەی قەیوان گروپ، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەکانی عێراق و پەککەوتنی پەرلەمان، دۆسیەکان ڕەوانەی دەستەی دەسپاکی کراون.
ئیحسان عەبدالجەبار وەزیری نەوتی عێراق، بە پیاوی پۆستەکان ناسراوە و لە ئێستادا جگە لە وەزیری نەوت، سەرۆکی ئەنجومەنی ئابوری و وزەی عێراق و سەرۆکی کۆمپانیای نشتیمانی نەوتە و لەچەند ڕۆژی ڕابردووش بەوەکالەت بووە وەزیری دارای عێراق.