بوار، نهێنی تۆماركردنی سكاڵا بۆ گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر ئاشكرا دەكات
بوار، تایبەت
دوای كۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەكانی شاری بەغدا و تاڕاددەیەك هێوبوونەوەی دۆخەكە، لە ئێستادا دەوامی لیژنە جیاوازەكانی پەرلەمان ئاسایی كراونەتەوە، هاوكات سەدرییەكانیش ڕازیكراون كە لەڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ پەرلەمان، لە بەرامبەریشدا سەدرییەكان بە چەند مەرجێك ڕازی بوون بەگەڕانەوە، سەرەكیترین مەرجیش ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە ماوەیەكی دیاریكراودا و پیكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتە بەدڵی سەردییەكان، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت بڕیاری كۆتایی لای دادگای فیدراڵییە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەكی تایبەت دەست بوار كەوتوون، دوای كۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەكان چوارچێوەی هەماهەنگی بە نهێنی و لەڕێگەی (هادی عامری)ییەوە پەیوەندی لەگەڵ (موقتەدا سەدر) دروستكردووە و گفتوگۆی ئەوەكراوە كە سەدرییەكان بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان، بۆ ئەو مەبەستەش چوارچیوەی هەماهەنگی گەرەنتی ئەوەیان بە موقتەدا سەدرداوە كە لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە بڕیارێك دەردەكەن بۆ ئەوەی پەرلەمانتارانی دەستلەكاركێشاوەی سەدرییەكان بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەجۆرێك لە جۆرەكان سەرۆكی دادگای فیدراڵیش لە ناوڕۆكی ئەو دانوستانەی نێوان سەدرییەكان و چوارچێوەی هەماهەنگی ئاگاداركراوەتەوە، لەبەرامبەردا سەرۆكی دادگای فیدراڵی داوای ئەوەی كردووە كە گەرەنتی لە (موقتەدا سەدر) وەربگیرێت كە ڕازی دەبن بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان پاشان دەتوانن بڕیارێكی لەو شێوەیە بدەن، بۆ ئەومەبەستەش 28/9/2022 دیاریكراوە دادگا بڕیار لەو بارەیەوە بدات، بۆیە ئەو بەروارەش دیاریكراوە تا كات لەبەر دەست سەدرییەكان كراوەبێت بڕیارێكی یەكلاكرەوە بدەن، ڕازی دەبن یاخود نا.
سەرچاوەكەی بوار، ئەوەشی خستەڕوو، لە گفتوگۆ سەرەتاییەكاندا مەرجی سەدرییەكان بۆ ڕازی بوون بەو دەستپێشخەرییەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەیە كە دەبێت لە ماوەی ساڵێكدا كاربكرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەروەها كابینەی نوێی حكومەتی عێراق پێكبهێندرێت كە بەدڵی سەدرییەكان بێت و هاوكات، وانیشاننەدرێت كە سەدرییەكان خواسی ئەوەیان هەبووە بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان، بۆیە ئەگەر تا 28ی ئەم مانگە سەدر ڕازی بوو پەرلەمانتارەكانی بگەڕێنەوە پەرلەمان، ئەوا دادگاش بڕیارەكەی بەو شێوەیە دەبێت كە بەدڵی سەدربێت، بە پێچەوانەشەوە دادگا سكاڵاكە رەتدەكاتەوە.
دارا سێكانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ بوار ئەوەی خستەڕوو، دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵ هاوشێوەی دەست لەکار كێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر كە ژمارەیان 73 پەرلەمانتارە پێشتر لە عێراق هاوشێوەی نەبووە، لە كاتێكدا دەستلەكاركێشانەوەكەیان پرۆتۆكۆڵە یاساییەكانی بڕیوە بەحوكمی ئەوەی ئەوان لەسەر داوای خۆیان داوای دەستلەكاركێشانەوەیان كردووە. سەرۆكی پەرلەمانیش واژۆی لەسەر كردووە و تەنانەت پەرلەمانتارانی جێگرەوەش شوێنیان گرتوونەتەوە و سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام بەشی دووەمی ئەم دۆسییە دەگەڕێتەوە بۆ ڕاوبۆچوونی دادگای فیدراڵی ئاخۆ ئەم بابەتە هەڵدەوشێنێتەوە یاخود نا.