گرنگ

سەمای_مارەکان

2022-09-26

 
(67)
گەڕاینەوەو ئاغە گۆتی: ئەوە قۆرت چیلێهاتیە؟ مام قەتۆ زەردەخەنەکی کردو گۆتی: چەکدارەکانی توو لێیاندام، ئاغە خۆی وا پیشاندا هیچی نەزانیبی، گۆتی: چەکداری من، کوو چشتی ئەوهایان کردیە، چاویان دەردەینم، لەکێندەرێ و کەینێ لێیاندای؟ مام قەتۆ گۆتی: وەکی بەسەر ماڵی بابی نازەیان دادا، ئاغە گۆتی: ئەوجە ئەتوو لەوێ چت دەکرد؟ مام قەتۆ گۆتی: چووبووم ئامۆژگارییان بکەم و بڵێم واز لە چەکداری بینن و خەریکی کاسبی خۆتانبن، ئەنگۆ دەرەقەتی ئاغەی نایێن! قادراغە بەینەکی بێدەنگبوو ئەوجە گۆتی: هەر ئێستا تڕومبێلت لۆ تەرتیب دەکەم و ڕێت لۆ دەکەمەوە بچیە شاری و سەر لە خەستەخانەکی بدەی، ئەمن ئەو شتەم بە فرسەت زانی، لۆیێ گۆتم: ئاغە، ئەمن و مامەستا شکۆش لەگەری دەچین و سەرەکیش لە مارێ دەدەین، ئاغە بەبێئەوەی تەماشا من بکا، گۆتی: پێویست ناکا، بایز لەگەڵی بچی بەسە! گۆتم: ئاغە زەرورە ئەمەش بچینەوە شاری و سەرەکی لەمارێ بدەین، گۆتی: دەزانم بچن نایێنەوە، کێشکە قۆری گرتم و گۆتی: فەرموو بڕۆو قسەی لە قسەی ئاغەی مەکە! ئیدی ئەمن لەگەر جەماعەتی بە درساردی چوومە دەرێ.
ماری قادراغەمان بەجێهێشت و مام قەتۆ گۆتی: وا تێدەگەم قادراغە مەلای ڕفاندبی، قسەکەی کێشکەی ئەو مەعنایەی دەدا، ئەمن چ قسەم نەکرد، مام قەتۆ گۆتی: دەزانم لۆ بێتاقەتی، چونکە ئاغە نەیهێشت بگەڕێیەوە شاری، خەمت نەبی بەخۆم دەچمە ماڵی توو و ماڵی مامۆستا شکۆی و خەبەری سەلامەتینگۆیان دەدەمێ، گێمەدێ مامۆستا، خێری تێدایە ئیشاڵلا، گۆتی: بە تەمای خوای، خوا ئاسانی بکا، گۆتی: وابزانم پێویست ناکا بچینە ماڵی نادراغەی، چونکە تەئکیدم مەلا لەوێ نییە، گۆتم: ئەگەر نەچین تووشی کێشە نابین، نارێ لۆ نەهاتینە کنەمە؟ گۆتی: کوو وەناڵێی، ئەوانە لە خوایان دەوێ لۆ کێشەکەی، قیڕسی دەچین، بزانین ئەو چ شەکرەکی دەشکێنی.
شۆڕ بووینەوە لۆ ماری نادراغەی، دوو سەیتەرەمان بڕی هەتا گەیشتینە محەی دەستە ڕاستی، ئەو محەی ئاغە کردیە فەڕاش لە مەکتەبێ، هەتا ڕۆژانە ڕاپۆرتی لۆ ئاغەی بنووسی، محە گۆتی: وەرنە ژۆرێ دانیشن، بەران زۆری لەگەڵ ئاغەی مەڵێن و لە کورتی ببڕێننەوە، مام قەتۆ گۆتی: حەزدەکەی هەر بە ئیشارەت قسەی دەکەین محە! محە چ دەنگی نەکردو گۆتی: وەرنە ژۆرێ، چووینە ژۆرێ، نیو سعاتەکی پێچوو، ئاغە هات، بۆنەکی زۆری لێدەهات، بەبۆنەکەی زانیم سەرخۆشە، دیاربوو زۆری خواردبۆوەو هێشتا بەرینەدابوو، مام قەتۆ لچکی جەمەدانی برندکردو لەبن کەپووی قەیمیکرد، ئاغە تەماشایەکی مام قەتۆیکرد، بەران هیچ دەنگی نەکرد، پاشان گۆتی: ئەگەر بەدوو مەلای داهاتینە ئەوە تەئکیدبن لەکنە من نییە، مام قەتۆ گۆتی: کوو دەزانی لۆ هەندێ هاتینە، گۆتی: دیارە ئەمن زۆچم، دەزانم لەکن قادرۆکیش چتان گۆتیە و باسی جتان کردیە، ئەگەر ئەویش نەیناردیە شاری، ئەمن دەتنێرم، باشیش بزانە ئەمن مەلام نەڕفاندیە، خۆ ئەگەر قادرۆك نەیڕفاندا ئەوە ئەمن دەمڕفاند، مەلا زمانی زۆر درێژ بووەو بەناو دەکەوی، لەباتی باسی زەکات و سەرفترەو دەسنوێژ گرتن و شکانی بکا، باسی زوڵم و ستەمی دەکا، قادر ئەگەر پیاوبی مەلای دەکوژی! بەو قسانەی نادراغەی لۆم بەدەرکەت هەردوو ئاغە یەك ئیشیان هەیە، ئەویش بێدەنگکردن و بەکووشتن دانی خەرکی گوندی، مام قەتۆ گۆتی: وەڵلاهی ئاغە مەلا قسەی خێری کردیە، گۆتیتی ئێکدی مەکوژن، خینی ئێکدی مەڕێژن، برای ئێکدیبن، ئێ ئەو قسانە چی خراپە؟ نادراغە هەستاوەو گۆتی: زوو بڕۆ شاری چارەی دەستت بکە، چیدیش قسەی لە قسەی من مەکە!
مایتی.
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color