وەزیری پێشمەرگە: لەشکری ڕۆژ سەربە وەزارەتی پێشمەرگە نیە
بوار ژمارەو پارەی تەرخانکراو بۆ موچەی لەشکری ڕۆژ ئاشکرا دەکات
بوار، تایبەت
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لەشکری ڕۆژ موچەو نەسریە لە وەزارەتی پێشمەرگە وەرناگرن و سەر بە وەزارەتەکەیان نین.
لەشکری ڕۆژ، لە کوردانی ئاوارەی ڕۆژئاواو باکوری کوردستان دروست کراوەو بەباڵی سەربازی ئەنەکەسە (ئەنجومەنی نشتیمانی کوردی سوریا) دەناسرێت.
لەشکری ڕۆژ، بە بڕیاری مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشوی هەرێم لە ۱۲ی ئاداری ۲۰۱۲ دامەزران و ژمارەیان لە نێوان ٦هەزار و پێنج سەد بۆ حەوت هەزار کەسەو سەر بە فەرماندەیی هێزی زێرەڤانین و موچەی مانگانەیان لە شەش ملیار دینار زیاترە و لە بودجەی وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ موچەی هێزی زێرەڤانی خەرج دەکرێت.
لەشکری ڕۆژ لە سەربازگەی بەعشیقە و بنکەکانی خنس و بنەسڵاوە لە لایەن تورکیاوە مەشقیان پێکراوە و ئامادەکرابوون بۆ گەڕانەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام یەپەگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات رازی نەبوون بەچوونی ئەو هێزە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.
لە ئێستادا لەشکری ڕۆژ، لە ڕۆژئاوای دیجلە لە سنوری سحێلا و مەحمودیە و وەلید بەدرێژای سنوری ڕۆژئاوای کوردستان جێگیر کراون.
سوپای لیبیا، لە مانگی نیسانی ۲۰۲۰ حکومەتی تورکیای تاوانبار کرد بەوەی بەشێک لە لەشکری ڕۆژی هێناوە بۆ لیبیا و دژی سوپای لیبیا شەڕ دەکەن و وێنەی چوار چەکداری بڵاو کردەوە کە لە شەڕەکاندا بەدیل گیرابوون، بەڵام لەشکری ڕۆژ ئەوەی ڕەتکردەوە هێزەکانیان ڕۆشتبن بۆ لیبیا.
لەشکری ڕۆژ، هەمان جلی سەربازی زێرەڤانی دەپۆشن و هەرچەندە خۆیان بەباڵی سەربازی ئەنەکەسە دەناسێنن، بەڵام فەرمان لە فەرماندەیی زێرەڤانی وەردەگرن و چەک و کەرەستەی سەربازیان هاوشێوەی لیواکانی زێرەڤانیەو عەمید محەمەد رەجەب حەبەش فەرماندەی هێزەکەیە.