گرنگ

کەوتنی پردی لەندەن..

2022-09-10

 
کەوتنی پردی لەندەن..
کۆچی دوایی درێژمەوداترین دەسەڵاتداری بەریتانیا
بوار، بەرتیانیا
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی بەریتانیا، بنەماڵەی شاهانە و کۆشکی بەکینگهام، کۆچی دوایی شاژنە ئیلیزابێسی دووەمی لە تەمەنی 96 ساڵیدا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای 70 ساڵ لە فەرمانڕەوایی بەریتانیا و 14 وڵاتی دیکە.
ئەلیزابێسی دووەم لە ناوچەی مایفێر لە لەندەن لەدایکبووە، وەک یەکەم منداڵی دوک و دوچێسی یۆرک (کە دواتر پلەیان بەرزبوویەوە - شا جۆرجی شەشەم و شاژنە ئەلیزابێسی یەکەم). باوکی لە ساڵی ١٩٣٦ بە دەستلەکارکێشانەوەی براکەی، شا ئێدوارد هەشتەم، کەوتە سەر تەختی پاشایەتی، ئەمەش وایکرد ئەلیزابێس ببێتە میراتگر تەختی شاهانە.
لە ٦ی شوباتی ١٩٥٢ ، دوای کۆچی دوایی باوکی، ئەلیزابێسی دووەم چووە سەر تەختی پاشایەتی و لە ٨ی شوباتدا وەک سەرۆکی کەنیسەی ئەنگلیکان و کۆمۆنوێڵس دەستنیشانکرا، هەروەها لە ٢ی حوزەیرانی ١٩٥٣دا تاجی شاژنی لەسەر دانرا، کاتێک لە تەمەنی ٢٧ ساڵیدا بوو و سوێندی خوارد.
لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتیدا، 16 سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گۆڕاون، کە یەکەمیان وینستن چێرچڵ بووە و کۆتا دانەیا لیز تێرێز بوو کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو وەک سەرۆکوەزیران دەستبەکاربوو.
مەراسیمی بەخاکسپاردنی شاژن چۆن دەبێت؟
کۆچی دوایی شاژنی بەریتانیا، دەبێتە کۆتایی سەردەمی درێژترین فەرمانڕەوای مێژووی مۆدێرن، هەروەها پلانێکی باش پێشتر ئامادەکراوە بۆ جێبەجێکردنی بۆ ئاگادارکردنەوەی جیهان لەم ڕووداوە.
کاتێک مردنەکە ڕوویدا، دەبێت پزیشکی شاژن بە شێوەیەکی شەخسی واژۆ لەسەر ئەم هەواڵە بکات، ئەمەش دوای ئەوەی کە پشکنینی تەرمی شاژنی کردووە و دڵنیا بووە لە مردنی.
دوای ئەوە، پزیشکەکە یاریدەدەری یەکەمی شاژن، لۆرد ئێدوارد یۆنگ، لە مردنەکە ئاگادار دەکاتەوە و بەیاننامەیەکی پێدەگەیەنێت، بەجۆرێک یاریدەدەرەکە لەم کاتەدا پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاوە دەکات، و ئاگاداری دەکاتەوە کە پردی لەندەن کەوتووە، ئەم دێڕە بە مانای کۆچی دوایی شاژن دێت.
لێرەدا ئەرکی سەرۆکوەزیران دەستپیدەکات، کە بریتییە لە ئاگادارکردنەوەی خێرای ١٥ حکومەت لە دەرەوەی شانشینی یەکگرتوو، پاشان ٣٦ وڵات و سەرکردەی وڵاتانی کۆمۆنوێڵس.
کاتێک هەواڵی مردنەکە بۆ وڵاتەکان بڵاوکرایەوە، لافیتەیەکی گەورە لە دەروازەکانی کۆشکی باکینگهام کە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرەکی شاژنە هەڵدەواسرێت، ئەم لافیتەیە وەک مۆڵەتێک دەبێت بۆ میدیاکان کە هەواڵەکە بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنن و ماتەمینی دەستپێبکات.
لەم کاتەدا تەرمەکە بە ڕێکارێکی زۆر نهێنی ئامادە دەکرێت، پاشان شا چارڵز، کوڕی گەورەی شاژن و میراتگری تەختی پاشایەتی، ئامادەکاری دەکات تا ئەرکەکانی پۆستە نوێیەکەی بگرێتە ئەستۆ و بەرگی فەرمی پاشا لەبەر بکات.
ڕۆژی دواتر سەرجەم بانکەکان و بۆرسە و دامەزراوە بازرگانییەکان وەک ڕێزێک دەرگاکانیان دادەخەن کارکردن ڕادەگرن.
ڕۆژی دواتر پادشا چارڵزی سێیەم یەکەم وتاری خۆی وەک پاشا پێشکەش دەکات و حکومەتی بەریتانیا و حکومەت و فەرمانڕەواکانی وڵاتانی کۆمۆنوێڵسی ژێردەستی بەریتانیا بەیعەتی دەدەنێ.
ماتەمینی بۆ ماوەی 12 ڕۆژ بەردەوامدەبێت و لەم ماوەیەدا تەرمی شاژن لە قەڵای وێستمینستەر دادەنرێت، دواتر شاژن لە تەنیشت باوکی لە کەنیسە سانت جۆرج بە خاک دەسپێردرێت.
دوای ساڵێکی تەواو لە مردن، ئاهەنگێکی گەورە بۆ شا چارڵز سازدەکرێت کە دەتوانێت لەو ئاهەنگەدا نازناوی شاهانەی نوێی خۆی هەڵبژێرێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color