فەوجەکەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک، لە چەمچەماڵەوە دەگوازێرێتەوە بۆ پردێ
بوار، تایبەت
ئەو فەوجەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ عەبدوڵای کوێخا موبارەک دروستی کرد لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا گواسترایەوە بۆ گوندی شێراوە لەنزیک پردێ.
فەوجەکە کرایە فەوجی ژمارە ۳٥ و خرایە سەر فەرماندەیی کەرکوک، برایەکی عەبدوڵای کوێخا موبارەک بەناوی مەحموود بەپلەی سەربازی عەقید وەکو ئامری فەوجەکە دەست نیشان کراوە. لەماوەی ڕابردووش چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازی دراوەتە فەوجەکە.
فەوجی ۳٥ ی فەرماندەیی کەرکوک لە سەروی ٥۰۰ چەکداری خەڵکی قەزای چەمچەماڵ پێک دێت و لە فێرگەی مەشقی زێرەڤانی لە بنەسڵاوە مەشقیان پێکراوە و پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو دوای پەیوەندیکردنی عەبدوڵای کوێخا موبارەک باژێڕوانی پێشوی چەمچەماڵی بزوتنەوەی گۆڕان بەپارتیەوە دروست کرا.