گرنگ

مەریوانی حاجی جەمال، سەرمایەدارێکی نیشتیمانییە یا سەرمایەدارێکی هەڵتۆقیو؟

2022-09-26

 

مەریوانی حاجی جەمال، سەرمایەدارێکی نیشتیمانییە یا سەرمایەدارێکی هەڵتۆقیو؟

بوار، تایبەت
مەریوانی حاجی جەمال، بە سەرمایەكی كەم‌و دانانی دوو دووكانی فڕن دەستیپێكرد، بەڵام دواتر بازرگانی بە زۆربەی زەوییەكانی سلێمانییەوە كردو لەو رێگەیەوە خۆی كردووەتە سەرمایەدارێكی گەورە. دواتر بووە بەرێوەبەری بەشی فرۆشتنی گەورەترین كۆمپانیای لە سنووری سلێمانی.

لە سلێمانی تەنیا سەرکردە سیاسییەکان نین، ڕۆژێک لە دەسەڵات بن و ڕۆژێکی دیکەش بێ دەسەڵات، بەڵکو بازرگانەکانیش بەهەمان شێوەی سیاسییەکان، ڕۆژێک لە لوتکەی بازرگانی‌و سەرمایەدارین‌و بەبێ ئەوان دارێک لەسەر بەردێک دانانرێت، مەگەر پشکی ئەوانی تێدا بێت یا ئەوان جێبەجێیبکەن، رۆژێكیش دەكەون‌و دەخرێنە پەراوێزەوە.

لە ڕۆژگاری زێڕینی یەکێتیدا و لە سەردەمی مام جەلالدا فاروقی مەلا مستەفا، بازرگانە گەورەکەی شار بوو، هەمووان لێی سودمەند بوون، ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و ڕۆشبیران بەر لە سیاسییەکان سودمەند بوون لەو بازرگانە، كە لە چەندین بواری جیاجیادا وەبەرهێنانی دەكردو هەمووان بە سەرمایەداری نیشتمانی وەسفیان دەکرد، بەڵام ئێستا سەرەڕای بوونی سەرمایەیەكی گەورە، كەوتووەتە پەراوێزەوە، نەك یەكێتی پشتی پێنابەستێت، بەڵكو زۆرجار گەڕی پێدەكەن‌و دەیانەوێت سەرمایەكەی كەمبكەنەوە.

لەدوای فاروقی مەلا مستەفا، سەردەمی بازرگانی هەڵتۆقیوو لەسلێمانی دەستیپێکرد، هەر سیاسییەو بازرگانێکی دەخستە بازاڕەکەو لە پڕ کەسێک دەردەکەوت و لە ڕێگەی پڕۆژەی نیشتەجێبوونەوە دەبوو بەخاوەنی دەیان ملیۆن دۆلار.

دیارترین سەرمایەداری هەڵتۆقیوی سلێمانی لە رابردوو شاسوار عەبدولواحید بوو، کە لە سەردەمی دەسەڵاتداری عومەر فەتاحدا کە سەرۆكی حكومەت بوو لە ئیدارەی سلێمانی، هەرچی زەوی نایابی شار هەبوو پێیدراو ئەویش تەنیا بەبازرگانیکردن نەوەستا، ڕێکلامە بازرگانییەکانی ئیستیغلالکردو لەو ڕێگەیەوە هاتە ناو دنیای سیاسەت و ئێستا جگە لە بەڕێوەبردنی پڕۆژە بازرگانییەکان بۆ سەرکردە سیاسییەکان، وایلێهاتووە حیزبێکی سیاسیش بەڕێوە دەبات‌و خۆشی وەك سەرتۆپی ئۆپۆزسیۆنی ئەو دەسەڵاتە نیشان دەدات، كە لە هیچەوە كردی بە سەرمایەدار.

بەدوای ئەودا، گروپێکی دیکە دەردەکەوتن بەناوی گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان و لەسەردەمی زێڕینی قەیوانیشدا، کە ئێستاش کارەکانی بەردەوامە هەرچی پڕۆژەی ستراتیژی و بازرگانی گرنگ هەیە دراوە بەو کۆمپانیایە، كە سەردەمی زێڕینی ئەو گروپەش لە كابینەی حەوتەم بەسەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح دەستیپێكرد.

لەدوای ناکۆکییەکانی ٨ی تەموزی ساڵی 2021ی ناو یەكێتی نیشتمانی، ئەستێرەی بەختی قەیوان هەر بە درەوشاوەیی ماوەیەوە، بەڵام دوای کەمتر لە ساڵێک کێشە لە نێوان گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی دروست بوو، بۆیە دوای چەندین کۆبوونەوەو بە نێوەندگیری خەڵکی بیانی کێشەکانی ئیدارەی گشتی یەکێتی و گروپی قەیوان بەشێك لە كێشەكان چارەسەرکرا، لەگەڵ ئەوەش هێشتا ململانێ‌و ناكۆكی هەر بەردەوامە.

