فڕۆکەیەکی عێراق بۆردومانی نزیک سەنگەرەکانی پێشمەرگە دەکات
بوار، کەرکوک
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی عێراقی لە گوندی کۆچەکی خۆرهەڵاتی کەرکوک، بۆردومانی چەمێکی کردووە بەدووری ٤۰۰ مەتر لە دوا سەنگەری پێشمەرگە لەسەر بەنداوی خاسە لە گوندی کۆچەک.
بەپێی زانیارییەکان، فڕۆکەکە چەمێکی نزیک گوندەکەی بۆردومان کردووە، دواتر بەشێک لە هاوڵاتیانی گوندەکە ڕۆشتونەتە شوێنی بۆردومانەکە، بەڵام هیچ شتێکیان بەدی نەکردووە کە بۆردومان کرابێت.
دەنگی بۆردومانەکە زۆر بەهێز بووەو لەتەواوی کەرکوک هەستی پێکراوە. تا ئێستا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک هیچ ڕونکردنەوەیەکی لەسەر بۆردومانەکە نەداوە و شوێنی بۆردوومانەکە بۆشای نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراقە و نزیکەی ٦ کیلۆمەتر لە شاری کەرکوکەوە دوورە.
سەرچاوەیەک لە فەوجی ۳ی لیوای ۱۱٤ ی هێزەکانی حەفتا کە لەسەر بەنداوی خاسە نزیک گوندی کۆچەک جێگیرن بۆردومانەکەی بۆ بوار پشتڕاست کردەوەو بەدووری زانی چەکداری داعش لەو سنورە هەبێت.