گرنگ

سەمای_مارەکان

2022-09-05

 
(39)
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
تایبەت بەبوار
چووینە ئیدارەیی و گۆتمە حەسەنەفەندی: ناوی ئەو تەلەبە بنووسین تازە دێتە مەکتەبێ، حەسەنەفەندی سەری برندکردو تەماشای کیژەکەو کوڕەکەی کردو گۆتی: نازە بەخێراتی! لە دری خۆم گۆتم: ئەی گیان، لەو ناوە خۆشەی، یەك پارچە مۆسیقایە، نازە بەنازەو گۆتی: خۆشبی مامۆستا حەسەن، دە ناوی چیای بنووسەو بڕەك عاقڵی بکەن، مردین لەگەڵی، حەسەنەفەندی وەرەقەکی لەناو چەکمەزەی مێزەکەی دەریناو ناوی چیایی نووسی و گۆتیەمن: مامۆستا بڕۆ کتابی پۆلی یەکیان بدێ، گۆتم: بەچاوان حەسەنەفەندی، نازەو براییم گاز کردو گۆتم: وەرن با کتێبەکانتان بدەمێ، بردمنە ئەو ژۆرەی کتێبەکانی لێبوو، کتێبەکانم دانێ و گۆتم: ئەو کتێبانەی لۆ بەرگبکەو سبەینێ با بێتە مەکتەبێ، نازە گۆتی: بەچاوان مامۆستا، دەستەکانت خۆشبی، ئەزیەتم دای، گۆتم: نا بابە ئەزیەتی چ، ئەوە واجبی خۆمانە، نازە زەردەخەنەکی ئاگر ئاسای لۆکردم خواحافیزی کردو ڕۆیی، هەتا گەیشتە دەرکەی مەکتەبێ هەر تەماشامکرد، لە دەرکەی ئاوڕەکی لێدامەوە، زۆر تەریق بوومەوەو نەمزانی کوو خۆم مەشغولکەم، وەلحاسر نازە ڕۆیشت و ئەمنیش چوومە پۆلی سێ، دەستم بە دەرس گۆتنەوەی کردو هەتا حەسەنەفەندی زەنگی لێدا بەردەوام بووم، گەڕامەوە ئیدارەیی و حەسەنەفەندی گۆتی: مارت خرانەبی ئەوە چتکردیە؟ گۆتم: چمکردیە؟ گۆتی: کوو لە خۆتەوە چووی موراقیبت دانایە؟ گۆتم: لۆ موراقیباتی شتەکی هەندە موهیمە، گۆتی: کاکە بێ پرسی هەردوو ئاغەن، کێشکەش ناتانی بەسەر ئەو گوندەی دابفڕی، گۆتم: ئەوە ئەتوو بەڕاستیتە؟ گۆتی: ئەرێوەڵلا، مامۆستا تکایە تووشی کێشەم مەکە، گۆتم: وەڵلا ئەمن هەر لەخۆمەوە ئێکەکم دانا، گۆتی: وانابی، پۆلی ئێکەکی دادەنێین سەر بە قادراغەیبی، پۆلی سێش ئێکی دادەنێین سەر بە نادراغەیبی! گۆتم: وەڵلاهی حەسەنەفەندی ئەتوو خاوەن ئەو سیاسەتەیبی سێسەت ساریدی ئەو مدیریەی ڕادەکێشی، ئەمە لەو قسانە دابووین، دە دوازدە ژن و پیاو هاتن، منداری خۆیان هینابوو لە مەکتەبێ قەید بکرێن، لەگەر حەسەنەفەندی ناوەکانمان نووسی و کتێبمان دانێ و پێمانگۆتن سبەینێ بیانێرنە دەوامێ، حەسەنەفەندی گۆتی: وەرە با ئەو ژۆرەی لۆ پۆلی یەک تەرتیب بکەین، ئیدی پێکەوە ژۆرەکەمان تەرتیب کردو ڕێکمانهێخست، گۆتم: کاکە وەڵلاهی ناکرێ ئەمە لەو مەکتەبەی فەڕاشەکمان نەبی، کاکە دە هیممەت بکە با فەڕاشەکمان لۆبێ! گۆتی: وەڵلاهی ئەمن ناتانم زەخت بکەم و برێمە پیاوەکانی هەر دوو ئاغەی بێنە دەوامێ، ئەمە لەو قسانە دابووین، وەختەکی زەلامەکی کەرەگەت هاتە ژۆرێ و گۆتی: عەسەنەفەندی ئاغە ئەمنی ناردو گۆتی: بڕۆ دەوامی خۆت بکە لە مەکتەبێ، ئیدی هاتیمە عەفتەی سێ ڕۆژان دەوام بکەم! حەسەنەفەندی گۆتی: یاخوا بەخێربێی کاک ئیبراهیم، تازە باسی توومان دەکردو دەمانگۆ دەبی نێ جارجار دەوام بکا، ئەدی جەنابی قادراغەی کووە؟ ئیبراهیم: وەڵلا ئاغە زۆر ماندیە زۆر، گۆتم: ماندی چییە؟ گۆتی: ماندیە، چونکە شەو و ڕۆژ فکر لەوەی دەکاتەوە کوو خزمەتی خەرکی ئەو گوندەی بکا، خزمەتکردن پیاوی ماندی دەکا مامۆستا، سەرم لێ برندکرد تەماشای بکەم، دیتم بە پەنجەی دەستی دەسکی دەبانچەی لەبن پشتێندی برندکردو پیشانی منی دا، لە دری خۆم گۆتم: وەڵلا ئەو کابرایە زابت ئەمنی مەکتەبێ نەك فەڕاش!
مەکتەب بەربوو، نانی نیوڕانێم خوارد، پەتاتەو ڕوونم لێنابوو، لەگەر ئەو نانەتیریەی کوردی تەماتەی تامەکی تایبەتی دەداو، چایەکم تێکردو دەستم بە تێکدانی کرد، لە پەنجەرەی ژۆرەکەی تەماشای ئەو توولە ڕێیەم دەکرد کە نازە لەگەر چیای برای پێداهاتە مەکتەبێ، وەختەکی لە دەرکەی مەکتەبێ درا، چووم کردەوە، دیتم کوڕەکی جاحێرەو سنیەکی لەسەر دەستیە، سەلامی کردو گۆتی: مامۆستا کفتەم لۆ هینای، ئیساڵلا بە دڵت دەبی، درم نەهات برێم نانم خواردیە، گۆتم: ئەی دەستەکانت خۆشبی و زۆر مەمنون، ئەوە ئی ماری کێیە؟ گۆتی: وەڵلا هی ماڵی چیایە، ئەو تەلەبەی ئەوڕۆ لەگەڵ نازەی خوشکم هاتبوو و وەرتانگرت، نازە گۆتی: مامۆستا گوناحەو کەس نییە نانی لۆ حازرکا، بڕۆ ئەو قاپە کفتەی لۆببە! گۆتم: زۆر مەمنون و دەستی کابانی خۆشبی، کوڕەکە ڕۆیشت و ئەمنیش بە خۆو سنیە کفتەی نازەی چوومەوە ژۆرێ، سفرەکەی سەر سنیەکەم لادا، دیتم کفتەی بە کودیە زەردیە، ئەوجە ئەمن چەندم حەز لێیە، لە خۆشی نازەی کەتمە سەر کفتەیی و قاپەکەم لووسکرد، دەتگۆ حەفت شەوو حەفت ڕۆژە دروونەی دەکەم و ئەو زادی خوایە نەچوویتە زارم، ئاخر ئەتوو تازە دوو نانت بە پەتاتەو ڕوونی خوارد، ئەو هەموو کفتەت کوو خوارد، ئەگەر زگت نەتەقی ئەمن چنیمە! ئەی عەشق مارت وێرانبی، چ دەردەکی دەدەیە پیاوی!
مایتی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color