لەدوای چارەسەرکردنی کێشەکانی قەیوان و سەرۆكی یەکێتی، لە پڕ هەواڵی جیابوونەوەی مەریوانی حاجی جەمال لە گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان، میدیاکانی تەنی، لەلایەکی دیکە کەسانی نزیک لە گروپی قەیوان هەواڵی ئەوەیان بڵاودەکردەوە کە مەریوانی حاجی جەمال، لە پۆستەکەی دوور خراوەتەوە نەک لە قەیوان جیابوبێتەوە.

مەریوانی حاجی جەمال، سەرەتای کارەکانی لە دانانی فڕنی سەمونەوە لە شەقامی سالم‌و بەردەكی سەرای سلێمانی دەستیپێكردووەو ئێستا وەك بازرگانێکی گەورە دەردەكەوێت.

سەرەتای ئاشنابوون و تێکەڵبوونیشی بەکاری عەقارات و زەوی و زار و کاری وەبەرهێنان، دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی ٢٠١٠، كە ئەوکات لە ڕێگای مەلا یاسینی کۆمپانیای بەرێزەوە تێکەڵ بە کارەکە دەبێت و وەک دوو ھاوبەش پێکەوە دەست بەکاری عەقارات و زەوی و زار دەکەن، دوای ماوەیەکیش لە مەلا یاسین جیا دەبێتەوەو بەشێوەی سەربەخۆ کاری عەقارات و زەوی و زار دەکات.

ساڵی ٢٠١٦ مەریوانی حاجی جەمال، لە کۆمپانیای قەیوان وەک بەرپرسی بەشی زەوی و زارو کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دەستبەکاردەبێت، لەو کاتەدا کۆمپانیای قەیوان سەرقاڵی کڕینی زەوی ئەو گوندانەی چواردەوری سلێمانی دەبێت، کە داخلی ناو ماستەر پلانی شارەکە کراون، بەشێوەی دۆنم لە سنوری گوندەکان دەیان کڕی و دواتر لە ڕێی ئیفرازکردنیانەوە پارچە پارچە جیادەکرانەوە و لە بازاردا دەفرۆشرانەوە.

ئەمە دەبێتە هۆی ناسینی بەرپرسانی گروپی قەیوان و مەریوانی حاجی جەمال‌و دوای فراوان بونی نەخشەو ماستەرپلانی سلێمانی و ھاتنە ناوەوەی سنوری ٧٥ گوندی چواردەوری سلێمانی بۆ ناو ماستەر پلانی شارەکە، لە سەردەمی زانای قایمقام لە ساڵی ٢٠١١ و ٢٠١٢ مەریوانی حاجی جەمال، لەو کاتەدا قازانجێکی زۆری لە کرین و فرۆشتنی زەوی ئەو گوندانەدا کردووە و بەشێوەی دۆنم کڕیویەتی و دواتر پارچە پارچەی کردووە و فرۆشتیوتییەوە بەخەڵک‌و سەرمایەیەكی زۆری كۆكردووەتەوە.

ساڵی ٢٠١٦ش مەریوانی حاجی جەمال، بەسەرمایەی نزیکەی ٣ ملیۆن دۆلار چووەتە ناو گروپی قەیوان و كراوە بە بەرێوەبەری بەشی زەوی و زارو خانوبەرەو فرۆشتن لە کۆمپانیاکە.

مەریوانی حاجی جەمال، لە قەیوانیش لەسەر ھەمان بنەمای پێشوو بەردەوام بوو لە کڕینەوەی زەوی بە دۆنم لە گوندەکانی چوار دەوری سلێمانی، لەوانە گوندی قولەرەیسی و شێخ وەیساوا و قڕگەو دۆڵە ڕووت، لەو ڕێگایەوە توانی قازانجێکی زۆر پەیدا بکات، بۆیە دواتر پێویستی بەوە بوو، کە لینکێکی باش لەگەڵ فەرمانگە پەیواندیدارەکانی تایبەت بە زەوی و زار پەیدا بکات، لەوانە فەرمانگەکانی شارەوانی و کشتوکاڵ و تاپۆ.

بەپێی زانیارییەکان، مەریوانی حاجی جەمال لە دوای ڕوداوەکانی ٨ ی تەموزی ساڵی ڕابردوو، زانیاری لەسەر داھات و سەرمایەو پرۆژەکانی کۆمپانیای قەیوان داوە بە سەرۆکی یەکێتی، ئەمەش بوو بە ھۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان بافڵ تالەبانی و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شێخ فاخیرو براکانی، بەو ھۆیەوە ماوەیەک کوردستانیان جێھێشت.

لە ئێستادا مەریوانی حاجی جەمال، خاوەنی پڕۆژەی سولی ڤیو و مایۆرکا ستییە لە سلێمانی و لە ناوەراستی ئەمساڵدا مۆڵەتی دروست کردنی چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون بەناوی پرۆژەی کوردسات تاوەرز لەسەر روبەری نزیکەی ١٠ دۆنم زەوی لەبەرانبەر پارکی ھەواری شار پێدراوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color